‌لە نێوان كورد و بەغدایە
PM:05:26:27/05/2019
ئاریان فەرەج


نەك هەر ئێستا، لەوەتەی كێشەی كەركوك هەیە، كێشەی نێوان و كورد و دەوڵەتی عێراقە نەك نێوان پارتی و یەكێتی، هەوڵی وێناكردنی كێشەی نەتەوەیی و مێژوویی و ئاڵۆزی كەركوك وەك خاڵێكی ناكۆكی نێوان پارتی و یەكێتی نەك كورد و بەغدا، غەدرێكی دیكەیە و لە كەركوك دەكرێ، كەركوك چەقی ململانێ و پرسە نەتەوەیی و میحوەریەكەی كوردە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق، بچوككردنەوەی لە دانان و دانەنانی پارێزگارێكدا، بێ ئەرزشكردنی كێشەی گەورەی كەركوكە. هەوڵدان بۆ لەبیربردنەوەی مێژوویەكی دوردودرێژ تەنها بۆ دیزە بەدەرخۆنەكردنی شازدەی ئۆكتۆبەر، سڕینەوەی زاكیرەی سەدساڵەی تەعریب و تەهجیر و داگیركارییە، نادیدەگرتنی ئەو هەموو قوربانی و مقاوەمەتەیە كە كورد و كەركوكییەكان لە پێناو كەركوك بەختیان كرد، ئەو مقاوەمەتەی حاڵی حازر لە رەتكردنەوەی واقیعی داسەپاوی شارەكەدا بەرجەستەیە، ئەو واقیعە داگیركارییەی تەنیا بە دانانی پارێزگارێكی كورد هەرگیز ئاسایی نابێتەوە. 

كەركوك ئەو شارەی كوردستانە كە نەك ئەگەر پارێزگارەكەی كورد نەبێ، بەڵكو ئەگەر تاكە كوردێكیشی تێدا نەمێنێ هەر كوردستانە، پێداگیری لەسەر كەركوك دەبێ بەو باوەڕە نەگۆڕە پشت قایم بێت، بەڵگەی حاشاهەڵنەگری كوردستانییەتی كەركوك لە مێژوو و جوگرافیا و دیمۆگرافیای شارەكەوە سەرچاوە دەگرێ نەك لە بوونی پارێزگارێكی یەكێتی. كەی ئەم رەوشە نائاسایی و داگیركارییەی كەركوك پێچرایەوە و كۆتایی هات، ئەوكات بوونی پارێزگاری كورد كاریگەریی دەبێت، كەی ئەو بەڵگە حاشاهەڵنەگرانە دانیان پێدانرا، كەی نكۆڵی كۆتایی هات، كەی بە یەكجاری ماددەی سەدوچل پیادەكرا، كە هەموو ئەوەش بە رێكەوتن و لێكگەیشتنی بەغدا و هەولێر دێتەدی نەك پارتی و یەكێتی، ئەوكات كەركوك لەخەم دەڕەخسێ و بوونی دەسەڵاتدارێتی كورد لە شارەكەدا دەبێتە بەرجەستەكاری كوردستانیەتی شارەكە. 

لە راستیدا وەك چۆن بەرَێوەبردن و حوكمڕانیی هەرێم، لێكگەیشتن و رێككەوتنی كورد و كورد دەخوازێ، ئەوهاش ئاسایی كردنەوە و دواتر چارەسەركردنی بنەڕەتیی گرفتی كەركوك، لێكگەیشتن و رێكەوتنی كورد و بەغدا دەخوازێ و تەنیا بە لێكگەیشتنی نێوان كورد و كورد كۆتایی نایەت.


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.