شكۆی عه‌ره‌ب، دوای حه‌له‌ب
هه‌ندرێن شێخ راغب
ده‌ركه‌وتنی قاسم سلێمانی، جه‌نه‌ڕاڵی سوپای فارس له شاری حه‌له‌ب، زۆر وێنه‌ی جیاواز له‌سه‌ر دنیای عه‌ره‌ب نیشانی ناوچه‌كه ده‌دات، هه‌مومان ده‌زانین گه‌وره‌ترین مه‌ترسی سه‌ر ئاسایشی گه‌لی عه‌ره‌ب، فراوانخوازی فكری ئیمپراتۆریه‌تی ئێرانی و توركیه، تابلۆی سیاسی‌و روداوه مه‌یدانیه‌كانی ناو سوریا، پاشاگه‌ردانیه‌كی سه‌یری عه‌ره‌بمان نیشان ده‌دات، دوای گرتنه‌وه‌ی حه‌له‌ب له‌لایه‌ن سوپای عه‌له‌وی به‌شار ئه‌سه‌دی به‌عسی، ده‌وڵه‌تی روسیا‌و ئێران‌و توركیا به‌بێ ئاماده‌بوونی عه‌ره‌ب له‌سه‌ر دهوڵهتو شار‌و گه‌لێكی عه‌ره‌ب(سوریا) كۆبوونه‌وه، چاره‌نوسی سوریای ئه‌ندام له كۆمكاری عه‌ره‌بی، خاوه‌نی فكری به‌عسی عروبه، ناونیشانی ده‌وڵه‌ت عه‌ره‌بی، به‌ده‌ست ئێران‌و توركیا‌و روسیایه، له وڵاتی كازاخستان جارێكی دیكه ئه‌م سێ ده‌وڵه‌ته به‌بێ عه‌ره‌ب كۆده‌بنه‌وه. گرنگه بپرسین رۆڵی ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی چیه؟ میصر، سعودیه، ئیمارات، قه‌ته‌ر، تونس....هتد، پڕۆژه‌یان بۆ پاشاگه‌ردانی دنیای خۆیان چیه؟ رۆژانه هاوڵاتی عه‌ره‌ب له عێراق‌و سوریا‌و یهمهنو لیبیا ده‌كوژرێت، كه‌چی ئێران‌و توركیا‌و روسیا‌و ئه‌مریكا له‌سه‌ر خوێنه‌كه‌ی دادهنیشنو خه‌ریكی كێشمه‌كێشی بهرژهوهندیو پشكی خۆیانن.
به‌هاری عه‌ره‌بی، هاواری په‌نگخواردوی نه‌وه‌یه‌كی سه‌ركوتكراوی دنیای عه‌ره‌ب بوو، له‌دژی سیستهمو ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی خۆیان، به‌ڵام له‌دواییدا شۆڕش‌و هاوارو داواكاریه‌كانیان له‌ده‌ست خۆیان ده‌رچوو، كه‌وته ده‌ست خه‌ڵكی دیكه، ئێستاش بۆ راستكردنه‌وه‌ی ئه‌م شكسته، پێویسته ته‌نها عه‌ره‌ب خۆی روداوه‌كان له‌شوێنێكدا بوه‌ستێنێت.
رۆژ نیه شكۆی سیاسی عه‌ره‌ب نه‌شكێت، ئاخر كوشتنی منداڵانی حهلهبو ئاواره‌بوونی ملیۆن هاوڵاتی عه‌ره‌بی لهسوریاو عێراق‌و یهمهنو لیبیا مانای ئه‌وپه‌ڕی شكاندنی شكۆی عه‌ره‌به، گه‌لی عه‌ره‌ب كه لاف‌و گه‌زافی شكۆمه‌ندی نهتهوهییو ئاینی زۆر گه‌وره لێده‌دات، به‌ڵام نه‌وه‌كانی بۆ ده‌به‌یه‌ك ئاو له پێده‌شته‌كانی هه‌ولێر سه‌ره‌یان گرتووه تاوه‌كو هێزی پێشمه‌رگه ده‌به‌یه‌ك ئاویان پێبدات.
له‌شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه هاوڵاتیانی عه‌ره‌ب سوپاسی پێشمه‌رگه‌ی كوردی ده‌كه‌ن بۆ به‌هاناوه‌چونیان..شكۆی سیاسی عه‌ره‌ب پارچه پارچه بووه. ده‌روازه‌ی یه‌كه‌میش بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌م شكۆیه ئه‌وه‌یه واز له توندوتیژی مهزههبیو تایهفیو نه‌ته‌وه‌یی بهێنن، له‌نوێوه سه‌یری دنیای تازه‌و گۆڕانكاریه‌كان بكه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه زیاتریان له‌كیس نه‌چێت.
گه‌لی عه‌ره‌ب كه خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆیانن، حاڵیان به‌مجۆره‌یه، گه‌لی كورد كه دهوڵهتو ئاڵاكه‌ی فه‌رمی هه‌ڵنه‌دراوه له ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، ده‌بێت به‌وردی ئه‌زمون له دنیای عه‌ره‌ب وه‌ربگرێت، بێ ستراتیژی‌و بێ كارنامه‌و به‌رنامه‌یی توشی هه‌ڵدێری مێژویی زۆر گه‌وره‌مان ده‌كات..ده‌بێت ناو ماڵی كورد پته‌و بكرێت، له‌یه‌كتر نزیك ببینه‌وه‌و ناكۆكی‌و دووبه‌ره‌كی سه‌رمان دهخواتو به‌رگه‌ی گۆڕانكاریه گه‌وره ئیقلیمی‌و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ناگرین.
PM:04:04:28/12/2016
ئه‌م بابه‌ته 3196
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی