ئادار مانگی خۆشی ناخۆشیە بۆ گەلی کورد

‌جەیمس کلێڤەرلی

*ئادار مانگی خۆشی ناخۆشیە بۆ گەلی کورد. من دوو هەفتە لەمەوبەر لەگەڵ ئێوە لە بەریتانیاوە وەک کوردانی هەموو جیهان ئاهەنگی سەری ساڵی کوردیم گێڕا، نەورۆزتان پیرۆزبێت! وە لە ١٦ ی ئادار بۆ یادکردنەوەی ٣٣یەمین ساڵیادی تۆقێنەرترین و دڵڕەقترین کردەوە لە هەڵەبجە خولەکێک وەستام. وە ئاگادارم کە هەر لە ئادار بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٧٠ هەرێمی کوردستانی عێراق ئۆتۆنۆمی بەدەستهێنا.
 
بەڵام من بە دیاریکراوی لەسەر ڕووداوەکانی سالی ١٩٩١ دەوەستم
 

من بەردەوام سەرسام بووم بەو هێزی بەرگریەی کە کوردەکان دژی سەدام حوسێن و هێزەکانی بەعسیان نیشانداوە، بەڵام هیچ گومانی تێدا نیە کەوا ئەم شۆڕشە پێویستی بە گیان بەخت کردن هەبوە.

ژمارەی ئەو کوردانەی بوونەتە قوربانی، ئەوانەی زیندانی کران وە ناچارکران کە ماڵەکانیان جێبهێڵن پێیان باشتربوو لەوەی ڕووبەڕووی توندوتیژیەکی وەحشیگەرایی نادیار ببنەوە، پێویستە هەرگیز لەیاد نەکرێن.

بەریتانیەکان و زۆرێک لە خەڵکانی تر لە جیهان بە ترسەوە سەیری کردەوەی هێزەکانی سەدامیان دەکرد لە هەرێمی کوردستان. سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی بەریتانیا، سێر جۆن مەیجەر، بڕیاریدا نابێت رێگە بدرێت ئەم کارە بەردەوام بێت.
 
لە ڕۆژی سەری ساڵی نوێی کوردی لە ١٩٩١، شانشینی یەکگرتوو درکی بەوە کرد کە ڕابەرایەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات بۆ گەیاندنی وەلامێکی یەکگرتوو بۆ ئەم توندوتیژیە.

بە ڕازیکردنی هاوبەشە ئەوروپیەکانمان بۆ ئەوەی بێنە ناو بازنەکە و جۆن مەیجەر توانی پشتگیری ناتۆ بەدەست بێنێت و ئیدارەی جۆرج بۆشی دووەم ڕازی بکات لە ئەمریکا بۆ ئەوەی کە هاوپەیمانیەتێک دروست بکرێت.
 
ئەم هەوڵانە، لەگەڵ هاتنەناوەوەی فەرەنسا، ئێران و تورکیا وە لە کۆتاییدا ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری ٦٨٨ ی دەرکرد- ٣٠ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ.

ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو کە بووە ئەنجامی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی پەناگەی ئارام/ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی ئاسوودەیی. دۆستایەتی و هەڵوێست لە کاتە هەرە پێویستەکاندا بەدیارکەوت.

بەریتانیا و ئەمریکا و فەرەنسا وە حەوت ئەندامەکەی تر بە شانازییەوە دۆستایەتی کوردیان هەڵبژارد لەو کاتەی کە کورد زۆر پیویستی بەو هەڵوێستە هەبوو.  
 
لە ٦ی نیسان ئۆپەراسیۆنی ناوچەی ئارام دەستپێدەکات، کاتێک فڕۆکەکانی بەریتانیا و ئەمریکا و فەرەنسا دەستیان کرد بە جێبەجێکردنی ناوچەی دژە فڕین لە باکوری عێراق.

لەژێر سەرکردایەتی ئەمریکا، بەریتانیا هێزی زەمینی نارد بۆ پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە و ئاسانکاریکردن بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی، کە زۆربەی هێزەکە پێکهاتبوون لە ماریێزی شاهانە لە ٣ لیوای کۆماندۆز.

تەنها لە ماوەی سێ مانگ، هێزەکانی زەمینی کاریان کرد بۆ ڕەواندنەوەی هەڕەشەکان و دابینکردنی ناوچەیەکی ئارام بۆ کوردەکان بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان و دووبارە بنیاتنانەوەی کۆمەڵگاکەیان.
 
من دەزانم کاریگەری ئەم ئۆپەراسیۆنانە تا ئێستاش هەستی پێدەکرێت لە هەرێمی کوردستانی عێراق. نزیکەی ٢٠ ساڵە کە ڕژێمی سەدام ڕووخاوە و  ئێوە هەرێمێکی هاوچەرخ و سەرکەوتووتان دامەزراندووە.

من ئەمەم بە چاوی خۆم بینی کاتێک کە سەردانی هەرێمی کوردستانم کرد لە دیسێمبەری ڕابردوو. سەرسام بووم، کاتێ چاوم بە سەرکردە کوردەکان کەوت و بینیم کە ئێوە چەندە گەشبین و ئومێدتان بە گەلەکەتانە لەبەرامبەر ئالینگاریە بەردەوامەکان.

ئەو ئومێد و خۆڕاگریە دەسکەوتێکی مەزنە بۆ باشتر بنیاتنانەوە لەدوای کۆڤید وە هەروەک ڕێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغداد بە ئەنجام گەیشت، ئێمە لەگەڵ هەردوولاتان بەردەوام دەبین.

کاتێ کە من لە یەکەم سەردانم و یەکەم دیدارم لەگەڵ سەرۆک وەزیران بەڕێز مەسروور بارزانی، دووپاتم کردەوە کە هەرێمی کوردستانی عێراق چەندە جێگای بایەخە بۆ بەریتانیا و پابەندبوونی خۆمان لە هەوڵەکان وپاڵپشتیمان لە بوارەکانی ئەمنی و بەرگری بۆیان دووپات کردەوە.
 
بەریتانیا، لەوەتەی ساڵی ١٩٩١ ەوە، وەک دۆستێکی گرنگی هەرێمی کوردستانی عێراق ماوەتەوە. کونسڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر لە زۆر باڵوێزخانەکانی بەریتانیا لە سەرتاسەری جیهان گەورەترە وە تیمەکەمان کار لەسەر هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی کۆمەڵگەی کوردی دەکەن. پەیوەستبوون و پاڵپشتیکردنمان بەتایبەت بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.

ئێستا چەندین ئەفسەری هێزەکانی پێشمەرگە مەشقیان پێدەکرێت لە ئەکادیمیای سەربازی شاهانەی ساندهێرست، ئەکادیمیای پێشەنگی جیهانی ئەفسەران لە بەریتانیا.

وە هەروەها تیمێکی هەمیشەییمان هەیە لە هەولێر بۆ پێدانی ڕاوێژی تەکنیکی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بە مۆدێرنکردن و چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە، کە دەبێتە هۆی بەردەوام پاراستنی ئاسایشی هەرێم لە بەرەنگاربوونەوەیان بەرامبەر چەندین نەیار و ئالینگاریەکان.

ئێمە هەرگیز ڕۆڵی پێشمەرگە لەیاد ناکەین کە لە بری هەموومان لە هێڵی هەرە پێشەوەی بەرگری دابوون لە دژی داعش، وە بەردەوام هاوکار بوون بۆ دەرکردنی داعش لە ناو هەموو خاکی عێراق.

ئەمڕۆ، ئەوان وەک هاوبەشێکی گرنگی ئێمە دەمێننەوە بۆ نەهێشتنی هەڕەشەکانی داعش و وە دلنیاییدان کەوا تیرۆریستان ناتوانن بگەڕێنەوە.

لە پێداچوونەوەمان بە سیاسەتی دەرەوە کە لەم دوواییانە ئەنجاممان داوە ڕوونمان کردۆتەوە، ئێمە هەنگاوی زۆر بەهێز و کاراتر دەگرینەبەر لە بواری ئاسایش و بەرگری، کە پارێزگاری لە هەموومان دەکات، وە زیادکردنی شایستەی بواری سەربازی بە ڕێژەی ٢.٢٪ی داهاتی نیشتیمانی.
 
 
ئەم پاڵپشتیە بەردەوام دەبێت، وە من زۆر سوپاسگوزارم کە بە چاوی خۆم بینیم کە چەندە هەرێمی کوردستان و بەریتانیا لەیەکەوە نزیکن. وەک وەزیرێک لە وەزارەتی دەرەوە و گەشەپێدانی بەریتانیا وە بەرپرس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، من دڵنیایی دەدەم کە ئەم پەیوەندی و دۆستیایەتیە هاوبەش و دوولایەنە نزیکە پشتگوێ نەخەم.

بەریتانیا ئێستا قەرزباری کوردێکە- نەدیم زەهاوی، وەزیری پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە بە ڕەچەڵەک کوردە و هاوڕێیەکی نزیکمە، بەردەوام دەبێت لە پێشەنگبوونمان لەسەر ئاستی جیهان لە دابینکردنی پێکوتە.  
 
ئەمڕۆ ساتەوەختێکی گرنگە بۆ یادکردنەوەی کە چۆن بەریتانیا و هاوپەیمانەکانمان یەکیان گرت بۆ دابینکردنی ناوچەیەکی ئارام بۆ کوردەکان کە شایستەی بوون. بە ئەندازەی گرنگی یادەکە بایەخ دەدەم بەو داهاتووە پڕشنگدارەی هەیە لە نێوانماندا.

*جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە وەزارەتی دەرەوە و گەشەپێدانی به‌ریتانیا و ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا


AM:10:54:05/04/2021

ئه‌م بابه‌ته 1860 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی