لەیادی 126 ساڵەی رۆژنامەگەریدا؛ فەوزای میدیایی تاکوێ

‌رێبین عومەر ‎

زیاتر لە سەدەیەک تێدەپەڕێت بەسەر رۆژی رۆژنامەگەری کوردیدا؛ 126 ساڵ ئەزموون رەنگە بەسبێت بۆ ئەوەی کە گەیشتبینە ئامانجێکی باڵا لە کاری پیشەیی رۆژنامەنوسیدا، ئێستا سەردەم زۆر گۆڕاوە؛ جیهان بۆتە گوندێکی شوشەیی شەفاف ئامرازەکان.

هەمووشت خێرا دەگوازنەوە بەڵام ئێمە لەم فەوزایەدا چاومان لە مۆڕاڵی بەرزو باڵای میدیایی و رۆژنامەگەرییە.
ئیتیکمان گەرەکە کە بەویژدانەوە بدوێت و راستی و وردی و چاوگی راست وەشان بکات.

لە حەقیقەتدا میدیا رۆڵی ئامراز دەگەیەنێت لە گەیاندنی پەیام و روونکردنەوەی راستی و دەرخستنی دیوەتاریکەکانی کۆمەڵگە، میدیا  بەرەهایی ناتوانێت لە سیاسەتی دارێژراوی خۆی لابدات.

بەڵکو پابەندە بە سیاسەتی کاریەوە کە وەک هێڵی شەمەندۆفێرە دەبێت لەسەری بێو بڕوات.
 بەوجۆرە دووفاقییەک هەمیشە وەک دەردو پەتا دووچاری دەزگا میدیاییەکان دەبێت..!
لەو سوڕەدا دەمێننەوەو ناتوانن لێی دەرچن؟!

لە تەعریفی میدیادا وەک چەکی دووسەرە دەبینرێت، خێرو شەڕ، باش و خراپ، تاریک و روون.. زیاتر لەوەش.
لە کوردستانی خۆمان بە تایبەت لەم سێ چوار شارەی هەرێمدا؛ بە ئەندازەی وڵاتێکی پێشکەوتووی  لە رووی ئازادییەوە میدیاو کەناڵ و سایت و پەیجی هەواڵی هەیە.

ئەمەش جۆرێک لە فەوزای میدیایی چێکردووە.
لەم کەشەدا جۆرێک لە فەوزای گەیاندنو پێدانی پەیام بۆ وەرگران دروستبووە.

تاریک و روون لێک ناکرێتەوە حەقیقەت و چەواشە دیارنین کامیان راستن ..!
وەک دیاردەش رۆژانە میدیاو دەزگاکانی زێدەتردەبن؛ بە ئەستەم رۆژنامەنوسێکی راستەقینەو دەزگاو سەکۆی میدیای وابەستە بە ئیتیکی کاری رۆژنامەنوسی دەدۆزیتەوە.

لە گۆرەپانەکەدا مەعریفەی میدیایی ئامادەگی نییە!
وەک بازاری ئازاد هەرکەس نرخێک و بڵندگۆیەکی بۆ دەنگ و پروپاگەندەی تایبەت بە خۆی هەیە.
کارەکە لە رەوتی زانستی لایداوە، وەک پیشەیەکە بۆ  خۆژێنی و جێبەجێکردنی ئەجێندا بوونی هەیە.
لەم بارەشدا رۆژنامەگەری زەرد پەرەی سەندووە و زیاد لە پێویست  گەشەی کردووە.

زۆرکات بۆ دەرخستنی راستی لەم بازارەدا پێویستت بە چەندو چوونی زۆرە تا دەگەیتە سەرچاوەی راست و دروست و دەستی دوور لە ئەجێندا.  

ئەمەش سەرچاوەی گرفتە گەورەکەیە، کە ئێستا هەیەو پێویستی بەرێکخستنەوەیە، تا زیاتر بەربگیرێت بەم فەوزایەی دروستبووەو سەری لە رایگشتی ئەم وڵاتە شێواندووە.  

ئێستا کە 126 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر رۆژی رۆژنامەگەری کوردیدا؛ کاتییەتی رێکخستنەوەی جددی بکرێت بۆ کاری رۆژنامەگەری و پابەندبوونی زیاتر بە مۆڕاڵی بەرزی میدیاییەوە کە خزمەت بە دەسەڵاتی چوارو  گشتی دەکات.






AM:10:37:22/04/2024

ئه‌م بابه‌ته 756 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی