‌ئێن ئاڕ تی هەڵەیە!
PM:04:02:25/01/2019
ئاوات عەلی

گریمان ئێن ئاڕ تی هەڵەیە و نەدەبوایە  توڕەیی هاوڵاتییەکی ئەم هەرێمەی لە قاز و کەڵەشێر دزەکانی دوێنێ و نەوت دزەکانی ئەمڕۆ بڵاوبکردایەتەوە. گریمان ئێمە  چەواشەکارین! بەهۆی بڵاوکردنەوەی هێرشی هاوڵاتییەکەوە بۆ سەر بەرپرسانی ئەمڕۆی وێرانکردنی وڵات و ناشرینکردنی خەباتی دوێنێی شاخ.

گەر ئێمە هەڵەین لە بڵاوکردنەوەی چەند خولەکێکی قسەی هاوڵاتییەکی توڕە و پڕی ئەم هەرێمە، ئەوا ئامادەین لەبەردەم یاسا و دادگادا (سەرەڕای تێبینی و سەرنجەکانمان لەسەری) سزای خۆمان وەربگرین.

پێشمەرگە دێرینەکان لای ئێمە خەباتکاری پیرۆزن و بەهۆی ئەوانەوە میللەتی کورد توانیویەتی ئازادی بەدەستبهێنێت، ئەوانن سیمبولی بەرەنگاربونەوەی زوڵم و زۆرداریبوون لەسەردەمی بەعسدا. بەڵام دوای خۆپیشاندان و هەڕەشەکانیان بۆ سەر ئێن ئاڕ تی داواکارم لێیان وەڵامی ئەم چەند پرسیارە بدەنەوە!

یەکەم: بۆ ئەو بەرپرسانەی دوێنێ کەڵەشێر و قازیان دەدزی و ئەمڕۆش نەوتی میللەت دەدزن خۆیان بەشداری خۆپیشاندانەکەیان نەکرد؟

دووەم: ئەو کاتەی موچەکانتان پاشەکەوت دەکرا و بەسێ مانگ جارێ موچەتان وەردەگرت ئێن ئاڕ تی بوو پشتیوانی کردن یان بەپرسە کەڵشێر و قاز و قەل و نەوت خۆرەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ؟

سێهەم: ئەو کاتەی بەرپرسانی ئەمڕۆ نیوەی خاکی کوردستانیان فرۆشت و دەیان ڕۆڵەی ئەم میللەتەیان بەکوشتدا ئێوە لەکوێ بوون، بۆ خۆپیشاندانتان نەکرد؟

چوارەم: بیرتان لەوەکردووەتەوە وەک چۆن ئێستا موچەی خۆشتان لە نەوتەکە وەرناگرن، ئەوساش لە شاخ کەڵشێر و قازە دزراوەکان هەر بۆ خێمەی بەرپرسەکان بوو نەک ئێوەی خەباتکار؟

پێنجەم: بیرتان لە جیاوازی نێوان ژیانی منداڵ و خێزانەکانی خۆتان و بەرپرسەکانی دوێنێ و ئەمڕۆتان کردووەتەوە؟

شەشەم: لەبیرتانە ئەوەی دوێنێ ئێوە کردتان لەپێناو ئازادی میللەتێکدا بوو؟ ئەمڕۆ مەهێڵن بەکاربهێنرێن بۆ شەڕی سەرکوتکردنی ئازادی!

حەوتەم: پێش ئەوەی بەشداری ئەو خۆپیشاندانە بکەن، چەند ساتێک لەگەڵ خۆتاندا گفتوگۆتان کرد کە ئەمەی دەیکەن بە ویستی خۆتانە یان دووبارە بەرپرسە کەڵشێر و قاز دزەکانی دوێنی و نەوت دزەکانی ئەمڕۆ پێتان دەکەن؟

هەشتەم: زانیاریتان لەسەر ئەوە هەیە کە ئێستاش لەگەڵ بەشێک لەو بەرپرسە نەوت دزانەی ئەمڕۆ و کەڵشێر و قاز دزەکانی دوێنێ، ئێمە لە دادگاین بەهۆی ئەوەی بەڵگە و زانیاریمان لەسەر دزییەکانی نەوت و سامانی میللەت ئاشکراکردووە؟

نۆیەم: بیرتان لەوە کردووەتەوە کە ئەگەر سەروەت و سامانی سەرجەم بەشداربووانی خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ لە پێشمەرگە دێرینەکان کۆبکەیتەوە، ناگات بە سەروەت و سامانی یەک تاکە بەرپرسی کەڵەشێر و قاز دزی دوێنێ و نەوت دزی ئەمڕۆ؟

دەیەم: ئەم ئێوارەیە لە ماڵەوە کە لە شاشەی ئێن ئاڕ تییەوە جارێکی تر خۆتان دەبیننەوە لە مایکی ئێن ئاڕ تییەوە هێرشدەکەنە سەر کەناڵەکە و بە چەواشەکاری دادەنێن، بیرێک لەوە دەکەنەوە کە چەندین ساڵە هەمان لۆگۆ و هەمان کەناڵە بەرگری لە مافەکانی ئێوە دەکات دژی بەرپرسە دزەکان؟

*سەرۆکی دامەزراوەی میدیایی نالیا

هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.