سەردانی پاپا بۆ سەرزەمینی ئیبراهیم خەلیل

‌ئاریان فەرەج


سەردانی پاپا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، یەكەمین سەردانی یەكەم پاپای فاتیكانە بۆ ئەم ووڵاتە، بۆیە بە سەردانێكی مێژویی دێتە ژماردن و جگە لە رەهەندە ئایینییەكەی، رەهەندی سیاسی و پەیامگەلێكی دیكەش لەخۆ دەگرێ.

عێراق تەنها ووڵاتی شەڕوشۆر و كوشتوبڕوقەیران نییە. میزۆپۆتامیای مێژوویی، نیشتمان و زایینگەی نەبی ئیبراهیم خەلیلە، بابی پەیامبەرانی یەكتاپەرستی و پیرۆز لەلای هەرسێ ئایینی ئیبراهیمی(ئیسلام و كریستیان و جوو)، هەربۆیەش هەڵبژاردنی وەك رووگەیەك بۆ گەیاندنی پەیامی ئاشتەوایی نێوان ئایینەكان، هەلبژاردنێكی دروستە.

ئەم سەرزەمینە بە درێژایی مێژوو، ژینگەی پێكەوەیی ئایینەكان و بەرجەستەكاری ئەو راستییە بووە كە پەیڕەوانی ئایینە جیاجیاكان دەتوانن پێكەوە هەلبكەن، كوردستان لەو نێوەندەدا بەڵگەیەكی بەرچاوە كە ئەو پێكەوەژیانە ئیدامەی پێدەدەرێ و دەچەسپێ و ئەو نەرێت و كەلەپورە دەكرێ قەت نەشێوێ.

شاڵاوی ستەم و راونان و كۆچپێكردن و كوشتوبڕی چەند سالی رابردوو، كە نەك تەنها كریستیان، بەڵكو زۆربەی پەیڕەوانی ئایین و ئایینزاكانی عێراقی گرتەوە، دەستدرێژی بوو بۆ سەر ئەو تەجسیمە میژووییە جوانەی كە نەك تەنها بۆ عێراق، بەڵكو بۆ هەموو مرۆڤایەتی میراتێكی شارستانیی پڕبەهایە و نابێ لەنێوبچێ، ناشبێ ئەو ووڵاتەی كە لانكی ئەو بەها شارستانییە مەزنەیە، دەستی لێبشۆردرێ و لە نێو قەیراندا بۆ چارەنووسی رەش بەجیبهێڵرێ.

پاپا، بەربەدوو ساڵ، لەگەل شێخی ئەزهەری شەریف، وەك مەرجەعی موسڵمانانی سوننە مەزهەب، پەیماننامەی( برایەتیی مرۆڤایەتی) ئیمزا كرد، دیداری پاپا و سەید عەلی سیستانی و زیادكردنی ئیمزای گەورە مەرجەعی موسڵمانانی شیعە بۆ سەر پەیماننامەكە، كریستیان و ئیسلام بەهەردوو مەزهەبەكەیەوە لە ئەركی پیرۆزی لێكنزیككردنەوەی ئایینەكان و رێگریی لە توندرۆیی و ململانیی ئایینیدا، دەكاتە شەریك.

سەردانی كوردستان لە لایەن مەرجەعی كریستانییانی جیهان وهەڵبژاردنی هەولێر بۆ رێوڕەسمی گەورەی سەردانەكە.

جگە لە متمانەپێبوون، نیشاندانی پێزانینی جیهانی مەسیحی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بە گشتی بۆ رۆڵ و هەڵوێستە سیاسی و ئینسانی و كولتورییەكانی گەلی كوردستان لە روداوە تاڵەكانی ساڵانی رابردوودا: رێزنانە لە رۆڵی پێشەنگانەی گەلی كوردستان لە تێكشكاندنی داعشدا كە بەرلەوەی هەڕەشە بێت بۆ سەر پێكەوەژیان و بۆ سەر ئایین و ئایینزا و میللەتانی دیكە و خەڵكی بەلەنگاز و بێ دیفاع، هەڕەشە بوو بۆ سەر خودی ئیسلام و بۆ ناوبانگی ئیسلام كە ئایینی زۆرینەی خەڵكی كوردستانە.

رێزلێنان وهاندان و پشتگیرییە لەو فرە رەنگی و پێكەوەژیانە ئایینی و ئایینزایی و نەتەوەییەی لە كوردستاندا بەرقەرارە، رێزنانە لەو نەرێتەی كە لە هیچ دەور و زەمانێكدا گەلی كوردستانی زۆرینە موسڵمان دەستی لێبەرنەداوە وهەر ئەوەش رێبازی دروستی ئایینی پیرۆزولێبوردەی ئیسلامە.

پێزانینی ئەو باوەشكردنەوە وداڵدەدان و بەهاناوەچوونەیە كە گەلی كوردستان لە رۆژە سەختەكانی كوشتوبر و تۆڵەكاریی مەزهەبی و لە شاڵاوی رەشی داعشدا بۆ كۆی ئەوانەی دابین كرد كە بەرهەڕەشە كەوتن و ماڵ و حاڵیان لێشێوا.

ئامادەیی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە باڵاكانی هەرێم و پیاوانی ئایینی هەموو ئایینەكان و نوێنەرانی پێكهاتەكانی كوردستان بۆ پیشوازیی گەرم و شایستە لە سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی پاپای فاتیكان، تەئكید كردنەوەیەی پابەندیی خەڵكی كوردستانە بە كولتوری پێكەوەژیان و لێبوردەیی ئاینیەوە، گوزارشتە لە تێگەیشتنی میانڕە و سەردەمیانەی موسڵمانانی كوردستان لە ئایینەكەیان، دووپاتكردنەوەی پەیامی ئاشتیخوازیی گەلی كوردستان و نیشاندانەوەی رووی شارستانییانەی ئەم هەرێمەیە بە جیهان.


ئاریان فرەج


AM:11:03:04/03/2021

ئه‌م بابه‌ته 2368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی