‌یانەی سیروانی نوێ بڕیاری خۆیدا

وێستگە سپۆرت-


بەهۆی قەیرانی داراییەوە، یانەی سیروانی نوێ بڕیاریدا بەشداری خولی نایابی کوردستان نەکات.

رزگار ساڵح جێگری سەرۆکی یانەی سیروانی نوێ رایگەیاند، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەفین کانەبی، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان و ئاوات شێخ جەناب، سەرۆکی یانەی سیروانی نوێ لە سلێمانی کۆبوونەوە و سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان داوای لە سەرۆکی یانەکەمان کرد بەشداریی خولی نایابی کوردستان بکەین و پاشەکشە نەکەین، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی یانەکەمان، بڕیارمان داوە بەشداریی لە خولەکە نەکەین و ئەم وەرزە پاشەکشە بکەین.

جێگری سەرۆکی یانەی سیروانی نوێ راشیگەیاند، سەرۆکی یانەکەمان بە سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستانی وتووە ناتوانین بەم ماوە کەمە ئامادەکاریی بۆ خولی کوردستان بکەین و بەهۆی قەیرانی داراییشەوە ناتوانین مووچەی یاریزانەکانمان بدەین بۆیە سوورین لەسەر بەشداریی نەکردن لە خولەکە، تەنانەت ئەگەر فیدراسیۆن بڕیار بدات داببەزێنرێینە ریزی یانە پلە یەکەکانیش.

بڕیارە هەفتەی داهاتوو یەکێتی  تۆپی پێی کوردستان تیروپشک بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان بکات، بەڵام تاکو ئێستا ژمارەی یانە بەشداربووەکان دیار نییە.


PM:02:42:28/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 729 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌