مردنێکی گەورە

‌فایق گوڵپی


لەسەر ئاستی کوردستان و ناوچەی رۆژهەلاتی ناوەراست، مام جەلال سیاسیەکی گەورەو کاریگەر بو،رۆژی مردنەکەشی بە هێندەی تەمەنی خەباتەکەی کاریگەر بو.

خەم و خۆشەویستی خەڵکی کوردستان بۆ کۆچی دوایی سەرکردەیەکی، کە هەمو توانای بۆ ماف و ئازادی گەلەکەی بەکارهێنا،نیشانەی ئەوەیە کە گەلی کورد نیشتمان و نەتەوە و سەرکردەی خۆی خۆشدەوێت و رێزی لێدەگرێت،بۆیە ئەرکی لایەنە بەرپرسەکانی هەرێمی کوردستانە کە رێز لەو گەلە بگرن و گوێ لە داواکاریەکانی بگرن و چیتر مافەکانی پێشێل نەکەن.

پێچانی تەرمی مام جەلال بە ئاڵای کوردستانەوە و هەڵنەکردنی ئاڵای عراق لە فرۆکەخانەی سلێمانی، نیشانیدا مەراسیمی بە خاکسپاردنی مام جەلال، رۆژی راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەبێت.

گفتوگۆی نێوان کاک مەسعود بەرزانی و دو سەرکردەی عراقی لە پەراوێزی مەراسیمی کۆچی دوایی مام جەلالدا،لەسەر ئەنجامەکانی رفراندۆم ،هەنگاوی یەکەمی دەستپێکردنی گفتوگۆی نێوان عراق و هەرێمی کوردستان بو بۆ سەربەخۆیی کوردستان.

کاتێک سەرۆک و جێگری سەرۆکی پەرلەمان (د.یوسف و د.جەعفەر ئیمنکی) لە فرۆکەخانەی سلێمانی پێکەوە تاجەگوڵینەی پەرلەمانیان خستە سەر تەرمی مام جەلال،هەنگاوی یەکەمی کردنەوەی گرێکوێرەی نیوان پارتی و گۆران دەستیپێکرد،ئەوەش سەرەتایەکی باشە بۆ ئاشتەوایی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا.

بەشداریکردنی جدی هێزە سیاسیەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان لە مەراسیمی کۆچی دوایی مام جەلالدا،هەنگاوێکی تر بو بۆ نزیکبونەوەی گەلی کورد لە یەکتری و رێخۆشکردن بو، بۆ یەکێتی نەتەوەیی و کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان.

ئامادە نەبونی نوێنەری حکومەتی تورکیا لە مەراسیمی بە خاکسپاردنی مام جەلالدا ،نیشانیدا کە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا سیاسەتێکی شۆڤینیە و لەگەڵ پێوانەکانی سەردەمدا ناگونجێت.
د.فائیق گوڵپی ٧-١-٢٠١٧


PM:08:18:08/10/2017

ئه‌م بابه‌ته 4893 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی