چاکسازی راستەقینە

‌فایق گوڵپی


لە هەمو ولات و هەرێمیکدا، بنەما سەرەکیەکانی سیاست لە رێگەی دەستورەوە دادەرێژرێن وجێگیردەکرێن، هێچ دەزگایەکی دەولەت  و هیچ حزبێکی سیاسی، ناتوانێت لەو بنەماکانی دەستور لابدات، ئەگەر لایدا، بە تاوانبار و خیانەتکار دەژمێردرێت.

هەرێمی کوردستان دەستوری نییە،سیاسەتی سنوردار و جێگیری نییە، لەبەر بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی خۆیان، بۆ ئەوەی زۆرتری سامان و درێژترین دەسەڵاتیان دەستبکەویت،دەسەلاتدارانی هەرێم نایانەوێت هەریم سیاسەتێکی دەستوری ئاشکرا و جێگیری هەبێت، بۆیە خۆیان لە ئامادەکردنی رەشنوسی دەستور و راپرسی لەسەر دەستور دەدزنەوە.

 سیاسەتی هەرێمی کوردستان بە  رێکەوتنی نێوان حزبە سیاسیەکانی هەرێم دیاریدەکرێت، واتە حزب شوێنی دەستوری گرتۆتەوە، بریاری حزبەکان شوینی برگەکانی دەستوریان گرتۆتەوە، بڕیارەکانی حزب نهێنین، وەک بەندەکانی دەستور ئاشکرا نین، بریارەکانی حزب  کاتین، وەک بەندەکانی دەستور دورمەوداو ستراتیجی نین، بڕیارەکانی حزب لە بەرژەوەندی بنەمالە دەسەلاتدارەکانی هەرێم و دۆستە دەرەکیەکانیاندان، لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا نین، بۆیە لە هەرێمی کوردستاندا سیاسەتی روون و ستراتیجی و سەربەخۆ نییە، سەیری دەمی حزبەکان و دۆستە ئەقلیمیەکانیان  دەکەین، تا بۆنی سیاسەتی رۆژانەی هەرێم بکەن.

پدک وەک حزبی بەدەسەڵات و بە ئەزمونی هەرێمی کوردستان، بۆ پیکهێنانی پەرلەمان و کابینەی ٩ حکومەت، لەگەڵ هەر یەک لە بزوتنەوەی گۆران و ینک دا رێکەوتنی کرد، دوای رێکەوتنە حزبیەکان، پدک وا هەڵسوکەوت دەکات کە هەرێم خاوەن دەستور و یاسای تایبەتی خۆیەتی و بە گوێرەی دەستور و یاسا وەک تاکە حزب حوکمی هەرێم دەکات، گوێ لە رەئی و پێشنیاری دۆستەکانی ناگرێت. 

هەرچی سەرکردایەتی نوێی ینک ە، نەک هەر دەیەوێت بە گوێرەی رێکەوتنە حزبیەکان سیاسەت بکات، بەڵکو دەیەوێت چاو بە رێکەوتنە حزبیەکانی نێوان خۆی و پدک یشدا بخشیننەوە، لەبەر ئەوەی وایبۆدەچیت لە رێکەوتنی پێش کۆنگرەی چواری ینکدا، کە بە رابەرایەتی سەرکردایەتی پێشوو کراوە، ینک سازشی بۆ پدک کردوە، بۆیە سەرکردایەتی نوێی ینک هەر رۆژە و بە فشارێکی سیاسی دژی سیاسەتی پدک دەوەستێتەوە.

ئەگەر لە هەرێمی کوردستاندا دەستور هەبوایە و سیاسەت جێگیربوایە، پدک و ینک و هیزەکانی تریش، نەیاندەتوانی بەو شێوەیە بە ئارەزووی خۆیان، بۆ بەرژەوەندی خۆیان،بێ رەچاوکردنی بەرژەوەندی خەڵک، هەر رۆژە و سیاناریۆیەکی سیاسی  دابرێژن و گاڵتە بە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بکەن.

خەڵکی کوردستان بە تەواوی لەم جۆرە سیاسەتەی دەسەلاتدارانی هەرێم بێزاربووە، دەزانێت ئەم جۆرە سیاسەتە زیانبەخشە و هیچ خەیرێکی بۆ خەلک نییە ، بەڵام نازانێت چۆن روبەروی ئەو جۆرە سیاسەتە بوەستێتەوە.

ئەگەر خەلکی کوردستان سەیری سیاسەتی عێراق و دەستوری عێراق بکات، دەبینێ سیاسەتی عێراق لەسەر بنەمای برگەکانی دەستوری عێراق دارێژراوە، بە گوێرەی رێکەوتنی حزبە دەسەلاتدارەکانی عێراق دانەرێژراوە، بۆیە  تارادەیەک سیاسەتی عێراق درێژخایەن و جێگیرە، حزب یەک جار، تەنها لە دەستنیشانکردنی پاڵیوراوانی پەرلەمان و ئەندامانی کابینەی حکومەتدا رۆڵی هەیە، دوای ئەوە حزبەکان لە حوکمرانی دوردەکەونەوە تا هەڵبژاردنێکی تر خۆیان مت دەکەن، وەک حزبەکانی هەرێمی کوردستان  نین خۆیان لە ناو پەرلەمان و حکومەت و دادگا و راگەیاندن و ئابوری ولاتدا  نوقم کردبێت بۆئەوەی بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان بهێنن.

کۆتاییهێنان بە سیاسەتی رۆژانە و ناجێگیری حزبایەتی هەرێم، دورخستنەوەی  دەستی حزب لە  دەزگاکانی حوکمرانی، چاکسازی راستەقینەیە، ئەوەش بە ئامادەکردنی  رەشنوسی دەستور و راپرسی لەسەر دەستور جێبەجێدەکرێت .
فایق گوڵپی 
١١-٥-٢٠٢٠


AM:10:18:15/05/2020

ئه‌م بابه‌ته 1536 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی