خستنی ئۆپۆزسیۆن مەترسیدارە

‌ هه‌ندرێن شێخ راغب

ئەگەر پەرلەمان ئۆپۆزسیۆنی تێدا نەبێت، دایبخەن‌و ناوێكی دیكە لەم بینایە بنێن. سیستەمی حوكمڕانی پەرلەمانی‌و دامەزراوەیی بێ ئۆپۆزسیۆن نابێت. لەم خولەی پەرلەمانی كوردستان هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان خاوەن كورسی كەم‌و پاڵپشتی كەمن، یەكێك لە گرنگترین رەگەزەكانی ئۆپۆزسیۆن لە كوردستان كە بزوتنەوەی گۆڕان بوو، ئێستا بەشداری حوكمڕانی دەكات. تەنها جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌و یەكگرتوی ئیسلامیە كە خاوەنی 13 كورسین دەیانەوێت بلۆكی ئۆپۆزسیۆنی ناو پەرلەمان بن. بەڵام نەوەی نوێ گوتارێكی زۆر راشكاوانە‌و رون‌و بەرجەستەی هەیە كە رێك‌و رەوان خۆی بە بەدیلی دەسەڵات دەزانێت‌و دەزانێت چی دەوێت‌و چی دەڵێت. ئەم پۆلە گەنجە توانیان دەنگی بەرچاو بێنن‌و دوو فراكسیۆنی پەرلەمانیان هەیە. من مافی ئەوەم نیە بەهیچ شێوەیەك باس لەدیوی ناوەوەی جوڵانەوەكە بكەم، چونكە نە كادیر‌و نە ئەندامی ئەم جوڵانەوەیەم. بەڵام وەك هاونیشتمانیەك سەد دەر سەد مافی قسەكردنم لەسەر وڵاتەكەم‌و دەسەڵات‌و حوكمڕانیەكەم هەیە كە راستەوخۆ پەیوەستە بە ژیانی منەوە.

ئەوەی ئێستا بەرامبەر نەوەی نوێ دەكرێت، بۆ خستن‌و كەوتن‌و لاوازكردنیەتی. پرۆسەیەكە پلان بۆ داڕێژراوە. ئەم گەنجە خوێندەوارو پاك‌و خاوەن ئیرادانە، كەوتونەتە ناو تەڵەیەكی ناشیرینی سیاسیەوە، كە دەیانەوێت بە دژایەتی كردنی سەرۆكی جوڵانەوەكە سەری جوڵانەوەكە ببڕن.

كردەی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لەهەرێمی كوردستان كێشەی گەورەی تێكەوتووە، كە یەكێك لە كێشەكانی پەرتەوازەیی‌و خراپی پەیوەندییانە، من ئێستاش لەم سیحرە تێناگەم بۆچی بزوتنەوەی گۆڕان‌و نەوەی نوێ ناكۆكن. بۆچی گۆڕان هێندە بۆچونی خراپە لەسەر نەوەی نوێ؟ ئایا جوڵانەوەكە بۆ بەئامانج گرتنی پێگە‌و دەنگی ئەوانە؟  گونجاو نیە ئەو هێزانەی دەرەوەی دەسەڵات پەیوەندیان هێندە خراپ بێت، رای جیاواز‌و بۆچونی جیاواز شتێكە‌و دوژمنایەتی شتێكی دیكەیە؟

حزبە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان دەبێت بەگرنگیەوە سەیری هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان بكەن، چونكە پارسەنگی مانەوە‌و بەهێزبوونی حوكمڕانی، یەكێك لە كۆڵەكە سەرەكیەكانی هەبونی ئۆپۆزسیۆنە. ئەگەر پێتان وایە نەوەی نوێ كردەی ئۆپۆزسیۆن نازانێت مومارەسە بكات، ئەوا دەرهاویشتەی دەسەڵاتداریەتی خۆتانە، كە هەر ئەوەی لێ بەرهەم دێت.

كادیران‌و دەنگدەرانی نەوەی نوێ دەبێت بزانن لەدوای روداوەكەی سماقوڵی، جوڵانەوەكەیان فشاری دروست كردووە، جاددە‌و رێگاوبانەكان وێران‌و رێگای مەرگ‌و چاڵ‌و چۆڵ بوون. كەس بەلایان دا نەدەهات، دوای ئەوەی شاسوار گوتی چاكی دەكەم، بە ملیار دینار تەرخان كرا بۆ چاككردنەوەی رێگاوبانەكان‌و هەرزووش سماقوڵیان چاك كرد؟ كەواتە مانای وایە جوڵانەوەكە توانیویەتی هێزی فشار بێت بۆ سەر دەسەڵات. بۆیە ناشێ بەدەستی خۆتان سەری جوڵانەوەكەی خۆتان ببڕن.

بۆچونم وایە كێشەكانی ناو جوڵانەوەی نەوەی نوێ زۆر گەورە نین، كێشەی كەركوك‌و ریفراندۆم‌و كەپكی حەمەد ئاغا‌و گومرگ‌و موچە‌و پێكهێنانی حكومەت نیە، تاوەكو هەڵوێستی بەمجۆرە توندە لە سەرۆك‌و بزوتنەوەكە هەڵبگرن. ئاسایە حزبە دەسەڵاتدارەكان كێشەیان هەبێت، چونكە گیرۆدەی ململانێی مێژوویی‌و حوكمڕانی‌و داهات‌و شێوەی دەسەڵاتداریەتین. بەڵام سروشتی نیە نەوەی نوێ خاوەنی كێشەی گەورە بێت، بەڵام دەتوانێت خاوەنی دەستكەوتی گەورە بێت، ئەگەر یەكگرتوو، خاوەن ئیرادەو براو تەبا بن.

ئەو تۆمەتانەی لەبارەی گرتەی سێكسی‌و دەنگ‌و رەنگ تۆمار كردن بڵاوكرایەوە، دەخوازێت نەوەی نوێ زۆر توند لەسەر ئەم بابەتە بێتە مەیدان، بەداخەوە بەرامبەر هەمومان خەریكی گەمەی قێزەونی لەم جۆرەن، كەم هێز‌و لایەن‌و كەسایەتی ماوە سەدان بوختان‌و سیناریۆی قێزەونی لەمجۆرەی بۆ دروست نەكرابێت. دەبێت كردەوەی لەم جۆرە لە كوردستان بنەبڕ بكرێت‌و ئەوانەی سیناریۆی وا دەدارێژن كوڕی ئەم كۆمەڵگایە نین‌و دوژمنی هەرە سەرسەختی كورد‌و كوردستانن.
بەڵێ بۆ هەبونی ئۆپۆزسیۆن..بەڵێ بۆ ئاشتی نیشتمانی‌و كۆتایی هێنان بە سیناریۆی قێزەون.



PM:01:29:26/04/2019

ئه‌م بابه‌ته 3508 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی