شەڕی فكری داعش

‌خەليل عەبدوڵڵا

زۆربەی شارەزایان لەسەر ئەوە كۆكن كەشەڕی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بەتەنها بەڕوبەڕوبونەوەی سەربازی یەكلایی نابێتەوە، بەڵكو ئەو شەڕە پێویستی بەوە هەیە كەلەرووی فكریشەوە سەنگەری لێ بگیرێت.

چونكە ئەزمونەكان ئەو راستییەیان دەرخست كە هەرچەند چەند گروپێكی تیرۆریستی لەنمونەی تاڵیبان‌و ئەقاعیدە‌و چەندانی تر لەرووی سەربازی تێكشێنران‌و بەتەواوی لاواز كران. بەڵام  هێزی  تیرۆریستی تری لە نموونەی داعش لەهەناوی ئەو كۆمەڵگە دواكەوتووەكانەوە بەتین‌و تەوژمێكی گەورەوە سەریان هەڵدایەوە.

ئەمەش ئەو راستییە دەردەخات كە هەریەك لەو هێزە تیرۆریستیانە ئەگەر لەرووی سەربازیشەوە تێك بشكێنرێن‌و لاواز بكرێن، یاخود بەتەواوی لەناو ببرێن، ئەوە لەناو كۆمەڵگە دواكەوتووەكانەوە بەناوو رەنگ‌و دەنگێكی تری تیرۆریستییەوە سەرهەڵئەدەنەوە.

چونكە ژینگەی ئەو كۆمەڵگە دواكەوتوانە خاكێكی بەپیتە بۆ بەرهەمهێنانی گروپی تری تیرۆریستی. لەبەرئەوە بۆروبەڕوبونەوەی تیرۆریستان بەتەنها شەڕی سەربازی بەس نییە، چونكە ئەو شەڕە رەگوریشەی فكری ئەو گروپە تیرۆریستیانە هەڵناتەكێنێ‌.
لەبەرئەوە  هەڵتەكاندنی بنەمای فكری تیرۆریستان بەشەڕی فكری دەكرێت.

دەبێ‌ ژینگەی ئەو كۆمەڵگایانە لەهەموو رووەكانی ئابووری‌و روناكبیری‌و هونەرییەوە بایەخی پێبدرێ، بۆئەوەی ژێرخان‌و زەمینەی گەشەكردنی فكری توندەڕەوی هەڵبتەكێنرێت‌و فكری میانڕەو جێگەی بگرێتەوە.

چونكە تیرۆریستان لەو كۆمەڵگا دواكەوتوانەدا ئیستغلالی تووڕەیی‌و نەزانی‌و ناعەدالەتی‌و مەزڵومیەتی گەنجان دەكەن‌و لەریزەكانی خۆیاندا رێكیان دەخەن‌و ئەیانكەن  بەئەندامی لەشكری بەعەقیدەی تیرۆریستی.

لەهەرێمی كوردستانیش سەرباری بایەخدان بەهێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ روبەروبونەوەی تیرۆریستانی داعش، ئەبێت بایەخی تەواو بەشەڕی فكری ئەو گروپە تیرۆریستییەبدرێ‌ ‌و لەكایە جیا جیاكانی رۆشنبیری‌و هونەری‌و ئەدەبییەوە شەڕی فكری گروپە توندڕەوو تیرۆریستییە بكرێ‌.



AM:09:54:10/09/2015

ئه‌م بابه‌ته 3761 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی