‌پلانی بێ ركابەر
PM:03:22:05/03/2019
ئاریان فەرەج

گوتمان لە ئیختیاری هەمووماندا تەنیا یەك پلان هەیە، (پلان ئەی) بێ ركابەر و بێ بەدیلە، رێی دیكە لە پێش كەسماندا نییە و (پلان بی و سی تا دەگاتە زێت) كوێرەكۆڵانێكی بنبەستراوی بێ هودەیە، یەك بژاردە لەبەردەستە و نابێ بە دوو. چەند دوور بڕۆین، هەر دەگەڕێینەوە.

پرسیار ئەوەیە : جا بۆ وانەبین، تاكەی وانەبین، بۆ جگە لە رێكەوتن، رێكنەكەوتن و پلانی دیكە شك ببەین. ئایا جگە لە پێكەوەیی، كامەيه ئەو پلانەی كە كەمترین خێری كوردستان و تەنانەت ئەو حزبەشی تێدايه كە بەدوایدا وێڵە. مەگەر لە رابردووی دوور و نزیكدا یەك بە یەكمان و هەموومان بە كوردستانیشەوە، ئەوەی بە پێكەوەبوون دەستمان كەوت، بە لێكترازان زیادمان كرد یان لێمان كەمكردەوە، مەگەر راپەڕین جگە لەو دەرس و عیبرەتە، شتێكی دیكەی پێگووتین؟.

لە كاتێكدا تخوبی زۆنەكان وا كاڵ دەبنەوە، سەنگەربەندییە لۆكاڵییەكانی جاران هەڵدەوەشێنەوە، تێكەڵیی ئەركی حوكمڕان و ئۆپۆزسیۆن وا جیادەبنەوە، كوا دەرفەت ماوە لایەنێك بۆ دابینكردنی داواكارییەكانی خۆی، بتوانێ پشتیوانی ئەوانی دیكە بۆ سەنگەگرتن لە بەرامبەرەكەی بەدەستبێنێ؟ مەگەر ئەو سەردەمە بەسەرنەچوو، نەزۆكی خۆی رانەگەیاند؟. لە ئاستانەی قۆناغ و حكومەتێكی نوێی سەرتاسەریدا، چی لەوە باشترە، هیچ لایەنێك جگە لە رێكەوتن، جگە لە ئیختیار لە نێوان بەشداریی حكومەت یان ئۆپۆزسیۆن، هیچ رێگە و بژاردەی دیكەی پێ پەیدا نەبێ. كەس نەتوانێ ئەوی دی نادیدە بگرێ.

كە كار دەگاتە ئەم چركە مێژووییەی كە هیچ لایەنێكمان جگە لە بەدەنگەوەهاتنی بەرژەوەندی كوردستان و خەڵكەكەی كە لە رێكەوتنی حزبە سیاسیەكانیدا بەرجەستەیە، رێگەی دیكە بۆ دابینكردنی بەرژەوەندییەكانمان نەدۆزینەوە، ئیدی كات كاتی پیرۆزباییە لە خۆمان و لە گەلەكەمان. كاتی ئومێد هەڵچنین و دەست لە ناودەست و كاركردنە بۆ ئەجردانەوەی گەلە شایستەكەمان.

هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.