تاڵەبانی‌و بێشكچی ‌

‌خەليل عەبدوڵڵا



رۆژی 24/11/2015 بۆ من رۆژێكی مێژوویی‌و جێی شانازی بوو، كە دەرفەتم بۆ رەخسا لەنزیكەوە د.ئیسماعیل بێشكچی ببینم ‌و لە نزیكەوە زیارەتی دەستە پیرۆزەكانی بكەم. 

ئەو پیاوە گەورە‌و نووسەرە هەڵكەوتووەی تورك كە هەموو ژیانی بۆ بەرگری لە مافەكانی گەلی كورد تەرخان كردووە‌و لەو پێناوەدا تووشی چەندین ساڵ زیندان‌و ئازارو ئەشكەنجە‌و سزای دارایی بۆتەوە، بەڵام خۆی گوتەنی لەپێناوی راستی پرسی كورددا كۆڵی نەداوە‌و بەردەوامە. 

من بۆ یەكەمجار لەساڵی 1987 ناوی ئەم نووسەرە گەورەیەم بیست ئەوكاتەی كە پێشمەرگە بووم لە بارەگای ئیزگەی دەنگی گەلی كوردستان لەبەرگەڵو، لەو كاتەدا ژمارەیەك ئەندازیارو شارەزای تورك دەستگیر كرابوون. جەنابی مام جەلال هەموویانی ئازاد كرد‌و پەیامێكی پێدا ناردن بۆ دەوڵەتی تورك‌و وتی ئێوەمان ئازاد كرد‌و بڕۆنەوە بەدەوڵەكەتان بڵێن با ئەویش بێشكچی ئازاد بكات. 

ئەمڕۆ دوای 28 ساڵ لەو رووداوە بەخۆشییەوە دەرفەتم بۆ رەخسا كە ئەو چیرۆكە بۆ بێشكچی بگێڕمەوە‌و ئەویش بەخەندەیەكی بەریئانەی سوپاسگوزارییەوە وتی: بەڵێ‌ لەو كاتەدا‌و بەدیاریكراوی مانگی شوباتی 1987 لەزیندانی ئەدەنە زیندانی بووم‌و بیستم كە پێشمەرگەكانی مام جەلال ژمارەیەك ئەندازیاری‌و شارەزای توركیان دەستگیر كردبوو ‌و بەمەرجی ئەوە ئازادیان كردبوون كە من بەر بدەن. 

بێشكچی لەدرێژەی قسەكانیدا گوتی ئەو رووداوە دەنگدانەوەیەكی گەورەی میدیایی جیهانی دروست كردبوو. وتیشی یەكێك لەهاوڕێ‌ زیندانییەكانم وتی لەوانەیە ئیدارەی زیندان بانگت بكەن‌و بڵێن چۆن تاڵەبانی دەناسی، بەڵام بانگیان نەكردم!. بەڵێ‌ تاڵەبانی لەخانووە قوڕەكەی یاخسەمەرەوە ئاگاداری هەموو دنیا بوو، تەنانەت دەشیزانی بێشكچی زیندانییە‌و لەوێوە هەوڵی ئازادكردنی دەدا‌و هەموو جیهانی بۆ دەهەژاند. جێگەی خۆشحاڵییە كاروانی خەبات گەیشتە ئەم رۆژەی لەسایەی ئازادی‌و لە هەولێری پایتەختی كوردستان پێشوازی لە یەكێك لەدۆستە جوامێرو بەهەڵوێستەكانی كورد دەكرێ‌. 

دروودی رێز‌و ئەمەكداری بۆ بێشكچی زانا‌و بیرمەند‌و نووسەر‌و دۆستی راستەقینەی گەلی كورد.


PM:01:15:25/11/2015

ئه‌م بابه‌ته 2426 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی