‌زەنگی كۆتایی هەرێم.. لە ساڵی نوێدا
PM:02:27:02/01/2021
مەلا بەختیار

ئەمساڵ، خۆم لە قەرەی پیرۆزبایی ساڵی نوێ نەدا. چونكە ئەمساڵیش (2021) دۆخی سیاسی كوردستان و بژێوی خەڵك باشتر نابێ. پار.. وتمان هیوادارین ساڵی (2020) باشتر بێ‌، كەچی خراپتر كرا! 

كۆتایی ئەمساڵ وەفدی كوردستان كە لەبەغداد گەڕایەوە، لەناو پەرلەماندا وتیان: پیلانەكە لەبەغداد توندە و رەنگە هەرێمی كوردستانیش نەمێنێ‌ كە بەندە پێموانییە هەرێم نەمێنێ‌.. پێشتر گوتومە: هەرێم لە قاڵب دەدرێ‌!

لە ناو شۆڕشدا.. لە ئەنفالەكانیشدا، لە كیمیاباراندا .. لە راگواستندا .. هەرگیز نەوتراوە شۆڕشەكە دەبەزێ‌. كەچی ئێستا دوای (29) ساڵ حوكمڕانی، تازە تازە، سەرئەنجامی نەخوێندنەوەی بابەتیانەی روداوەكان.. دوور لە ئەقڵیەتی تەسكی حزبایەتی- حوكمڕانی، بەداخەوە، ئەقڵیەتی سیاسەتی سەپاندنی حزب، لە بری سەرخستنی ئەزمونەكە، هەرێمی كوردستانی لەم دۆخەدا گەیاندە بنبەست. كە دەكرا كوردستان لە وڵاتێكی وەكو سەنگاپورە نزیك بخرێتەوە. بەڵام ئەگەر قازانج سەری مایە نەخوات.. باشە!! 

دۆخێكی ئاوا.. كە موچە نەبێ‌.. پاشەكەوتی موچەخۆر خورابێ‌.. خەڵك بێزاربێ‌.. پەیوەندی حزبەكان لەبری هاوپەیمانی.. خەریكی شەمشەمەكوێرەكانی فەیسبوكی فەیكن! پارەی ئەم شەمشەمەكوێرانە بدەنە ماڵە هەژار.. نیوەیان تێر دەكرێ‌!
 
ئەوەتا.. زەنگی لەناوچونی هەرێم لێدرا كەچی حزبەكان، هەر لایەكیان لە هەوای حزبایەتی ناكەون. بازاڕی گومرگەكان بۆ گیرفانەكان گەشە.. كەچی موچەی خەڵكەكە.. سارد و سڕە!
 
سەركردایەتی سیاسی.. نە دەستكاری حكومەت دەكات.. نە كۆنتڕۆڵی داهات دەكات.. نە كۆنگرەی نیشتیمانیش بۆ چارەسەری كێشەكان دەبەستێ‌: 

ـ چەند حكومەت لەلوبنان سەرەنجامی قەیرانی سیاسی- دارایی گۆڕدراون؟ 
ـ چەند حكومەت لە عێراق، سەرەنجامی قەیران گۆڕدراون؟ 
ـ چەند حكومەت لە جەزائیر، سودان، لیبیا و یەمەن گۆڕدراون؟

حكومەتی كوردستان.. لەو حكومەتانە زیاتر توانای ئابوری شكستی خواردووە. كەچی لە (29) ساڵی رابردوودا، بۆ یەكجاریش حكومەت هەموار نەكراوەتەوە، ئەمە لە كاتێكدا، هەمواركردنی حكومەت.. بە گۆڕینی چەند وەزیرێك و پۆستێك.. ئاساییە. بەڵام ئەقڵیەتە حزبایەتیە تەسكەكەی حوكمڕانی.. رێی لەم هەمواركردنەش گرتووە. 

لە كۆتاییدا دەڵێم: هیوادارم ئەمساڵ خراپتر نەبێ‌ لە پار.. هەتا نەڵێین.. ساڵ بەساڵ خۆزگەمان بە پار.



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.