#شۆڕشگێڕی نەوت..

‌سالار سەراوی

کاتێ تۆ پشت ئەستوری بەو سەرمایە مەعنەوییەی ناوی شۆڕش و خەبات و تێکۆشان و چونەوە بەگژ زوڵم و زۆرداری حکومەتی بەعس، کاتێ تۆ دەچیتە سەر تیڤیەکان و باس لە رۆژانی سەختی شاخ و شەڕی دەستەویەخە و کۆڵانە و کۆڵان و داستان و چیرۆکەکانی رۆژانی خەبات دەکەیت. کاتێ شانازی بە دروستکردنی ئیدارەی خۆ بەرێوەبردن و پەرلەمان و حکومەت و دامەزراوەکان دەکەیت، کاتێ لێرە و لەوێ منەت بەسەر نەوەکانی دوای ڕاپەڕیندا دەکەیت کە سەدان جوت پێڵاوت دڕاندووە و شەقت لە هەزاران بەرد هەڵداوە بەو شاخانەوە لەپێناو کوردایەتی و مافە رەواکانی گەلێکی ستەم دیدە.


ئەمانە و هەزاران ئامراز و فاکتەری بەهێزت لە پشتە تا ببیت بە غاندی و ماندێلا و مەدالیای شەرەف و کارێزمایی بدەن لەبەرۆکت، بەڵام ئەو هەموو دەرفەتە لەناو دەبەیت و کاتێ دەمت دەگات بە خۆشایی و شیرینی نەوت و دۆلاری چاو سەوز و کۆمپانیا و بەرژەوەندیەکان. کاتێ لەسەر کورسی دایدەکوتی و بەهیچ هێزیک ناجوڵێنرێ و سەرەنجام موبارەک و قەزافی و بن عەلیت لێ دەرەچێ، ئەوا هەرگیز چاوەڕێ مەکەن من و ئەم نەوەیەی دوای ڕاپەڕین ڕێزت بگرن و بەپیرۆزت بزانن و شانازی بە شۆڕش و قارەمانێتیەکانتەوە بکەن، چاوەرێ مەکەن وەک گیڤارا و ماوتسی تۆنگ بچیتە دیرۆکی زیندووی شۆڕشگێڕی گەلەوە.!

کاتێ تۆ دەتوانیت ببیت بە نەوشیروان مستەفا و نەوە لە دوای نەوە شانازیت پێوەبکەن، بەڵام نابیت و دێیت لەئاست چۆڕێ نەوت و پارچەیەک دەرمان و بستێ دۆنم و باخ و ڤێلا خۆت بچوک و رەزیل و چروک دەکەیت، سەرەنجام کەسێکی تر دێت و کە هیچ مێژوویەکی شۆڕشگێڕی و خەباتی شاخی نیە، بەشداری هیچ داستانێکی نەبەردی و قارەمانێتی نەکردووە و پێشتدەکەوێت و کەم تا زۆر دەبێتە ئامرازی دەنگ هەڵبڕین و دژ بە برسێتی و زوڵم و ستەمی ئێوە پێشڕەوی نەوەکانی دوای ڕاپەرین دەکات، یاخود هیچ نا گەر بۆ موزایەدە و ریکلامیش بێت وێنایەکی جوان و مرۆڤدۆستی خۆی دەخاتە بەردەم ماڵە هەژار و بێ دەرامەتەکانی ئەم هەرێمە.
ئیدی تۆش هەر چاوەرێی ئەوە بکە رێژەی دەنگ و کورسیەکانت وەک زەخت و شەکرە و دەیان نەخۆشیەکەی ترت داببەزێت و رەزیلانە کۆتایی بە ژیانت بێ و کە جگە لە چڵکاوخۆر و چەورەکانی چواردەورت سێبەرت بۆ هیچ کەس نەبووە، کەسی تر ئاخێکت بۆ هەڵناکێشێ.

قسەیەکی جوان هەیە دەڵێ؛ حەیفە مرۆڤ بە مردنێکی نەمرێت ئاخی لەدوا بێ نەک ئۆخەی. سەرەنجام دەردێکتان بەسەر ئەم خەڵکە هێناوە گەر ئێستا هەمووتان بە یەک چرکە بمرن، میللەت هەمووی بە یەکجار دەڵێن؛ ئۆخەی نەجاتمان بوو.!
چەند بەزەییم بە پێتاندا دێتەوە کە هێندە هەژارن و خاوەنی هیچ نین جگە لە پارە، دەبێ دڵنیابن مرۆڤ لەهەر پێگە و پایەیەکدا بێت کە خۆی بەها و نرخی نەبوو هەرگیز زۆری پارەکانی ناتوانێ قیمەتی پێ ببەخشێ.!

دەست خۆشی لەم کارانە دەکەم، پشتیوانی هەر کەسێک دەکەم تۆزقاڵێک باری قورسی سەر شانی ماڵە هەژارێک سوک بکات، گرنگ نیە کێیە و چیە، گرنگ ئەوەیە هێشتا خەڵکانێک ویژدان و رۆحیان زیندووە و پارە و سەرمایە ناتوانێ توشی غرور و بێ ئاگاییان بکات و مرۆڤایەتییان لێ بسەنێتەوە.

بۆ زانیاریشتان گەرچی درەنگ کەوتم، بەڵام شەخسی خۆم بروام بە هیچ حزب و پارتێکی سیاسی نەماوە، بڕیارمداوە لێرە بەدواوە بەشداری هیچ پرۆسەیەکی سیاسی و حزبی و هەڵبژاردن و دەنگدانێک نەکەم، چونکە ٣٠ ساڵی ژیانکردن لەژێر دەستی حزبی کوردییدا قێزەونترین نمونەی حکومڕانی سەر گۆی زەوییە، کە پێویستە لە مێژوودا بنوسرێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو، نەک لەبەر ئەوەی چاوی لێبکرێت بەڵکو لەبەرئەوەی کەس دووبارەی نەکاتەوە.!


PM:01:49:11/02/2020

ئه‌م بابه‌ته 3024 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی