ڤیدیۆی چینییەکان و میدیا کلیک خوازەکان

‌ئاوات عەلی

ماوەی چەند مانگێکە جۆرە ڤیدیۆیەکی تر لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاودەبێتەوەو بەشێک لە میدیا (کلیک خوازەکان*) یش بێ بەدواداچوون و ووردبونەوە دەستبەجێ دەیکەن بەهەواڵ. نوێترینیان وێنەی بوک و زاوایەکە کە بوکەکە لەسەر شەقام زاواکە بە زنجیر ڕادەکێشێت لای میدیاکانیش کراوە بە هەواڵ و نوسراوە (بەڤیدیۆ.. بوکێک لەسەرشەقام زاوا بەزنجیر رادەکێشێت).


ئەم ڤیدیۆییە و هەزاران ڤیدیۆی تر ڕۆژانە لە لایەن چیینییەکانەوە بەرهەمدەهێنرێت و وەک ڤیدیۆیەکی ڕووداوی ڕاستەقینە بڵاویدەکەنەوە بەڵام بەهۆی نواندنی خراپی نێو ڤیدیۆکانەوە بە ئاسانی دەناسرێنەوە. ئامانجی ئەم ڤیدیۆیە ڕاکێشانی بینەرە بە تایبەتی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و وێبسایتەکان چونکە هەر کلیکێک بە پارە ئەژمار دەکرێت.


پێویستە ڕۆژنامەنوسی کورد بە تایبەتی ئەوانەی لە دیجیتاڵ میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردەکەن، ووریای ئەم جۆرە ڤیدیۆیانە بن، هەروەها ئاگاداری ئەوەبن کە هەر وێبسایتێکی بیانی هەواڵێکی بڵاوکردەوە دەستەبەجێ نەیکەن بە کوردی بێ چێککردن و بەدواداچوون چونکە نەقڵی کفر لە ڕۆژنامەوانی دا تاوانى لە کفرەکە گەورەترە. ئەم جۆرە ڤیدیۆیانە بە هەڵە ڕۆژانە بەسەر ئەلجەزیرە و سکای نیوز و ئەلعەرەبیە و ئاڕ تی و زۆر شوێنی تر دا تێپەڕدەبێت.


* میدیا کلیک خوازەکان: ئەو میدیایانەی لەپێناو کلیک دا هەموو شتێک بڵاودەکەنەوە راست بێن یان ناراست و شتی تریش



PM:12:31:02/03/2017

ئه‌م بابه‌ته 4065 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی