دێربی دەڤەری سۆران بەیەکسانبوون کۆتایی هات
وێستگە سپۆرت-
سەردار جەبار "سـۆران
گەڕی چوارەمی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان لەشارەدێی دیانا هەردوو یانەی سۆران و هەڵۆی هاوسنوور بەیەک گەیشتن و یارییەکەش بەیەکسانبوون بە گۆڵێک کۆتایی هات.
گێمی یەکەم یانەی خاوەن ماڵ باشتر دەرکەوتن و چەندجارێک نزیکبونەوە لەهەژاندنی تۆڕی هەڵۆی میوان لێ لە دوا ساتەکاندا سەرکەوتوونابوون لەتۆمارکردنی گۆڵ ، تاوەکو لە خولەکی ۳۹ لەکۆرناڵێکدا و بەسەرێکی جوان ئەیاد حەیدەری هێرشبەری هەڵۆ یانەکەی بەگۆڵێک پێشخست ، پێشکەوتنی هەڵۆکانی دەڤەری بارزان بەگۆڵێک بووە ناونیشانی گێمی یەکەم .
گێمی دووەم عەلی هیلالی ڕاهێنەری هەڵۆ ویستی پارێزگاری لەو گۆڵە بکات تاوەکو یەکەم سێ خاڵ لەم وەرزەی خولەکە دەستبەر بکات هەربۆیەش پلانی یاریکردنی گۆڕی و هێڵی بەرگری یانەکەی تۆکمەتر کرد و بەهێرشی پێچەوانە هەوڵی زیادکردنی ئەنجامەکەی ئەدا ، لەو تایمەیەدا هەردوو یانە بە ئاستێکی مامناوەند دەرکەوتن ، دوای ئەوە نەبەز نەبی ڕاهێنەری سۆران چەند گۆڕانکارییەکی ئەنجامدا بۆ ڕاستکردنەوەی ئەنجامی یارییەکە لەم هەوڵەشی سەرکەوتووبوو دیسانەوە و لە خولەکی ٨٤ لەلێدانی کۆرناڵێکدا زەین عابدین بەلێدانی سەر یانەکەی لەدۆڕاندن دەرباز کرد و گۆڵی بەرامبەری تۆمارکرد .
بەم ئەنجامەش یانەی سۆران لەخانەی سێیەمی کۆمەڵەکەی مایەوە و خاوەنی ٥ خاڵە و هەڵۆکانی بارزانیش بارودۆخۆیان سەختە لەدوا پلەی کۆمەڵەکە گیرساونەتەوە و ۳ خاڵیان کۆکردۆتەوە، لە گەڕی داهاتووشدا یانەی سۆران ڕوودەکاتە شاری کۆیە و ڕووبەری یانەکەی ئەو شارە دەبێتەوە ، یانەی هەڵۆش لە بلێ میوانداری یانەی گارە دەکات.
PM:10:01:06/02/2018
ئهم بابهته 827
جار خوێنراوهتهوه