کات درەنگە... تکایە فریاکەون

‌سەردار عەبدوڵڵا

بۆ سەرۆک حزبە سەرەکییەکانی چوار پارچەی کوردستان

وا کۆبونەوەی (G20) دەست پێدەکات و لە پەراوێزی ئەو کۆبونەوەیەدا جۆرەها دیداری گرنگ و چارەنوسساز دەکرێ، لەوانەش سەرۆکی تورکیا کە سەرۆکی بەهێزترین وڵاتانی جیهان دەبینێ. دەنگۆش هەیە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا لە مۆسکۆ سەرۆکی سوریاش ببینێ.

سەرۆکی ڕوسیا بەئاشکرا باسی ئەگەری ڕێککەوتنی نزیکی وڵاتەکەی و ئەمریکا دەکات، و لەپێناوەشدا کیری و لاڤرۆڤ لە جنێڤ سەرقاڵی (لێنان)ی ئەو ڕێککەوتنەن، کە لەوانەیە ژەهری کوشندەی بۆ کورد تێدابێ.
ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگە ئەنجومەنی ئاسایش لە سەر سوریا کۆدەبێتەوە، بۆیە دیمستۆرا بە ئاشکرا باس لە گەڵاڵەکردنی ڕێککەوتنەکە دەکات.

هەر ئەو کاتە لە نیویۆرک کۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بە ئامادەبونی سەرۆکی دەوڵەتانی جیهان ئەنجام دەدرێ.
لە ئێستاوە و لە پشتی پەردە و ئەوەی پێی دەوترێ (مەتبەخ)ی سیاسی، شتەکان ئامادە دەکرێن و چاوەڕوان دەکرێ لەپەراوێزی ئەو کۆبونەوەیەدا بڕیار و ڕێککەوتنیان لەسەر بکرێ.
پێدەچێ ڕوسەکان پەلەیان بێ بۆ ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا پێش ئەوەی هەڵبژاردن بکرێ، لەدواییدا لەم سەرۆکەی ئێستای ئەمریکایان لاوازتر دەست ناکەوێ و، ناشیانەوێ خۆیان بدەنە دەست قەدەری ئەگەری مامەڵەکردن لەگەڵ دۆناڵد ترامپدا.

دەیان دانیشتن و هەواڵی ئاشکرا و ژێربەژێر کە لەم پاتەخت یان ئەو کۆنگرەوە ناو بەناو دزە دەکەن، کە چارەنوسی میللەتەکەمان و نیشتمانەکەمانیان لەسەر وەستاوە، کەچی ئێوە سەرقاڵی مەسەلە لۆکاڵ و لاوەکیەکانن.

ئاشکرایە کە وەک دەیان جاری دیکەش وتومانە: ئەوەی خاوەنی ستراتیژی خۆی نەبێت، دەبێتە خزمەتکاری ستراتیژی ئەوانی دیکە، کە بەشێک لەوانی دیکە، دوژمن و داگیرکەری کوردستانن.
لێرەوە و، پاش دەیان جار ڕووی قسەم دەکەمە ئێوە، تکایە لەبەر خاتری خوێنی شەهیدان و خەونە مەزنەکانیان.. لەبەر خاتری نەوەکانی داهاتومان..

لەو لۆکاڵی و مەسەلە لاوەکیانە گەڕێن و کەمێک بەرز ببنەوە بۆ ئاستی ئازایەتی و مەزنی ئەم میللەتە کە بەرگەی هەموو سەختیەکانی گرتووە کە دواینیان، نەبونی و بێ موچەییە.
کەمێک بەرزببنەوە بۆ ئاستی ئازایەتی و خۆنەویستی کچ و کوڕە ئازاکانمان لە هەمو پارچەکانی نیشتمان، کە تاکە هێزن توانیویانە تیرۆر و وەحشیەتی داعش بشکێنن.

ئەم مانگە زۆر هەستیارە و گۆڕانکاری زۆر گەورە و چارەنوسساز بەڕێوەیە، بۆیە بەپەلە فریاکەون، پێکەوە کۆببنەوە بۆ ئەوەی پلان و ستراتیژێکی هاوبەش دانێن و میللەتەکەمان لەم قۆناغە چارەنوسسازەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، لە مەترسییە گەورەکان بپارێزن و ئەو دەستکەوتە گەورانە وەدست بێنن کە چاوەڕێی یەکڕیزیی و کارایی کاراکتەری کورد دەکات.

کورد ژمارەیەکی زۆر گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بەڵام بەداخەوە یاریکەرێکی خراپە. بۆیە نابێ یەک چرکە بەفیڕۆ بدەن، هەرچی زوە پەلە بکەن ئەگینا دۆخەکە بەجێمان دێڵێ و دەبین بەژێر پێوە.


PM:05:06:04/09/2016

ئه‌م بابه‌ته 4252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی