نامەیەک بۆ باوکم لە یادی شەهید بونیدا

‌فایق گوڵپی

رۆژی ١٢-٨-١٩٦٣ لە سەر جادەی نیوان سەیدسادق و هەڵەبجە لە نزیک پردی زەڵم،لەگەل دەستەیەک پێشمەرگەی قارەمانی تردا لە شەرێکی قارەمانانەدا شەهید بویت.

لە بیرم دێت بە چەند رۆژێک پێش ئەوەی شەهید ببیت،دایکم داوای لێکردی واز لە پیشمەرگایەتی بێنیت،دایکم پێیوتی بۆ کێی دەکەیت؟ وازبێنە دەکۆژرێیت و مناڵەکانت هەتیو دەکەون و من بێوەرژن دەکەوم و کەس نیە بەخێومان بکات،تۆش وتت بۆ کوردی دەکەم بۆ کوڕەکەمی دەکەم،بۆ کوڕی کورەکەمی دەکەم.

بابە گیان دایکم راستیکرد تۆ شەهید بویت،من و براکانم هەتیو کەوتین،دایکم بێوەرژن کەوت،بەڵام هەتیوی، من و براکانمی  لە رێگەی کوردایەتی لانەدا،هەر کە گەورەبوین وەک ئەندام و کادری حزبەکان و وەک پێشمەرگە درێژەمان بە رێبازەکەی تۆ ( یان کوردستان یان نەمان)دا.

ساڵی ١٩٨١ برایەکم بو بە پێشمەرگەی حزبەکەی تۆ( پارتی) و شەهید بو،ساڵی ١٩٨٢ تا راپەرینی ١٩٩١ من بومە پزیشک و پێشمەرگەی حزبێکی تر کە خۆی لە حزبەکەی تۆ بە پێشکەوتر دادەنا (یەکێتی)،ساڵی ١٩٨٦ برا بچوکەکەم لەگەل من بو بە پیشمەرگە تا راپەرین مایەوە.

ساڵی ١٩٨٨ لە کیمیابارانی هەلەبجەدا دایکم و براکەی ترم و منداڵەکانی و خێزانەکەی شەهید بون.

لە دوای شەهید بونت وەک قارەمان ناسرایت،هاوسەنگەرە زیندوەکانت تۆیان بینیبو کە فیشەکت پێنەمابو بە خنجەرەکەی دەستت پەلاماری دەبابەکانت داو دەبابەیەکی تر لە دورەوە تەقەی لێکردیت و شەهید بویت،سوپاکەی زەعیم سدیق سەریان لە ئازایەتی تۆ سورمابو،بۆیە تەرمەکتیان لە پردی زەڵمەوە بە شوین دەبابەدا راکێشا بۆ ناو سەیدسادق، بە چلەی هاوین بۆ ماوەی سێ رۆژ تەرمەکتیان لەبەر خۆر هێشتەوە،لەسەر داوای خەڵکی دڵسۆزی سەیدسادق،دوای سێ رۆژ،  سوپا رازیبو تەرمەکەت بە خاک بسپێرن.

دوای شەهیدبونت بویتە مایەی شانازی بۆ بنەمالەکەمان ،لە خۆشی تۆوەهەمومان پاشناوی (گوڵپی) مان هەڵگرتوە.من دەمویست زۆرترین سود بە دۆزی رەوای گەلی کورد بگەیەنم،هەستم دەکرد تۆ زو شەهید بویت،دەمویست لە باتی تۆش خەبات بکەم،بۆیە کە ساڵی ١٩٨١ کۆلێژی پزیشکیم تەواوکرد،دوای ساڵێک بوم بە پیشمەرگەو وەک پزیشک، وەک کادر، هەندێک جاریش وەک پێشمەرگە بەشداری تیکۆشانم کرد.

دوای راپەرین کاتێک بینیم وا سیاسەتی حزبەکانی باشوری کوردستان بەرەو لادان دەروات و لە رێبازی شەهیدان و لە داخوازی خەڵک دوردەکەوێتەوە،کەوتمە بەرەی خەڵک و لەو کاتەوە بەردەوام بەرامبەر بە دەسەڵاتی کوردی نارەزایی نیشاندەدەم،دەمەوێت دەسەڵاتی کوردی بگێرمەوە بۆ سەر رێبازی شەهیدان.

دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان کە بە خوێنی هەزاران شەهیدی وەک تۆ لە دایکبوە،تا دێت لە داخوازی و ئاواتەکانی شەهیدان دوردەکەوێتەوە،ئەوەی کە تۆ بە دایکمت وت بۆ کۆرەکەمی دەکەم و بۆ کوری کورەکەمی دەکەم وا دەرنەچو،ئەوەی تۆ کردت منیش زۆرم خستە سەری، بەڵام دەسەڵات لە لایەن سەرۆک و سکرتیر و رێکخەری حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانەوە قورخ کراوە،کوردستان لە لایەن ئەم دەسەڵاتەوە داگیرکراوە،سامانی ژێرزەمینی کوردستان بە دوژمن بەخشراوە،لە پای ئەو دەوڵەمەندیەی خاکی کوردستاندا،خەڵکی کوردستان خەریکە لە برساندا دەمرن ،دەسەڵاتدارانی هەرێم لە ناو خۆیاندا ناکۆکن،بەرژەوەندی گشتی گەلی کوردیان فەرامۆش کردوە،خەریکی شەرە حزب و شەرە بنەماڵە و شەرە شار و شەرە ناوچەن،دوژمن لەولاوە خۆی بۆ کورد کردوە بە پەتا،کەچی دەسەڵاتدارانی هەرێم پشتیان دەخەنە ژێر پێی دوژمن و لە پەتی قەنارە دەیهێننە خوارەوە و زیندوی دەکەنەوە.

 دەسەڵاتدارەکانی ئەمرۆی هەرێم(بە دەرکروا و راونراوەکانیشەوە ) ئەوانەی تۆ بەتەمابویت لە باتی تۆ خۆیان بە خاوەنی کور و کوری کورەکانت بزانن،خزمەتی دوژمانی کورد دەکەن و دژایەتی تێکۆشانی گەلی کوردی پارچەکانی تری کوردستان دەکەن،ئەگەر کەسێکی وەک منیش بەو هەمو قوربانیەوە خاوەنی مەیلێکی  نەتەوەیی و دیموکراتی بێت و پشتیوانی لە تێکۆشانی گەلی پارچەکانی تری کوردستان بکات،بۆ رازیکردنی داگیرکەرانی کوردستان، بە جاسوس ناوی دەهێنن.

١٢-٨-٢٠١٦
کورە گەورەکەت
د.فائیق گوڵپی
پزیشک و پێشمەرگەی شاخ و شار


PM:02:07:12/08/2016

ئه‌م بابه‌ته 8173 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی