ئەوکاتەی حەقیقەت دەبێتە سیناریۆ!

‌ئاوات عەلی

بەرپرسانی هەرێم نابێ نیگەران بن لەوەی گەر كەسێکیش بەپشتێنی بۆمبڕێژکراوەوە لەناوەراستی شارێکی هەرێمی کوردستاندا دەستگیربکەن و روحی سەدان هاوڵاتی ڕزگار بکەن، بەشێک لە هاوڵاتیان وەک سیناریۆ سەیریبکەن!

قسەکردن لە ئێستادا نابێ لەسەر ئەوەی بێت دانپێدانانەکەی مەلا ئیسماعیل و هێرشەکەی سەر بینای پارێزگای هەولێر سیناریۆ بوو یان نا، بەڵکو دەبێ لەسەر ئەوە بێت بۆ چالاکی هێزە ئەمنییەکان لە لایەن بەشێک لە هاوڵاتیانەوە وەک سیناریۆ سەیردەکرێت.

بەکارهێنانی دەزگا ئەمنییەکان و چالاکی هێزە ئەمنییەکان لە ململانێ سیاسییەکان و کپکردنی دەنگی ئازاد و ئۆپۆزسیۆن و ناڕازی لە دەسەڵات لە پێشوودا، بووەتە هۆکاری ئەوەی دەزگا ئەمنییەکان متمانەیان لای بەشێک لە هاوڵاتیان نەمێنێت و کارە ڕاستەقینەکانیشیان وەک سیناریۆ وێنابکرێت.

هەر وەک چۆن لەپێشوودا هاوڵاتیان نەیانتوانی ئەوە قبوڵبکەن، کە سەردەشتی عوسمانی تیرۆکراو تیرۆریست بێت و تۆمەتی فەرمانی دەستگیرکردنەکەی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا بۆ هێرشکردنە سەر کونسوڵی وڵاتان لە هەولێر ڕاست بێت و هێرشی تیرۆریستان لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات لە سلێمانی سیناریۆ نەبێت، ئاواش ناتوانن ئێستا بە ئاسانی باوەڕ بەهەموو ڕوداوێکی ئەمنی بکەن گەر بەڵگەی تەواویش بونی هەبێت... هەرچەندە هێزە ئەمنییەکان ڕۆڵی سەرەکییان بینیوە لە ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان.

مەترسی بێمتمانەیی لەنێوان دەزگا ئەمنییەکان و هاوڵاتیاندا، هێندەی ئەو توندەڕەو تیرۆریستانەی کە دەستگیرکراون یان لەهەرێمدا دەسوڕێنەوە، مەترسی لەسەر ئێستا و داهاتووی هەرێمی کوردستان هەیە.

ئەمە پرسێکی جدییەو دەبێت دەسەڵاتدارانی ئێستا و داهاتووی هەرێمی کوردستان وەک یەکێک لە مەترسییە گەورەکان سەیریبکەن و پارتە سیاسییەکان لە بەرنامەی هەڵبژاردن و پلانەکانیاندا گفتوگۆی لەبارەوە بکەن و پلانی تایبەتیان بۆی هەبێت.


PM:02:10:03/08/2018

ئه‌م بابه‌ته 1939 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی