سایكس بیكۆ

‌ئاریان فەرەج

سەدساڵ لەمەوبەر، دەوڵەتانی سەركەوتووی شەڕی جیهانیی یەكەم، كاتێ میراتی سەلتەنەتی عوسمانلییان دابەشكرد، بە بێ گوێدانە ئیرادە و وویستی گەلانی پێشتر بندەستی سەڵتەنەت و دوور لە دادگەریی و تەنیا لە دیدی بەرژەوەندییە ئیستعمارییەكانی ئەوكاتی خۆیانەوە، میراتەكەیان بەش بەش كرد و كۆمەڵێ دەوڵەتی بە راستە و قەڵەم دروستكراوی سەركاغەزیان رەسم كرد و ناویان لێنان نیشتمان و بە زۆر بەسەر گەلانی ناوچەكەیاندا سەپاندن. یەك لەو نەتەوانەی لەو كەین وبەینەدا نیشتمان و چارەنوسی لە دەستی خۆیدا نەما و بووە سەربەشی ماڵان، نەتەوەی كورد و نیشتمانی كوردان بوو. نمونەبیەكیش لەو وولاتە بەزۆر دروستكراوانەی كە چەند نەتەوە و ئایین و ئایینزایان پێكەوە و بە تۆپزی تێدا ئاخنی ئەو قەوارەیە بوو كە ناویان نا عێراق. ئەو هەنگاوە ئیستعمارییە كورتبینە ناعادیلانەیە لەو دەمەوە ناوچەكەی كردە سەرزەمینی پێكدادان و نەحەوانەوە و ململانێی بێ كۆتا و غیابی ئۆقرەیی سیاسی و خوێنڕشتن . 

هەر بەوەندەش كۆتایی نەهات و ململانێ نێوخۆییەكانی ووڵاتانی دەسكردی سایكس بیكۆ لە سەرزەمینی ململانیی و ناسەقامگیریی نێوخۆییەوە، بوونە بەرهەمهێنەری توندرۆیی و مۆڵگەی هەراشبونی تیرۆر بە تایبەت پاش ئەوەی پشتیوانی چەندین ساڵەی رۆژئاوای ئەوكات لە سەركوتكاری و داپڵۆسین، ئەو ئارامی و ئۆقرەیەی پێ نەهاتەدی كە پارێزەری بەرژەوەندییە ئابوری و ژیارییەكانی ئەوان بوو لە ناوچەكەدا كە هەر لەو پێناوەشدا سایكس بیكۆیان نەخشاندبوو. لە دوا قۆناغیشدا توندرۆیی و تیرۆر و ناسەقامگیری ناوچەكە بووە هەڕەشەیەكی هێندە جددی كە نەك تەنیا بەرژەوەندییەكانی رۆژئاوا لە ناوچەكەدا خستەبەرمەترسی، بەڵكو تەنانەت ژیان و ئاسایشی رۆژئاواییەكان لە ناو ماڵ و ووڵاتەكانی خۆشیاندا پەلاماردرا. 

ووڵاتانی سایكس بیكۆ نمونەی وەك قەوارەكانی عێراق و سوریایان لێ بەرهەم هات كە هەرگیزا و هەرگیز نەبوونە نیشتمان بە هەموو پێوەرەكانی بەدەوڵەت بوون، شكستیان هێنا و لە هەناوی خۆیانەوە هەڵوەشان وخەڵكەكەی ببڕای ببڕ نەبونە هاوڵاتی و هاونیشتمان . 

كورد كە هاودەنگ لەگەڵ زۆر نێوەندی بڕیاربەدەست و نێوەندی تۆژینەوە و ئایندەبینی جیهانی، باس لە حەتمیەتی هەڵوەشانەوەی نەخشەی سایكس بیكۆ و دوبارە داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەكە دەكات، بەهانە و بەڵگەكەی تەنیا بریتی نییە لە وەی كە سایكس بیكۆ مافی كوردی زەوت كردووە و ئێستا جیهان بۆ خاتری ئەجردانەوەی كورد هەڵیدەوەشێننەوە. بەڵكو پێودانگ و لۆژیكی ئەم پێشنبینییە لەوەوە سەرچاوە دەگرێ كە ئەو سایكس بیكۆیەی كاتی خۆی بەرژەوەندییەكانی رۆژئاوای دابین دەكرد، دوای سەد ساڵ و لە هەل و مەرجێكی دیكەدا مایەی هەڕەشەیە بۆ سەر خودی ئەو بەرژەوەندیانە و بۆ سەر ئاشتی جیهانی و ئاماژەكانیشی روونن . 

كەواتە پێداگیری كورد لەسەر مافی چارەنوس و سەربەخۆیی كە لە سەرینی هەڵوەشانەوەی سایكس بیكۆوە فەراهەم دەبێ، تەنیا پشتئەستور نییە بە خەبات و دەست بازو و نەسرەوتنی خۆی، بەڵكو پشتئەستوریشە بەوەی بەرژەوەندی كورد لە ئازادی و سەربەخۆییدا كە جاری جاران پێچەوانەی بەرژەوەندییەكانی جیهان بوو، ئێستا هاوتەریبە لەگەڵ ئەو بەرژەوەندییانە . بەردەوامیی سایكس بیكۆ وەك چۆن بەردەوامیی بندەستیی كورد و مەحرومییەتی لە مافی چارەنووس، ئەوهاش زیانبەخشە بە بەرژەوەندییە ژیارییەكانی جیهان و ئاشتیی جیهتنی. وڵاتێكی دەسكردی وەك قەوارەی عێراقیش كە سایكس بیكۆ هێنایە وجود، بەرلەوەی سەربەخۆییخوازیی كورد هەڵیوەشێنێ، لە هەناوی خۆیەوە هەڵدەوەشێ.


PM:03:16:16/05/2016

ئه‌م بابه‌ته 4086 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی