لە پەراوێزی پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لە هەولێر چۆن بگەڕێینەوە بۆ لای كتێب؟

‌د. سه‌عید عه‌لی محمد

كتێب یەكەم ئامڕازی سەرەکی فێربوونە، ئامڕازی ڕووناكبیریی و وەرگرتنی پایەكانی زانستە، ئامڕازی ئاشنابوونە بە ڕۆشنبیرییە جیاوازەكان، تەنانەت ئایینە جیاوازەكان لەڕێی كتێبەوە هاتوون، سەرجەم ئەوەی بە مرۆڤ گەیشتووە لە زانست و یاسا و ڕێكخستنی ژیان و هۆشیاریی و تێگەیشتن و حاڵی بوون لە دین ودونیاو ئایینەكەی، هەر هەمووی لەنێو چەند كتێب و لەوحەیەكی پارێزراوەوە بۆی دابەزیووە.

كتێب دۆست و هاوڕێی یەكەمی ڕاستەقینەی مرۆڤە، كتێب مەوسوعەیەكی گەورەی بەرفراوانە و، كورتە و پوختەی ئەزموون و بەرهەمی ژیانی ئەدیبەكان و بیرمەندەكان و زاناکان وداهێنەرەکانە! هەر لەڕێی کتێبەوە مرۆڤەكان دەتوانن خۆیان و نیشتمانەكەیان و شارستانیەتەكەیان بینا بكەن و گەشەی پێبدەن، لەسەرتاسەری جیهاندا داهێنەرو عەبقەرییەك نابینی خوێنەر نەبێ و دۆستی گیانی بە گیانی كتێب نەبێت. 

چۆن بگەڕێینەوە بۆ دۆستایەتی كتێب؟  
بەهۆی ئەو گەشەسەندن و پێشكەوتنە گەورە و بەرفراوانەی تەكنەلۆژیا و، ئەو كاریگەرە سەرنجڕاكێشەی كە بەسەر هەموواندا فەرزی كردووە، هەروەها پەرەسەندنی یارییە ئەلیكترۆنییەكان و بەربڵاوی تۆڕە كۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەكان و، چەندان داهێنانی تری گەورەی جیهانی كە هەر هەموویان بوونەتە بەشێكی سەرەكی ژیانی ڕۆژانەی ئێمە، خەریكە كتێب لە زیهن و خەیاڵی نوخبەی ڕوناكبیرو خوێنەر بە گشتی و، گەنج و لاوە تازە پێگەیشتووەكان بە تایبەتی بەرەو نەمان و سڕینەوە و كاڵبوونەوە دەڕوات!

بەڕادەیەك كە ئێستە پرسی وازهێنان لە خوێندنەوە و دووركەوتنەوە لە كتێب بە هەڕەشە و مەترسییەكی گەورە سەیر دەكرێ كە ڕووبەڕووی خێزان و كۆمەڵگە و دەزگاو دامەزراوە پەروەردەییەكان و ناوەندەكانی خوێندن بۆتەوە! 

بۆیە ئێمە هەمیشە ئەم پرسیارانە دەوروژێنین: ئێمە چۆن بتوانین كتێب و خوێندنەوە لای نەوەی نوێ خۆشەویست بكەین؟ چۆن بتوانین جارێكی تر جوانی و رەونەق و گەورەیی و قورسایی بۆ كتێب بگێڕینەوە وەك سیمایەكی جوانی زانست و مەعریفە و ئامڕازێك لە ئامڕازەكانی فێربوون و فێركردن؟ ئێمە چۆن بتوانین خوێندنەوە بكەینە ئەتەكێت و بەشێك لە ژیانی ڕۆژانەمان؟
 
من بڕوام وایە خۆشەویست كردنی كتێب و هاندانی لاوەكان بۆ خوێندنەوە ئەركی چەند لایەنێكە كە ئەنجامی بدەن ، هەر لە خێزانەوە بگرە تا كۆمەڵگە و دامەزراوە پەروەردەییەكان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن و حكومەت و لایەنی دەسەڵاتدار!
 
1-لە خێزانەكانەوە: 
پێویستە خێزانەكان هەر لە سەرەتای تەمەنی منداڵەكانیانەوە، منداڵەكانیان لەگەڵ عادەت و خووی خوێندنەوە ڕابهێنن، ڕاستە ئێستە ئەو ئەركە بەهۆی هەیمەنەكردنی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانەوە ئەندازەیەك سەخت بووە، بەڵام دەكرێ باوكان و دایكان لەبەردەم منداڵەكانیاندا بخوێننەوە، تا ئەوانیش چاو لەوان بكەن و بە تێپەڕبوونی كات لەگەڵ خوێندنەوەدا ڕابێن، هەروەها لە ماڵەكاندا شوێنی ئارام و سەرنجڕاكێش دیاری بكرێ تەنها بۆ خوێندنەوە، پێویستە لە ماڵەكاندا كتێبخانەیەك هەبێ كۆمەڵێك كتێبی سەڕنجڕاكێش و گونجاو لەگەڵ تەمەن و ئاست و حەزو ئارەزووەكانی ئەوان لەخۆ بگرێت! 

هەروەها خێزانەكان دەتوانن لە كۆتایی هەموو هەفتەیەكدا، یان كۆتایی هەموو مانگێكدا هاوڕێیەتی منداڵەكانیان بكەن بەرەو كتێبخانە گشتییەكان بۆ ئەوەی بەرە بەرە حەزو ئارەزووی خوێندنەوە و كتێب و گەڕان بەدوای زانست و مەعریفەدا لە هزرو دڵ و دەروونیاندا بچێنرێ.
 
2ـ لە ناوەندە زانستیی و دامەزراوە پەروەردەییەكانەوە: 
پێویستە ناوەندە زانستییەكان و دامەزراوە پەروەردەییەكان لەسەرجەم قۆناغە جیاوازەكانی فێرخوازییدا بەشێك و وانەیەك تایبەت بكەن بە ئەكتیڤكردنی بواری نوسین و كتێب و خوێندنەوە، هەروەها دەكرێ لەماوەی پڕۆسەی خوێندنی ئەو ساڵەدا چەندین پێشبڕكێی ڕۆشنبیریی لەنێوان قوتابی و خوێندكارەكاندا ساز بكرێ، لەگەڵ ئەنجامدانی چەندین وانە و ڕێكخستنی كۆڕبەندی تایبەت بۆ برەودان بە حەزو ئارەزووی خوێندنەوە و، نیشاندانی ئەو ڕاستییە بۆ لاوە تازە پێگەیشتووەكان كە (خوێندنەوە وکتێب) سەرچاوەی دەوڵەمەندكردنی ژیانێكی سەركەوتوو و پڕ بەختەوەری یە!

لەگەڵ ئەمانەدا دەكرێ قوتابیان و خوێندكاران لە قۆناغە جیاوازەكاندا لەلایەن ناوەندە زانستییەكانەوە و بەشە پەروەردەییەكانەوە هان بدرێن بۆ فێربوونی هونەری نوسین و لێكۆڵینەوە و دیزاینكردنی پەرتووك و كتێبی ئەلیكترۆنی و، بانگهێشت كردنی ژمارەیەك لە نوسەرو قەڵەم بەدەستەكان بۆ سەردان كردنی قوتابخانە و ناوەندەكانی خوێندن ، لەپێناو ئاشناكردنی قوتابیان بە نوسەرو زاناو كەڵە پیاوە گەورەكانی بواری خوێندنەوە و زانست و مەعریفە و نوسین!
 
لەلایەكی ترەوە ئەو دامەزراوە زانستیی و پەروەردەییانە دەتوانن هەندێ گەشتی ڕۆشنبیریی و زانستیی تایبەت ڕێكبخەن بۆ كتێبخانە و پێشانگاكانی كتێب و، ناساندنی ئەم نوخبە گەنجە ئەكتیڤە بە جوانی و بەهای بەرزی كتێب و سوود و دەستكەوتی گەورەی بێ وێنە و بێ سنووری خوێندنەوە! 

3ـ لە میدیا و دەزگاكانی ڕاگەیاندنەوە: 
ئەركی دەزگاكانی ڕاگەیاندن و دەزگا ئیعلامییە گەورەكانە ڕۆڵی گەورە و گرنگ ببینن لە خۆشەویست كردنی كتێب و گەڕاندنەوەی كۆمەڵگە بۆ مومارەسەكردنی خوێندنەوە، لەڕێی كەسانی پسپۆڕو كاریگەرو بەرنامە و پڕۆگرامی تایبەت و، سازدانی هەڵمەتی گەورەو بەرفراوانی ئیعلامیی جۆراو جۆری هۆشیارکردنەوە لەو بوارەدا.
 
4ـ لەلایەن دەسەڵات و دەزگا پەیوەندیدارەكانەوە: 
پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەكان هەر لە وەزارەتی پەروەردە و  وەزارەتی خوێندنی باڵاو وەزارەتی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، گرنگی بە زیادكردنی ژمارەی كتێبخانەكان و ماڵ و دیوەخانە ڕۆشنبیرییەكان بدەن لە سەرجەم گوند و قەزا و ناحیەكان، لەگەڵ دابینكردنی بودجە و توانای دارایی بۆیان، هەروەها سازدانی پێشبڕكێی گەورەی ساڵانە لە بواری خوێندنەوە بۆ چین و توێژی قوتابی و لاوەكان و، ڕێزلێنان لە خوێنەرە بە تواناو نوسەرە بەهرەمەند و نمونەییەكان! 

لەپێناو هاندانی لاوەكان بۆ خوێندنەوە پێویستە دەسەڵات گرنگی بە دەستەبەركردن و ئامادەكردنی كتێب بدات ، ئەو كتێب و بەرهەم و بڵاوكراوانەی كە زیاتر بە حەزو ئارەزوو و داواكارییەكانی ئەوانەوە پەیوەستن، لەگەڵ هەمەچەشنەكردنی كتێب و بڵاوكراوەكان لەنێوان زانستیی و پەروەردەیی و ڕۆمان و مێژوویی و كتێبی وێنەكراو كە یارمەتیدەربن بۆ تێگەیشتن لە بیرۆكەكان بە ئاسانی، هەروەها ئەو بەرهەم و نوسینانەی كە زۆر كاریگەرو زیندوون و حەزی گەڕان و بەدواداچوون دەوروژێنن. 

ماوەتەوە بڵێم: هیچمان لەسەر نیە تەنها نەفەس درێژی و ئارام گرتن نەبێ لەسەر ڕاهێنانی ئەم نەوە نوێ یە لەسەر خۆشویستنی كتێب و هاندانی لەسەر خوێندنەوە، بۆ ئەوەی چیتر مۆبایلەكان و ئامڕازەكانی پەیوەندی و سۆشیال میدیا تەمەنیان بەفیڕۆ نەدات، بۆ ئەوەی داهاتووی ئەوان و كۆمەڵگە و وڵاتیش لە کەوتن و داڕمان و مەترسی بپارێزین! 


PM:04:24:20/04/2024

ئه‌م بابه‌ته 660 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی