نووسینی: جەلال سەعید
وەرزشوانان، یانەی وەرزشی سۆران و تیپە میلییەکان ھەموویان زیاتر لە 15
ساڵە چاوەروانی بەرپرسانی حزبی و حکومی ئەو شارە دەکەن، کەچی ھیچ باکیان بە
وەرزش و وەرزشکاران نەبووە.
لێرەدا لە بری ھەمووان چەند وشەیەک بەتوانج و رەخنە و پێشنیازێک دەوەشینم.
بەو
ھیوایەم وەرزشکاران و وەرزشوانان و یانەی وەرزشی سۆران و تێکرای بەرپرسانی
حکومی و حزبی کە خاوەن توانای بریارن و دەتوانن چارەسەرێکی بە پلە و
گونجاو بۆ وەرزش بکەن.
سۆران شارێکی گەورە و وێرانە لە وەرزش، وێرانە لە
بێ یاریگایی، بێنازە لە خزمەتکردنی وەرزش و وەرزشکاران لە لایەن دەزگاکانی
حکومەت، سۆران چاوی لە بوونی بە پارێزگایە، کەچی خاوەن یاریگایەکی وەرزشی
یان تۆپی پێ نییە، لە کاتێکدا دوو یاریگای گەورەی ھەیە بەڵام ھەردووکیان بێ
کەلکن و ناشێن بۆ ئەنجامدانی یاری تۆپی پێ و ھیچ سوودێکیان بۆ وەرزش نییە.
جەماوەر
و ھاندەرانی وەرزشی بە یانەی وەرزشی سۆرانیشەوە سەبر و تەحەمولیان نەماوە
لە بێ یاریگایی و نەبوونی خزمەتکردنی وەرزش، ھەست دەکەن راستەوخۆ نا
راستەوخۆ زوڵمێکی گەورە لە شارەکە و وەرزشکاران و یانەی وەرزشی سۆران
دەکرێت و کراوە.
دەپرسین لە بەرپرسی یەکەمی ئیداری سۆران ھۆکار چییە لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا یاریگای کۆنی سۆران نۆژەن نەکراوەتەوە؟
باس
لە کۆمپانیا یان بەلێندەرێک دەکرێت بۆ ئەوەی یاریگای سۆران ئامادە و نۆژەن
بکرێت و سوودی لێ وەربگیرێت، وەک دیارە لەلایەن بەرپرسانی شارەکە
رەتکراوەتەوە و رەزامەند نەبوونە لە پێدانی بە کۆمپانیا، کێشە نییە و
ئاساییە رەتکراوەتەوە، بەڵام بە مەرجێک حکومەت لە ماوەیەکی کورتدا ئەو
یاریگایە ئامادە بکات و نۆژەن بکاتەوە تاکو یانەی وەرزشی سۆران و تیپە
میللییەکانیش سوودی لێ وەر بگرن و داھاتەکەشی لە سەدا 50% بۆ یانەی سۆران
بێت، زۆریش ئاساییە لە ژێر چاودێری شارەوانی سۆران بێت و خزمەتگوزار و
پاسەوانیشی لە شارەوانی سۆران بۆ دابین بکرێت.
پێموایە بە 200 ھەزار
دۆلار تاکو 250 ھەزار دۆلار واتە 20 تاکو 25 دەفتەر دۆلار چارەسەری زۆر لە
کێشەکان دەکەن و یانەکەش لە بێ یاریگایی رزگاری دەبێت و سوود و بەھای خۆشی
بۆ وەرزش و خزمەتکردی شارەکە دەبێت.
لە کاتێکدا باس لەمە دەکەم کە ھیچ
سەبر و تەحەمولی نەماوە و دوا کەوتنی ھەر رۆژێک لە چارەسەری ئەو کێشەیە،
کێشە و گرفتی گەورە و زیاتری بەدواوە دەبێت، دواتر گەزینی پەنجەکان ھیچ
سوود و دادی نابێت.
داواکارم ئەوەی باسم کردوە بە ھەندی وەر بگرن وکاری بۆ بکەن، چارەسەریشی زۆر ئاسانە و دەکرێت، ئەگەر ھەول و کۆششی بۆ بدەن.
ھیوادارم
بە زوترین کات جێبەجێ بکرێت و چیتر دوا نەخرێت بۆ ئەوەی یەکەم کەس نەبم لە
پێش جەماوەر و ھاندەرانی وەرزشی لە رێپێوان لە دژی ھەموو بەرپرسانی شارەکە
بە حزبی و حکومییەوە.