دوا نامەی کاک نەوشیروان

‌عه‌دنان عوسمان


 عەدنان عوسمان

لە ٢٤/١/ ٢٠١٧ دا، حەوت هەڵسوڕاوی گۆڕان کە بەشێکیان لە پێگەی بەرپرسیارێتی گرنگ و هەستیاردا ئەبن، نامەیەک بۆ کاک نەوشیروان مستەفا ئەنێرن. ئەو هەڵسوڕاوانە سەرباری جەخت کردنەوەیان لە پاراستنی یەکڕیزی و تەبایی  بزوتنەوەکەو پێداگری لەسەر بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆی گۆڕان بۆ روبەروبونەوەی هەمو ئەو کێشانەی روبەروی ئەبێتەوە، لەهەمان کاتدا پەنجە ئەخەنە سەر ئەو جومگە لاوازانەو، ئەو بوارانەی کە پێیان وایە پێویستی بە پێداچونەوەو چاککردنی خێرا هەیە. ئەو هەڵسوڕاوانە لە شەش خاڵدا کۆی سەرنج و پێشنیازەکانیان ئەخەنە بەردەستی رێکخەری گشتی گۆڕان.

کاک نەوشیروان رۆژێک دواتر واتە لە ٢٥/١/٢٠١٧ وەڵامی ئەو هەڵسوڕاوانە ئەداتەوە. لەسەرەتای نامەکەیدا، کاک نەوشیروان ئاوا هەستی خۆی لەسەر ناوەرۆکی نامەی هەڵسوڕاوان بەیان ئەکات: " بە سوپاسێکی زۆرەوە نامەی ٢٤ی ١ی ٢٠١٧ تانم پێ گەیشت. زۆر پێخۆشحاڵ بوم  کە خەریکە کارکردنی بە تیم و گەڵاڵەکردنی بیری هاوبەش لە ناو هاوڕێکانمان دا بۆ کێشە ناوخۆییەکان و گشتیەکان دروست ئەبێ. ئەو بابەتانەی لە نامەکەتان باستان کردوە هەمویانم پێ گرنگن و، لە زۆری بۆچونەکان دا هاورام لەگەڵ ئێوەدا، رەنگە جیاوازیم لەگەڵ ئێوەدا تەنیا لە کات( تەوقیت) دا بێت."

لە درێژەی نامەکەیدا، کاک نەوشیروان باس لە شێوازی هەڵبژاردنی سەرکردایەتی گۆڕان دەکا  )دواتریش لە نامەیەکدا کە وەک وەسێتنامە بۆ جڤاتی ئەنێرێت، بەهەمان داڕشتن جەخت لەسەر ئەو پرسە ئەکاتەوە(: " ئاڵوگۆڕ لە هەیکەلی سەرکردایەتی بزوتنەوەی گۆڕان دا، لەچاو هەمو حیزب و رێکخراوەکانی تری کوردستان دا ئاسانترە. ئەوەشمان لە ئەنجامی شێکردنەوی تەجروبەی هەمو حیزبەکانی تر دەرهێناوە. بۆ ئەوەی سەرکردایەتی نەبێتە مۆتەکەی سەر لەشی حیزب. بۆ هەڵبژاردنی سەرکردایەتی پێویستمان بە بەستنی کۆنگرە نیە، وەکو حیزبەکانی تر، جڤاتی نیشتمانی بە شێوەیەکی ئاسۆیی لە هەمو باژێڕەکانی کوردستان و، لەناو رێکخراوەکانی تاراوگە هەڵئەبژێردرێ. ئەوانیش بێ ئەوەی پێویستیان بە بەستنی کۆنگرە بێ رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەراندن هەلئەبژێرن..... بە واتایەکی تر گۆڕین لە هەیکەلی سەرکردایەتی بزوتنەوەی گۆڕان دا هەمو وەختێ ئاسان و هەمو کات ئەشێ بکرێ."

وەک دەرئەکەوێت چ لەم نامەیەو چ لە زۆر بۆنەی تردا، مەبەستی سەرەکی کاک نەوشیروان لە داهێنانی ئەو شێوازەی سەرکردایەتی کردنەی گۆڕان، هەم نە‌هێشتنی سەرکردایەتی هەمیشەییە، وە رێگەگرتنە لە قۆرغکردنی دەسەڵاتی حزبیەوە لەلایەن یەک ئاراستەو گرایش، وەهەمیش بە ئاسانی و سادەیی و نەرم گۆڕینی دەستەی سەرکردایەتیە کە خۆی لە رێکخەرو خانەدا ئەبینێتەوە. گۆڕان لە ماوەیەکی کەمی دوای مەرگی کاک نەوشیروان دا، سەرکەوتوانە، سەرباری هەر تێبینی و رەخنەیەک، ئەم نەریتەی پیادە کرد.

بزوتنەوەی گۆڕان لە ٢٥/٧/٢٠١٩ دا، دەبێت بەهەمان روحییەت و ئیرادەوە، وە بەسود وەرگرتن لە دواتێبینی کاک نەوشیروان لەسەر پێکهاتەی خانە  کە دەبێ هاوبەشی نەوەکان بێت، ئاڵوگۆڕ لە سەرکردایەتی خۆی بکات، بەوەش هەنگاوی گەورە بە ئاراستەی چەسپاندنی ئەم شیوازە مۆدێرن و گەورەیە لە هەڵبژاردن و نوێنەرایەتیکردندا ئەنێت و، لە قۆناغی داهاتویدا، پێدەنێتە دەورانی خۆبەهێزکردن و هەستانەوەو نوێنەرایەتی کردنی هەمو دەنگە ئازاو ئازادەکانی کۆمەڵگا.


AM:09:16:24/07/2019

ئه‌م بابه‌ته 2584 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی