گەورەتر لەكەوتنی گەنجە شیكپۆشەكان!

‌سلێمان عەبدوڵا یونس



هەن بڕوایان وایە كابینەی هەشتەم كابینەی بەدبەختی خەڵك بوو، هەشن پێیانوایە، كابینەی كەوتنە لێژی گڵۆڵەی بەختی سیاسی نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی بوو، وەك دوو گەنجی شیكپۆشی میراتگر لەناو حزبۆكڕاتیەتی خانەوادەییدا.

ئەرێ بەڕاست كەوتنی كابینەی هەشتەم، بەتەنها كەوتنی رێبەرە گەنجەكانی دەبێت، یان سەرەتای كەوتنێكی زەبەلاحتر دەبێت كەئەویش كەوتنی ئەم جۆرەیە لەحزب و حزبۆكڕاتیەت، كە پارتی و یەكێتی سەركردایەتی دەكەن؟.

ئایا ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت بەتەنها قەیرانی نەبوون و بەنیووەو بە چارەگ كردنی مووچەیە؟. بەتەنها سكانداڵی دیارنەمان و ئاودیوكردنی ملیارەها دۆلاری سەروەتی گشتی ئەم وڵاتەیە؟ یان كۆستەكە بەتەنها بریتیە لەمەرگی بەلێشاوی هاونیشتیمانیان لەدەریای ئیجەدا؟ یان كەوتن و مەرگە حەقیقیە لەئەسڵدا گەورەترەو، كەوتن و مردنی ئەم ستایلەیە لەحزب و حزبۆكڕاتیەت كە لەناوەڕاستی شەستەكان و لەسەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا، پارتی و یەكێتی وەك دیفاكتۆ، بەشەڕو ئاشتی و بەدابڕان و هاوپەیمانێتی ستراتیژی لەناو خوێن و جەبەڕووتدا، دروستیان كرد!

باشتروایە رێبەرانی حزبۆكڕاتیەتی كوردی باش سەرنجی دۆخەكە بدەن و تێبگەن چ كارەساتێكی هەمەچەشن لەبەردەمدایە! ئاخر ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت گەورەترە لەنابووتبونی ناوبانگی گەنجە شیكپۆشەكانی ماڵباتە سیاسیەكان. گەورەترە لەڕووخانی كابینەیەكی وەزاری و گەورەترە لەداڕمانێكی دارایی و گەورەترە لەنەمانی پارەی كاش و نەختینە!

بەكورتی ئەگەر باش پێشی نەگیرێت، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت دروست سەرەتای مەرگ و تراژیدیای سیستمێكی سیاسیە سەرەتای پێدانی نامەی ئەعمالی ئەم فۆڕمەیە لەحزب و حزبۆكڕاتیەت كە لەگەڵ پارتی و یەكێتیدا گۆڕان و ئیسلامیەكانیش بەڕێژەی جیاوازتر بكەر بوون تیایدا!


AM:10:16:07/02/2016

ئه‌م بابه‌ته 3723 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی