وەک یەکێتی چی بکەین؟

‌سلێمان عەبدوڵا یونس


لەکاتێکدا هەموان بۆ چارەی قەیرانەکانی هەرێم چاویان بڕیوەتە یەکێتی، بەڵام ئەویش؛ مونتەلای کێشەکانی (خاوەندارێتی) و (خۆبەڕێوەبردنی) خۆیەتی، کەلەدوای نەخۆشکەوتنی مامجەلالەوە بەدەستیانەوە گیرۆدە بووە.

لەڕاستیدا، هەلومەرجێکی بابەتی زێڕین بۆ یەکێتی هاتۆتە پێش، بۆ ئەوەی فریای (خەڵک) و ( دیموکراسیەتی هەرێم) و (ڕکابەرە کۆن و نوێکانیشی بکەوێت کەپارتی و گۆڕانن) و بشێت ڕۆڵی هێزە بەرپرسیارە زیندووەکەی جارانی مام جەلال بگێڕێتەوە!

ئێستا وادەیەتی، جەمسەرەکانی ئەو هێزە؛ بزانن وەک یەکێتی، دەبێت چی بکەین ؟! وادەیەتی بزانن، چۆن بڕیارێکی مێژوویی بدەن و دڵی جەماوەرە دڵسۆز و زیندووەکەی یەکێتی خۆش بکەن و (قەیرانی بەڕێوەبردن) و (پرسی خاوەندارێتی ئەو حزبە) بەسازانی ناوخۆیی یەکلایی بکەنەوە و لەسلێمانیەوە دەست پێبکەن و باڵانسی هەرێم، کەلەڕووی (دارایی) و (ئەمنی) و (دامەزراوەیی) و (بەڕێوەبردنەوە)بەلای پارتیدا لاسەنگ بووە، بەقازانجی دیموکراسی و بەقازانجی بەرژەوەندیە باڵاکانی کۆمەڵانی خەڵک، راست بکەنەوە.

لێرەدا گرنگە جەمسەرەکانی یەکێتی تەکبیری زووبەزوو بکەن و لەو راستیە بگەن،کەدرێژە کێشانی قەیرانەکانی هەرێم، هەتا سەر، لەجوغزی بەریەکەوتنی پارتی و گۆڕاندا نامێنێتەوە. چونکە دواجار بەردەوامبونی بەریەکەوتنی ئەوان، دەتوانێت بەریەکەوتنی باڵەکانی یەکێتی و دوولەتبونی ئەو هێزە مێژووییە گرنگەشی لێبکەوێتەوە، کەلەزۆر جومگەیەوە (ئەمنی قەومی) و (بەرژەوەندی گەل) و (یەکپارچەیی هەرێمی کوردستانی) پێوە بەندە!


PM:10:42:18/11/2015

ئه‌م بابه‌ته 3492 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی