پێش ئەوەی بمرین با فێربین چۆن بژین

‌ئاوات عەلی


ئاوات عەلی
ژیان کۆمەڵێک بگرەوبەردەی زۆری تێدایە و لەیەک کاتدا بۆ پێشەوە و بۆ دواوە پاڵت دەنێت، تۆ دەتەوێ شتێک بکەیت، ئەو ناچارت دەکات شتێکی دیکە بکەیت، شتێک ئازارت دەدات کە خۆشت دەزانیت شایەنی ئەوە نییە ئازارت بدات، لە هەمانکاتدا گرنگیی بە هەندێک شتی‌ گەورە نادەی، کە دەزانیت دەبێ گرنگیان پێ بدەیت، ئەمە شتە دژبەیەکەکانن و زۆربەمان گیرۆدەیان بوین، ژیان وەک زۆرانبازییە، بەئەزموونەکان پێیان وایە تا ئەو کاتەی فێرنەبین چۆن بمرین، فێرنابین چۆن بژین و ئەزمونی ڕاستەقینەی ژیان بکەین. بەڵام بەسوود وەرگرتن لە ئەزمونی‌ ئەوان دەتوانین ئەم هاوکێشەیە پێچەوانە بکەینەوە.

کەسانێکی زۆر ژیانێکی بێ مانا دەژین، بەردەوام وەک خەواڵو دەردەکەون، تەنانەت ئەو کاتەش کە پێیانوایە خەریکی کارێکی گرنگن هەر خەواڵون، هۆکاریش ئەوەیە کە بەدوای‌ شتە هەڵەکاندا ڕادەکەن، لە ڕاستیدا مرۆڤ بەوە دەتوانێ مانا بۆ ژیانی‌ بگەڕێنێتەوەو ژیانی‌ تەرخانبکات بۆ خۆشویستنی کەسانی دیکە، بۆ دەوروبەرو کۆمەڵگاکەی، بۆ هێنانە کایەی‌ شتێک کە مانا و ئامانج بە ژیانی‌ ببەخشێت.

ئێمە هەتا لە مردن نزیک نەبینەوە و تەمەنمان هەڵنەکشێت و خەریک نەبێت بمرین کلتورەکەمان هانی‌ ئەوەمان نادات بیر لەم جۆرە شتانە بکەینەوە، ئێمە زۆر بیر لە خۆمان دەکەینەوە، لە ئیشەکەمان، لە خێزانەکەمان، لە پەیداکردنی پارە، لە دابینکردنی قیستی‌ خانوو و شوقە، لەکڕینی ئوتومبێلی نوێ، لە چاکردنەوەی کەلوپەلی ناوماڵەکەمان و لە چەندین شتی‌ دیکەی تایبەت بە خۆمان و ژیانمان، هەر لەبەر ئەمەشە کە ناتوانین بە تەواوەتی‌ ئەزمونی‌ ژیان و زیندویەتی‌ بکەین، هەمیشە خەریکی ئەو شتانەین کە پێمانوایە گەر نەیانکەین ژیانمان تەواو دەبێت، ئێمە بەها و گرنگی پێدانمان دەبەخشینە شتە هەڵەکان، ئەوەش ئەنجامەکەی ژیانێکی چاوەڕوانکراوی فریودەر دەبێت.

بەشێک لە کێشە گەورەکە ئەوەیە هەموومان زۆر پەلەمانە، مانا و مەبەستمان لە ژیاندا نەدۆزیوەتەوە لەبەرئەوە بەردەوام ڕادەکەین بەو هیوایەی بیاندۆزینەوە، پێمانوایە ئوتومبێلی دواتر و خانوییەکی دیکە و ئیشێکی باشتر ئەو مانا و مەبەستەمان پێدەبەخشێت، بەڵام دوا جار کاتێک ئەو شتانە بەدەست دەهێنین سەیردەکەین بەتاڵن و هیچیان تیادا نییە، لەبەرئەوە بەردەوام دەبین لە ڕاکردن.

ئەو کولتورەی هەمانە و لەسەری گەورە بووین وا لە خەڵک ناکات بەرانبەر خۆیان هەستی‌ باش و درووستکەریان هەبێت، بۆیە دەبێت ئەوەندە بەهێز بین کە گەر کولتورەکەمان بەکەڵکمان نەهات قبوڵمان نەبێت، هەموو کۆمەڵگەیەک کێشەی خۆی هەیە، چارەسەر ئەوە نییە لە کۆمەڵگاکە ڕاکەین، بەڵکو دەبێ کاربکەین بۆ دروستکردنی‌ کلتورێکی تایبەت بە خۆمان. گرنگ نییە لە کوێ دەژین گرنگ ئەوەیە کورت بین نەبین. گەورەترین کەموکوڕی ئێمەی مرۆڤ کورتبینیمانە.

بەشێک لە خەڵکی کاتێک قسەیان بۆ دەکەیت، هەر لە بنەڕەتدا گوێت لێناگرن و لە مێشکیاندا چەندین شتی دیکە دەگوزەرێن. مۆبایلەکەیان، فەیسبوک و کۆمێنت و لایکی سەر فۆتۆکانیان، یان بیریان لای خۆشەویستەکانیانە. ئەو کەسانە بەو نا ئامادەییەوە لەگەڵتن کاتێک بیریان دەکەوێتەوە قسەیان بۆ دەکەیت، دەیانەوێت گوێت بۆ بگرن گرنگی بە قسەکانت بدەن، بەڵام تۆ قسەکانی‌ خۆت تەواو کردووە، ئینجا بەسەر هێمای‌ هاوڕایت بۆ دەکەن و دەڵێن وایە وایە ڕاستە یان بەڵی قسەی‌ جەنابتە، بەم شێوەیە دەیانەوێت وا نیشان بدەن کە هەر لە سەرەتاوە ئاگایان لێت بووە.

لەوانەیە بپرسیت ئەی باشە بۆ ئەوەندە گرنگە گوێ بگرم لە کێشەی خەڵکی دیکە؟ خۆم دەست لە مللانێی ئازار و خەفەتی خۆمم، ئیتر خەمی خەڵکیش لەکۆڵنێم؟ بێگومان تۆش ئازار و خەفەتت هەیە و کەمیش نین، بەڵام بەخشین بە بەرامبەرکەت واتلێدەکات هەست بە زیندویەتی خۆت بکەیت، ئوتومبێلەکەت، خانوەکەت، شوقەکەت و ئیشەکەت ئەو هەستەت پێ نابەخشن، ڕوخسار و جوانیت ئەو هەستەت پێ نابەخشن. کاتێک کاتی‌ خۆت دەبەخشیت بە خەڵک، کاتێک دەتوانیت کەسێکی خەمبار دڵخۆش بکەیت و بیهێنیتە زەردەخەنە. ئەو کاتە هەست بە تەندروستبونی‌ خۆت دەکەیت.

هەر هەستێک بگریت، هەستی‌ خۆشەویستی‌ بۆ ژن، هەستی‌ خەفەت خواردن بۆ لەدەستدانی‌ کەسێک، یان هەستی‌ ئازاری نەخۆشییەکی کوشندە، ئەگەر ئەو هەستە لە خۆتدا سەرکوت بکەیت و ڕێگە بەخۆت نەدەیت تاقیبکەیتەوە، هەرگیز ناتوانیت لە خۆتی داببڕیت، چونکە ترسەکەت هێندەی ئەوەندە مێشکتی داگیرکردووە کە ناهێڵێت ئەو کارە بکەیت. لە ئازارەکە دەترسی، لە خەفەتەکە دەترسی، لەوە دەترسی خۆشەویستییەکەت بۆ ئەو شتە یاخود بۆ ئەو کەسە لە دەست بچێ، بەڵام گەر بە تەواوی‌ خۆت بخەیتە ناو ئەو هەستە و هەمووی تاقیبکەیتەوە، ئیدی ئەزانیت ئازار چییە. ئەزانیت خەفەت چییە. خۆشەویستی چییە. تەنها ئەو کاتەش دەتوانیت خۆت داببڕیت لەو هەستە ناخۆشانە کە بەخۆت دەڵێیت من ئەو شتەم ئەزموون کرد و ئێستا دەزانم چییە و چۆنە؟ دەیناسمەوە. دەی ئینجا ئێستا کاتی‌ ئەوەیە ئەو هەستە لە خۆم داببڕم.

زۆر جار تا ڕادەی گریان هەست بە تەنهایی دەکەین و ڕێگەش بە فرمێسکەکانمان نادەین بێنە خوارەوە، لەبەرئەوەی پێمان وایە نابێت بگرین. یان کاتێک هەست بە خۆشەویستییەکی زۆر دەکەین لە بەرانبەر کەسێک، هیچ ناڵێین و لەبەرئەوەی دەترسین وشەکانمان دواتر زیان لە پەیوەندییەکانمان بدات،دوشەکانتان بکەنەوە و خۆتان بە هەستەکانتان بشۆن. مەترسن ئازارتان ناگات ئەوە تەنها یارمەتیتان دەدات. ئەگەر ڕێگە بدەیت ترسەکە بچێتە ناوتەوە و وەک یەکێک لە کراسەکانت لەبەری بکەیت. دوای‌ ئەوە دەتوانیت بە خۆت بڵێت زۆر باشە ئەمە ترسە و تەواو، نابێ بهێڵم کۆنتڕۆڵم بکات. هەمووی ئەوەیە کە دەیبینم پێویست ناکات لە خۆمی گەورە بکەم.

ئەوەی مرۆڤ بە زیندویەتی‌ دەهێڵێتەوە تەنانەت دوای‌ مردنیش خۆشەویستی‌ یە. گرنگترین شت لە ژیاندا ئەوەیە مرۆڤ فێرببێت چۆن خۆشەویستی‌ ببەخشێتەوە و چۆنیش ڕێگە بۆ خۆشەویستی‌ بکاتەوە بێتە ناخییەوە. مردن کۆتایی بە ژیانمان دەهێنێت نەک بە پەیوەندییەکانمان، ئەوەشی پەیوەندییەکانمان دەهێڵێتەوە خۆشەویستییە کەواتە یان یەکترتان خۆشبوێت یان بڕۆن بمرن.

*زۆرێک لە دەقەکانی‌ ئەم نوسینە لە کتێبی (سێشەممان لەگەڵ مۆریی)ی (مێچ ئەلبۆم)وە وەرگیراوە کە هەندێک کەس پێی وایە ئەم کتێبە دیارییەکە بۆ هەموو مرۆڤایەتی.


PM:01:33:26/11/2015

ئه‌م بابه‌ته 5285 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی