‌ئاری بابان لە ئاسمانێکی ڕوتەڵەدا
PM:10:45:26/12/2020
خاليد سلێمان


ئاری بابان، خەمێکی زۆری لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبو: خەمی شەهیدبونی برایەکی بەدەستی بەعسیەکان، خەمی سوتانی تابلۆو کتێب و ئەرشیفێکی گەورە لە ماڵەکەیدا، خەمی پچڕانی پەیوەندی نێوان هونەرو بینەر، خەمی ئەوەش تابلۆی هونەرمەندانی کورد لە شوێنە گشتیەکاندا نمایش بکرێن و بەشێک بن لە پەیوەندی ڕۆژانە لە ئاستی و بینین و تێڕاماندا. بەڵام ئەو لە ژێر ئازاری نەخۆشی شێرپەنجەدا بەجێی هێشتین و خەمەکانیشی لەگەڵ خۆیدا پێچایەوە، ئیتر ناپرسێت بۆ پیشانگەی هونەری شێوەکاری لە کوردستاندا نەماوە؟

باسی ئەوەش ناکات کە لە قاوەخانەو ڕیستۆرانت و هۆتێل و دەمەزراوەکانی کوردستاندا تابلۆی هونەرمەندان نابینرێن، مۆزەخانەیەکی نیشتمانییش نیە شاکاری هونەرمەندان لە سوتان و لەناوچون بپارێزێت. 

ئاری بابان، خاوەن دیدێکی قوڵی فیکریی بو بۆ هونەر، لە ژینگەی کاری هونەرییەوە بۆ فیگەرو کاراکتەرو پەیوەندییەکانی ناو تابلۆی دەڕوانی و دور لە دیدی میکانیکیی ئیشی دەکرد. ئەتوانم بڵێم لە کاری هونەریی ئاریدا، ئیکۆ-سیستم واتە ژینگەیەک هەبو هەمو شتەکانی تیا کۆدەکردەوە؛ هەمان ئیکۆ-سیستمیش سەرچاوەی ئیشەکانی بو. هەرچەند تابلۆکانی لە کەشێکی ئەبستراک (تەجرید)دا خۆیان دەبینییەوە، بەڵام پەیوەندییەکی قوڵ بە ژینگەی کۆمەڵایەتی مرۆڤی کوردەوە گرێی دەدان. وەک ڕۆژنامەنوس بەڵێن ئەحمەد دەڵێت، ئەو وێنەی خەمی مرۆڤەکانی بەرز دەکردەوەو دەیگەیاندنە ئاسمان. لە ڕاستیشدا وابو، ئاری جەستەی مرۆڤەکانی لە گۆشت دادەماڵاندو دەیکردنە ئێسکی درێژکراوە بۆ ناو تێڕامان لە بۆشاییدا. ئەو لە دیدگای مناڵێکەوە تابلۆکانی بنیاد دەنا، چونکە مناڵ وەک خۆی دەڵێت، پێش ئەوەی وێنەی دارێک بکێشێت بیر لەو شتانە دەکاتەوە کە لە دەروبەری دارەکەن و ژینگەکەی پێکدەهێنن، هەتاو، ئاو، چیاو ژینگەی دارەکە بەگشتی. 

زۆرجار، ئاری پەیوەندییەکانی پێچوانە دەکردەوە، دارێکی ڕوتەڵەی دەکرد ژینگەی مرۆڤێکی زەبەلاحی شێواو، ئەمەش دور نەبو لەو ژینگە کەرکوکییەی ئەو تیایدا پەروەردە بو، کە تیایدا کەرەستەو شتەکانی ڕۆژانەی مرۆڤ دەبونە شتی ڕوتەڵەی ڕەمزی، تەنانەت ماڵیان تیا نابینرێت. بە دەگمەن تابلۆکان مرۆڤ دەخەنە ناو ژینگەیەکی سەقامگیر؛ یان با بڵێین ژینگەی ماڵەوە. بەردەوام ئاسمانێکی کراوەی پڕ لە دڵەڕاوکێ لە ڕوبەرێک نادیارو بێ ناسنامەندا ئاوێتەی ئێسکی فیگەرەکان دەبن.

لە ژمارەیەکی دیاری کارەکانیدا، ئاری لەسەر جەستەی ژن دەوەستێت و دەیەوێت بێدەرەتانیی ژنی کورد بخاتە ناو ڕوبەری بیرکردنەوە لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و دەوروبەر.  لەم ئاستەشدا بابان، لە دو ڕوبەردا کاردەکات، یەکەمیان تێکەڵکێش کردنی جەستە لەگەڵ ئاسمانێکی کراوەدا، بەڵام پڕتر لە دڵەراوکێ، چونکە جۆرێک لە تاریکی زاڵە بەسەر ژنیگەی تابلۆکاندا. لە ڕوبەری دوەمیشدا لە بری داماڵینی جەستەکان لە گۆشت، بە کەشێکی پایزییانەو خەزان دەیانشارێتەوە. ئەوەی لە ژمارەیەک کارەکانی ئەم ئاستەدا تێبینی دەکرێت، لە خاچدانی جەستەی ژنە؛ بە دەربڕینێکی تر دەتوانین بڵێین مێیاندنی جەستەی لەخاچدراوی مەسیحە. جەستەی ژن لای بابان لە گۆشت دانەماڵراوە، بەڵام جەستەیەکی گۆشتنی ناسروشتیی کە لە چوارچێوەیەکی نامۆدا وێنەی کێشراوە. زۆرجاریش لەبری بەرزکردنەوەی بۆ ئاسمان دەیخاتە سەر زەوییەکی ڕوتەڵە، بەڵام بەبێ لەبیرکردنی کەرەستەی پەیوەندییەکان کە بەستنەوەو داگیرکردنیان پێوە دیارە. 

ئاری بابان لە ڕێگەی جەستەی داماڵراوەوە، دەیەویست ئاسمانێکی ڕوتەڵەمان پیشان بدات، لە سەر زەویش کەرەستەکانی هەمان ئەو ئاسمانەی دەکرد پەیوەندی نێوان هونەر و مرۆڤ، مرۆڤ و دەروبەر.

تێبینی: ئەم نوسینە، ئیمکانی داڕشتنەوەو دەوڵەمەندتر کردنی هەیە


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.