مارکیز بکوژی ژنانی کوردستان دەناسێتەوە

‌سەردار عەبدوڵڵا

زۆر بەکورتی و سادەیی:
لەگەڵ سزای لەسێدارەدان نیم، بەڵام پێموایە دەبێ سزای هەردو تاوانی تیرۆر و کوشتن لەسەر شەرەف بێ چەندوچون سزاکەیان لەسێدارەدان بێت.

تاوانەکانی ژنکوشتن رێک تاوانێکم بیردەخاتەوە کە گارسیا مارکیز شاکارێکی مەزنی لەسەر نوسیوە و خاتو ئەرخەوانیش لەژێر ناوی "چیرۆکی مەرگێکی ئاشکرا" وەیگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. ئەو رۆمانە کەشوهەوا و پاڵنەرەکانی تاوانی شەرەفمان بۆ ئاشکرا دەکات.

لەوسەری دنیادا و لە ئەمریکای لاتین کچێک بە ناوی "ئەنجیلا فیکاریۆ"، "سانتیاگۆ نەسار" بەوە تاوانبار دەکات کە"تاوانی شەرەف" لەگەڵدا کردوە. ئیدی هەردو برای کچەکە سانتیاگۆ نەسار دەکوژن. ئەم شاکارە هەمو لایەکی هێندە جوانە قسەی زۆر دەوێ، بەڵام سەبارەت بەم باسە کە کوشتنە لەسەر شەرەف، لایەنی یەکجار جوانی رۆمانەکە ئەمەیە:
گومانی زۆر لەسەر ئەسڵی بوختانەکان دەهێڵێتەوە، کە بەشێک لە تاوانەکانی ژنکوشتنیش لەوڵاتی ئێمەدا پەیوەندی بە بوختانی بێبنەما و ناڕاستەوە هەیە.

هەردو برای کچەکە خۆیان لە ناخی خۆیاندا نایانەوێ سانتیاگۆ بکوژن، نەک هەر لە ناخدا بەڵکو تەنانەت جۆرەها رێوشوێنی زەق و ئاشکرا دەگرنە بەر بۆئەوەی هەواڵ بگاتەوە سانتیاگۆ کە ئەمان بە دوایەوەن بۆ کوشتن، بەڵکو خۆی بدزێتەوە و نەکەوێتە بەردەستیان و ناچار نەبن بیکوژن.. بەڵام ئەوە خەڵکی دیکە و کەشوهەوایەکی دڕندەی حاکمە کە ناچاریان دەکات لە دواییدا بە شێوازێکی زۆر تراژیدی دەگمەن سانتیاگۆ دەکوژن.

بەم بۆنەیەوە داوا دەکەم هەمو ئەو رۆمانە بخوێنینەوە و فیلمەکەشی ببینین، چونکە لەوسەری دنیاوە مارکیز لە زۆر نوسەرانی خۆمان جوانتر کەشوهەوای ئەنجامدانی تاوانی قێزەونی کوشتن لەسەر شەرەف ئاشکرا دەکات، لێرەوە دەپرسم چار چیە، کێ دادگایی بکەین و، چی بگۆڕین؟
هەڵبەتە دوبارە دەیڵێمەوە هەمو ئەوانەی بەهۆی شەرەفەوە ژن دەکوژن من لایەنگری سزای لەسێدارەدانم بۆیان، بەڵام داخۆ هەر بەتەنها ئەمە کێشەکە چارەسەر دەکات؟
ئایا دەبێتە هۆی ئەوەی تاوانە نەفرەتیەکەی پارکی دایک دوا تاوانی لەو جۆرە بێت؟
هەڵبەتە دەرکردنی یاسای رون و ئاشکرا لەو بارەیەوە کاریگەریی خۆی دەبێت، بەڵام پێموایە دەبێ ئێمە کار بۆ گۆڕینی ئەو کەشوهەوایە بکەین کە ئەم جۆرە تاوانە قێزەونانە بەرهەم دێنن.

لێرەشەوە سەرنجی هەمو لایەک بۆ مەسەلەیەکی زۆر جەوهەری ئەم تاوانانە رادەکێشم: بەجیا لەهەمو تاوانەکانی کوشتن، لە تاوانی کوشتن بە بیانوی شەرەفەوە بکوژەکان بێگانە و دوژمن و نەیار نین، بگرە موفارەقەی نامرۆیی و ناقۆڵا ئەوەیە کە بکوژەکان خۆشەویستترین کەسی خۆیان دەکوژن.. بۆ چرکەیەکیش وێنا بکەیت کە کەسێک چۆن خۆشەویستترین کەسی خۆی (کچەکەی، ژنەکەی، خوشکەکەی) دەکوژێت، ئینجا بۆمان دەردەکەوێت کە بە جیا لە هەمو تاوانەکانی دیکە بکوژ لەم تاوانەدا نەک هیچی دەستناکەوێ بگرە بە پێچەوانەشەوە پێ دەنێ بە دڵ و ویژدانی خۆیدا بە دەستی خۆی خۆشەویستێکی دەکوژێ کە تەمەنێکی لەگەڵدا بەسەر بردووە بکرێ...ئایا دەتوانین جەنگێکی هەمەلایەنەی درێژخایەنی بێوچان بەرپا بکەین کە هەمو تاوانێکی کوشتن لەسەر شەرەف بکاتە ریسوایی و ، بکوژەکەی وا لێبکات روی نەیەت لەناو کۆمەڵگادا سەربەرز بکاتەوە؟..

لێرەوە دەبێ لە هێزی جادوی ئەو پاڵنەرە بپرسین کە وا لە بکوژێکی وا دەکات خۆشەویستێکی خۆی بکوژێت، ئینجا ئەو جادوە کە خۆی وەهمێکی بێ بنەمای پوچە بەتاڵ بکەینەوە. ئەو کەشوهەوایە، ئەو عەقڵیەتە لەناو بەرین کە پاڵ بە کەسێکەوە دەنێن، یان ناچار دەکەن کەسێک بکوژێت کە لەوانەیە خۆشەویستترین کەسی بێت.. مەسەلەکەش هەر بەتەنها ژن و پیاو نیە، هەندێجار لەوانەیە دایکێک خۆی هاندەری بەهێزی کوشتنی کچەکەی خۆی یان هەر ژنێکی تر بێت، هەڵبەتە لێرەوە هەمومان قوربانی وەهمێکین کە دەبێ بزانین چۆن لەگەڵیدا دەچینە جەنگەوە و دەیبەزێنین، نەک پەنا بەرینە بەر دروشمبازیی و هەڵچونی دەرونی دور لەعەقڵ.

ئێمە لە ئاست ئەم تاوانەدا دەتوانین توڕە بین و هەڵچین، بەڵام دڵنیا بن تاوانی تری لەوجۆرە بەڕێوەن، بۆیە ئەرکمان ئەوەیە نەک شەڕێکی سەرپێی لەگەڵ تاوانێکی دیاریکراو یان تاوانبارێکیشدا بکەین، بگرە ئەمە پێویستی بە بەرپا کردنی جەنگێکی درێژخایەنە لەدژی ئەو عەقڵیەت و کەشوهەوا و فەزا و ژینگەیەی تاوانی ژنکوشتن بە سەربەرزی و شەرەف لەقەڵەم دەدات و نەکوشتنی ژنێک دەکاتە ریسوایی لەسەر کەسوکارەکەی و لەدواییدا ناچاریان دەکات بەدەستی خۆیان ئەندامێکی خۆشەویستی خێزانەکەیان بکوژن.

لێرەوە دەبێ ئامانجی ئەم جەنگە ئەمە بێت:
لەجیاتی ئەوەی نەکوشتنی ژنێک بە بیانوی شەرەفەوە ریسواییەکی گەورە بێت کە کەسێک ناچار بکات خۆشەویستێکی خۆی بکوژێت، دەبێ وا بکەین کە کوشتنی ژن بە بیانوی شەرەفەوە خۆی ببێتە ریسوایی و تاوانێک لە بەرچاوی کۆمەڵگادا کە لە هەموو خیانەت و تاوانەکانی دیکە قێزەونتر و دڕندانەتر سەیر ر ئەمە نەکەین ئەوا بەمنزیکانە ژنی دیکە بە دەستی خۆشەویست و کەسوکاری خۆیان دەکوژرێن و، ئەم گێژاوەش هەروا بەو عەبەسیەت و بێماناییەوە خوێناویتر بەردەوام دەبێت.


PM:09:01:03/10/2015

ئه‌م بابه‌ته 3746 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی