پەیامەکانی پشت گەورەکردنی رۆڵی سلێمانی و لێدانی بارزانی؟

‌ئه‌بو به‌كر كاروانی‌

کورتە فلیمەکەی ئەم  دوواییە ی ئێرانیەکان، لەسەر ڕۆڵی سلێمانی لەپارێزگاری کردن لەھەرێم بەرامبەر داعش وسوکایەتی بەبارزانی لەم کاتەدا، ھەڵگری زیاد لە ئاماژەو پەیامێکە، لەوانەش: 

١- بوون ومانەوەی ئێوە  بەھەڵوێست وبڕیاری ئێمەوە  بەندە، چونکە ناتوانن لەسەرپێی خۆتان بووەستن و بەرگری لەخۆتان بکەن

٢- ھەرکاتێك بمانەوێت دەتوانین ھەڕەشەتان لەسەر دروست بکەین وناچاری پەناھێنانتان بۆئێمە بکەین، لەبەرئەوە بیرکردنەوەتان لەدەرچون لەچوار چێوەی ستراتیژی ئێرانی بێ سودە؟

٣- ئێمە دۆستی راستەقینەتانین ولەکاتی پێویستدا فریاتان کەوتوین نەك تورکیاو ئەمەریکا، بۆیە لەسەرە پێچەکاندا بزانن روودەکەنە کوێ و چاوەڕوانیتان لەکێیەو بەرژەوەندی کێ دەپارێزن.

٤- ھاوکاری کردنی تورکیا لەدەرەوەی دیدو بەرژەوەندی ئێرانی وتێگەیشتنی ئەو بۆ پەکەکەو سیاسەتی عێراقی باجی ھەیە.

٤-  باس لەدۆستایەتی بایدن وبارزانی دادتان نادات، ئەوە ئێمەین چارەنوسی بارزانی دیاری دەکەین نەك بایدن.

٥- ڕەچاوکردنی دیدو بەرژەوەندی ئێران لەھەڵبژاردنەکانی داھاتوی  عێراق وگرێدراو بە مشت ومرەکانی سەر بودجە.

٦- توندکردنی جەنگی دەرونی ئێرانیەکان کەشارەزاییەکی زۆریان تێیداھەیە بەرامبەر ھەرێم بۆ دوو مەبەست: 

ا- زیاتر بێمتمانە بوونی گەلی ھەرێمەکە بەخۆی  وقوڵکردنەوەی ئەوبێ ھودەییە ی قەیرانەکان بەرامبەر ئێستاو ئایندەی خۆی بۆی دروست کردووە.

ب- قوڵکردنەوەی ململانێ حیزبی و دابەشبوونە نێو خۆییەکان.

لەڕاستیشدا دوای خوا و پێشمەرگەئەوەی ھەرێمی لەوێرانی وبەموسڵبوونی شارەکانی پاراست، ھێزی ئاسمانی ئەمەریکاو قەناعەتپێکردنی خۆرئاوا بوو بە دەستێوەردان. دەنا لەبەردەم شۆکی سەرەتادا بەرگریکردن لەشارەکان ئاسان نەبوو. ئەم فلیمەو بەچاودادانەوەی دەیانجاری ئێرانیەکانیش بۆ یارمەتیدانەکەیان ، بۆئاستی  زەلیل کردن، پێمان دەڵێت، ھەموو پێویستیەكمان بەوڵاتانی دراوسێ وچاوبەرەو ژێر بونیان ویەکتر سوكکردنمان لەناوەوە، باجی قورسی بەدواوەیە. 

ئەوەی  ئێمەشی بێ ھەیبەت کردووە، دۆخی  دابەشبوون وناکۆکی نێو خۆیی وگەندەڵی و ناعەدالەتی و لەسەرپێی خۆ نەوەستانی ئابوری و نەبوونی ستراتیژی نیشتمانیی ھاوبەشە. 
فهل انتم منتهون


PM:09:41:24/01/2021

ئه‌م بابه‌ته 1992 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی