شاعیر و دیکتاتۆر ‌

‌خاليد سلێمان

عەبدوڵڕەزاق عەبدولواحید شاعیرێکی عیراقی وەها بو، بتوانێت شیعر بکاتە دەرمانی دیکتاتۆریەت، شاعیریش بکاتە جەڕاحی دیکتاتۆر. عەبدولواحید کە ساڵی ١٩٣٠ لە شاری عیمارە لە باشوری عیراق لەناو کەمینەی ئاینیی (مندائی)دا لە دایک دەبێت و لەم ڕۆژانەدا لە پاریس کۆچی دوای دەکات (٨/١١/٢٠١٥)، نمونەیەکی دیاری شیعری عیراقی بو، بەڵام لەوە گرنگتر نمونەیەکی دیاری ئەو ژینگەیە بو کە سیاسەت تیایدا، مۆدێلی خۆی لە شیعر و ڕۆمان و شانۆو ژانرەکانی تری ئەدەب و هونەردا بەرهەم دەهێنێت. 
عەبدولواحید، ئەستێرەیەکی دیاری ناو کولتورێکی مردوی دەستی دیکتاتۆر بو، کولتورێک هەمو شتێک تیایدا ئیلهامی لە وێنەو جەستەی دیکتاتۆر وەردەگرت. ڕۆماننوس و ڕۆژنامەنوسی بەناوبانگی بەریتانی جۆرج ئۆروێڵ لە شوێنێکدا دەڵێت : "کولتور لەناو سیستمی ستەمکاریدا گیان دەدات، بەڵام لە ناو سیستمی تۆتالیتاریدا دەمرێت”. لەعیراقی دەمی بەعس-یشدا، ئەمە ڕویدا، ئەوەی بەدەنگ و ڕەنگ و خولیای دیکتاتۆر ڕازی نەبو، لە مەنفاو زیندان زیاتر هیچ بژاردەیەکی تری نەبو، ئەوەش کە ڕازی بو، میراتێکی گەورەی کولتورێکی مردوی دەست کەوت، کە هەمو بەهاکانی لە دیکتاتۆردا کۆدەکردەوە.

لێرەدا باسەکە، باسی کەسێک نیە، بەڵکو باسی سیستم و کولتور و مێژویەکە، لە پاڵیاندا جۆرەها شێوازی دڵڕەقی لەسەر جەستەی خەڵک پیادەکرا. دڵڕەقییەک خەریکە لەبیری خەڵکەکە خۆی دەچێتەوە، بەڵام مردنی عەبدولواحید، جارێکی برینەکان دەکولێنێتەوەو چەلەحانێی شاعیر و دیکتاتۆر زیندو دەکاتەوە.
شاعیری کۆچکردو، کە نازناوی شاعیری (قادسیە) و (ئومولمەعارک)ی هەڵگرتبو، خاوەنی خەڵاتی سەددام بو بۆ ئاداب، هەروەها چەندین خەڵاتی تری دەوڵەت و فێستیڤاڵە ئەدەبییە بەناوبانگەکانی دنیا، نە لە پێش ڕوخان و نە لەپاش ڕوخانی دیکتاتۆریەت لە عیراقدا، دودڵ نەبو لە خولیای ئاوێتەکردنی زمان و وێنە شیعریەکانی لەگەڵ جەستەی دیکتاتۆردا. ئەوەتا دوای لە سێدارەدانی سەددام لە دەقێکدا پێی وایە ئەو(دیکتاتۆر) ئەوەندە گەورەیە نابێت لەسەر مردنەکەی بنوسێت و وەک بەخشندەو مەزن تەماشای دەکات.

ڕۆژنامەنوسی بەناوبانگی عیراقی عامر بەدر حەسون لە کتێبێکدا بەناونیشانی (دڵڕەقی، هەوڵێک بۆ پیسکردنی ئەوەی لە ژیانتاندا ماوە)، لە ڕێگەی مامۆستایەکی ژنی زانکۆ کە لە هەشتاکانی سەدەی پێشودا دەکەوێتە ژێر ئەشکەنجەی جەللادەکانی عیراقی دەمی سەدام حسێن، مەسەلەیەکی گرنگ لە پەیوەندی نێوان جەللاد و قوربانیدا تۆمار دەکات، ئەویش ئەوەیە کە دەبێت قوربانی بەردەوام وزەی تیادا بێت تا بەرگەی ئەشکەنجە بگرێت، بۆیە دوای هەر جەولەیەکی ئەشکەنجەدان، پزیشکێک دێت تەماشای قوربانیەکە دەکات و ئینجا بە جەللادەکان دەڵێت بە پشو بدات و خورمای بدەنێ، چونکە بۆ جەولەیەکی تری ئەشکەنجە پێویستی بە وزەیە. لە بەرامبەر ئەم پەیوەندیەدا کە جەللادێک و قوربانیەکی تیادایە، پەیوەندیەکی تر هەیە کە دیکتاتۆرێک و میللەتێک دەخاتە ناو بازنەی بێدەنگی و دڵڕەقییەکی ترەوە، بەبڕیاری یەکەمیان مومارەسەی کوشتن و خراپەکاری و توندوتیژی لەسەر جەستەی ئەوەی دوەمیان دەکرێت. ئەمە هەمو جەوهەری پەیوەندیەکەیە. ئەوەی لەئەنفال و تراژیدیاکانی تری کوردستان و، هەروەها هەمو دڵڕەقیەکانی تر دژی خەڵکی تری عیراق کرا، لە بازنەی جەللاد و قوربانیەکە ناچنە دەرەوە.

جیاوازیەکە لەوەدایە، قوربانیەکەی ناو زیندان، دوای ئەشکەنجە بەخورما وزەی دەهێنرایەوە بەر بۆ جەولەیەکی تر، بەڵام لە بازنەی دوەمدا، ئەوە دیکتاتۆرە پێویستی بە وزەیەو شاعیر جێگەی پزیشکی خۆراکەکەی ناو زیندان دەگرێتەوە ؛ چونکە لەمەی دوەمدا میللەتێک بە تەواوەتی قوربانیەو لە وزە دانابڕێت، تەنها دیکتاتۆر کە پێویستی زیاترو زیاتری بە وزەیە لە پێناو زەبەلاحبونی "نەرسیسم”  و خود-زەبەلاحیدا. 

 مردنی عەبدولڕەزاق عەبدولواحید مەسەلەیەکی گەورەی بەبیری نەوەی نوێی ناو دیمەنی میدیاو ئەدەب و هونەردا هێنایەوە، ئەویش پشتکردنە لە مێژوی بەعس لە عیراقدا. ئەوەی لەم ڕۆژانەدا لەمیدیای کۆمەڵایەتیدا تێبینی کرا، لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە جیاوازی بکرێت لە نێوان تێکستی شیعری و شاعیردا، ئەوەی کە نوسیویەتی دەربارەی دیکتاتۆر دەچێنە خانەی ئازادی بیروڕاوە، لەپاڵ ئەمانەشدا نەوەیەک هەیە لە عیراقی دوای سەددام-دا پێگەیشتوە، بەتەواوەتی پشتی لەو مێژوە کردوە. لە کوردستانیشدا بەهۆی پاشەکشەی زمانی عەرەبی و دەرکەوتنی نەوەی نوێی دوای ڕاپەڕین/١٩٩١، قۆناغی شاعیر و دیکتاتۆر نەبوەتە بەشێک لە دیمەنی سیجالی کولتوری و ئەدەبی و فیکریمان. ئەمەش خۆی لە خۆیدا جێگەی هەڵوێستەکردن و لەسەر ڕاوەستانە، چونکە تۆتالیاریزم خۆی لەسەر بنەمانی بێدەنگ کردن و تاساندن و لەباربردنی ئازادی بیروڕا بنیاد دەنرێت و بەسەر شاعیری دیکتاتۆردا ناچەسپێت، لە بیرکردن و پشتگوێ خستنی مێژوی بەعس-یش لە عیراقدا، بەشێکی تر لەو کارەساتەی عیراقی پێدا تێدەپەڕێت. ئەوەشمان لە بیر نەچێت، مۆدێلی وەک داعش لە عیراقدا بەلای شاعیرەوە بەرگری بو لە "ئەمجاد”ی دیکتاتۆر. 

بە کورتیەکەی، شاعیری (قادسیە)، کۆڵەکەیەکی هەرە دیاری ناو سیستمی تۆتالیتاری بەعس بو، جەڕاحێکی شارەزای جەستەی دیکتاتۆر بو، مەلەوانێکی باشی دەریای زمانی عەرەبی بو : دەیزانی لە کوێداو چۆن بە باڵای دیکتاتۆردا هەڵدات و چەند وزەی دەداتێ. ئەو بەشێک بو لەو دیمەنەی کولتوریەی کە ئەگەر پێناسەکەی جۆرج ئۆروێڵ وەربگرین، بە مردو وەسفی دەکەین، هەرواشە مردو بو، چونکە دەنگە زیندوەکان تیایدا، یان کەوتنە ژێر دەستی جەللاد و ئەشکەنجەو وزە پێدانەوە بە خورما - هەندێکی زۆران کوژران و لە سێدارە دران- یان وڵاتەکەیان بەجێهێشت بونە خۆراکی مەنفاکان.


AM:10:05:14/11/2015

ئه‌م بابه‌ته 2977 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی