‌با کۆرۆنامان لە بیرنەچیێتەوە
PM:08:42:20/05/2020
فائیق گوڵپی

کە لە زستانی ئەمساڵدا کۆرۆنا بڵاوبوەوە، دڵمانخۆشبوو بەوەی کە گەرمای  بەهار و هاوین، ڤایرۆسەکە سست دەکات و نەخۆشییەکە کۆتایی دێت.

بەڵام وا بەهار هات، پلەی گەرما ٣٠ سلسی تێپەراند، کەچی کۆرۆنا هەر بەردەوامە. لە وڵاتە عەرەبیەکانی وەک سعودیە و میسرو قەتەر و ئیمارات و کوێت، کە لە هەرێمی کوردستان گەرمترن، کۆرۆنا زیادیکردوە و کەمی نەکردووە، لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا کۆرۆنا بەردەوامە یان دوای متبوونێکی کاتی، سەریهەڵداوەتەوە.

لە هەرێمی کورستاندا رێنماییەکانی لە یەکدابڕان و دورکەوتنەوەی خەڵک  لە یەکتری سووککراوە، لایەنی پەیوەندیدار( وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ناوخۆ) بەردەوام داوا لە خەڵک دەکەن خۆیان لە کۆرۆنا بپاریزن رێنمایی تەندروستی پەیرەوبکەن، بەڵام لەبەر ئەوەی خەڵک متمانەی بە حکومەت نەماوە، گوێ بە رێنمایەکان نادەن و خۆیان لە کۆرۆنا ناپارێزن.

من بە گرنگی دەزانم کەسایەتی و رێکخراوی ناحکومی، لەدەرەوەی  حکومەتی هەرێم، لەسەر چۆنیەتی خۆپاراستن و پەیرەوکردنی رێنماییەکان، بە خەڵکی کوردستان بڵێن:

١.کۆرۆنا نەخۆشسیەکی جیهانییە، درۆی بەرپرسانی دەسەلاتی هەرێم نییە، بۆتان هەیە بروا بە بریارە سیاسی و ئیداریەکانی حکومەتی هەرێم نەکەن و رەخنەیان لێبگرن، بەلام ئەگەر دژی رێنماییەکانی خۆپاراستنی کۆرۆنا بوەستنەوە، مافی خۆتان پێشێلدەکەن، زیان بە خۆتان دەگەیەنن، زیان بە دەسەڵات ناگەیەنن.

٢.هەوڵبدەن قەرەبالغی دروستنەکەن، واز لە تەوقەکردن و دەست لەملانێ و ماچکردن بهێنن، تەنها لە دوری دوو مەترەوە بەقسە و بە هێما، سڵاو لە یەکتری بکەن.

٣. لە کاتی کارکردندا بە ماسک دەم و لوتتان داپۆشن، دەستکیش لە دەستبکەن، دەست لە شتومەک و خواردن مەدەن.

٤.منیش لەگەڵ ئەو بریارەی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ناوخۆم کە هەرسێ رۆژەکەی جەژنی پیرۆزی رەمەزان، هاتوچۆ و سەردانی دۆست و خۆشەویستان قەدەغە بکرێت، بۆ ئەوەی بەرکەوتن لە نێوان خەلکدا کەمبکرێتەوە و نەخۆشیەکە بلاوتر نەبێتەوە.

٥.هاولاتیانی بەریز وریابن کە خواردنەوەی ئاو و شلەمەنی، ئەگەر لە زستاندا بۆ بەگژاچونەوەی کۆرۆنا پێویست بووبێت، لە وەرزی بەهار و هاویندا کە پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە، زۆرتر پیویستە.

٥.دەبێت پاک و خاوێنی گشتی و دەستشتن بەردەوامبێت، بەکارهێنانی پاککەرەوەی کحولی بۆ دەست پاککردنەوە بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی دەرفەتی مانەوەی ڤایرۆسەکە لەسەر دەست کەمببێتەوە.

٦.ئەو کەسانەی نەخۆشی تریان هەیە، دەبێت بە رێک و پیێی نەخۆشیەکانیان چارەسەر بکەن، بۆ ئەوەی بەرگری لەشیان لاواز نەبێت و ڤایرۆسەکە پێیاننەوێرێت.





هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.