نەوشیروان مستەفا، قەڵەمێكی سەنگین
خەليل عەبدوڵڵا
نەوشیروان مستەفا سەركردەیەكی گەورەو ناوداری سیاسیو قەڵەمێكی سهنگین و دیاری كوردستانەو لەو بوارانەدا خزمەتی زۆرو زەوەندی پێشكەش بەگەلو نیشتمانەكەی كردووە.
ناكرێ باسی مێژووی نیو سەدەی رابردووی كوردستان بەبێ باسی ئەم سەركردەیە بكرێ.
تێكۆشانی سیاسی ئەو بۆ سەرەتای شەستەكانی سەدەی رابردوو ئەگەڕێتەوەو وەك سەركردەیەك شوێن پەنجەی بەتێكۆشانی كوردایەتییەوە دیارەو لەریزی سەركردە پێشەنگەكانی كوردستاندا بووەو كەسایەتیەكی سادەو خاكیو خۆشەویستو خاوەن پێگەیەكی جەماوەری بەرین بووە.
ئەوەی من ئەمەوێ رۆشنایی بخەمە سەر، نەوشیروان مستەفای نوسەرو روناكبیرە، نەك سیاسەتمەدار.
ساڵی 1944 لەگەڕەكی سەرشەقامی سلێمانی لەدایك بووە.
لە سلێمانی و بەغداو نەمسا خوێندویەتیو هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و خوێندكاری دكتۆرا بووە.
نەوشیروان مستەفا لەسەرەتای ژیانی گەنجییەوە، خولیای خوێندنەوەو نوسینو رۆژنامەگەری بووەو بەركوڵی نوسینەكانی لە گۆڤارەكانی رۆژی نوێو روناهی بڵاوكردۆتەوە، لەدەرگای نوسینەوە لەدەرگای سیاسەتی داوە.
ساڵی 1968 بۆتە خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری رزگاریو ئەركی سەرنوسەری گۆڤارەكەی بە شازاد سائیب سپاردووە.
بواری نوسینو رۆژنامەگەری جێگەی بایەخی ئەو بوون، هەر بۆیەش لەدوای دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ تاڵەبانیو ئەندامانی تری دەستەی دامەزرێنەر بڕیاری دەركردنی رۆژنامەكانی شەرارەو رێبازی نوێ لەشامەوە ئەدەن.
نەوشیروان مستەفا دیدو بۆچونەكانی لەو دوو رۆژنامەیەدا بڵاو كردۆتەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەداو لەسەرەتای ئایاری 1978 لەچیای قەندیل هەواڵنامەی كوردستانی عیراقی دەركردو رۆڵی سەرنوسەری ئەو بڵاوكراوەیەی بینیو ئەو بڵاوكراوەیە توانی مێژووی كارو چالاكییەكانی شۆڕشو هێزی پێشمەرگە دۆكۆمێنت بكات.
لەتشرینی دووەمی هەمان ساڵدا یەكەم ژمارەی گۆڤاری كۆمەڵەی دەركرد كە گۆڤارێكی فیكریو سیاسی گرنگ بوو، بۆ چەندین ساڵ ئەم گۆڤارە بەردەوام بوون لەدەرچوون.
هەروەها سەرپەرشتی گۆڤاری رێبازی نوێی كردو وتارەكانی تێدا بڵاو كردۆتەوە.
ئیزگەی دەنگی گەلی كوردستانیش وەك كەناڵێكی میدیایی شۆڕشی نوێ ، جێی بایەخی ئەو بوونو سەرپەرشتی ئەكردو وتاری بۆ ئەنوسی.
بێ لەكاری رۆژنامەنووسی، نەوشیروان مستەفا بایەخیشی بە بیرەوەری و لێكۆڵینەوەی مێژوویی داوەو خاوەنی چەندین كتێبی بەنرخو دانسقەیه لەوانە(كوردو عەجەم، كورد لەگەمەی سۆڤێتدا، لەكەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ، پەنجەكان یەكتر دەشكێنن، خولانەوە لەناو بازنەدا، بەدەم رێگاوە گوڵ چنین) و چەندانی تر..
دوای كاروانێكی دورو درێژی خەباتی سیاسیو پێشمەرگانەو كاری نوسینو رۆژنامەگەری ئەم سەركردە مەزنو بیرمەندو روناكبیرەی كوردستان لە رۆژی 19ی مایسی 2017 بۆ دواجار ماڵئاوایی كردو چووە ریزی نەمرانی نیشتمانەوە.
بهڵام بۆ هەتا هەتایە ناوو ناوبانگی وەك سەركردەیەكی پاكو ناودارو روناكبیرێكی گەورە ئەمێنێتەوە.درود بۆ گیانی پاكو پیرۆزی نەوشیروان مستەفای سیاسەتمەدارو روناكبیر.
PM:12:23:20/05/2017
ئهم بابهته 5002
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی