وەفدی دەستخاڵی بۆ لای گۆڕان

‌عه‌دنان عوسمان


پێشتر بزوتنەوەی گۆڕان لە وەڵامی داوەتنامەی بەشداریکردنی لە کۆبونەوە لەگەڵ مەسعود بارزانی، ئاماژەی بەوەدابوو تا دۆخەکە ئاسایی نەکرێتەوە بە پێویستی نازانێت ئامادەی هیچ کۆبونەوەیەکی لەم چەشنە بێت. ئێستا کە باس لە هاتنی وەفدێک دەکرێت بۆ لای گۆڕان کە لە سێ لایەن پێکاتوە و دوانیان پیشتر خۆیان بەشێک بون لە دروست بونی ئەم قەیرانەو لە گروپی چاکسازیخوازان و گۆڕانکاری لە سەرۆکایەتی هەرێمدا بون، تێناگەم چ واقعێک  گۆڕاوە کە گۆران بڕیاری ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ئەو وەفدەدا بدات.

من بە کورتی دەڵێم:
یەکەم: گفتوگۆ گرنگە و دەبێت بەردەوام بێت، بەڵام کات و شوێنی گونجاوی دەوێت. بۆیە نە دەبێ بەردەوام کۆبونەوە رەفز بکرێت و نەش دەبێت خێرا بۆ هەموو کۆبونەوەیەک رابکەین. سیاسەتی گۆڕان تا ئەم ساتەوەختە لەو بارەوە بە گونجاو دەزانم.

دووەم: پارتی سوورە لەسەر هەنگاوە نایاساییەکانی، هیچ ئاماژەیەک نیە لە پاشگەزبونەوەیان لەو کارانەیان. بۆیە دەبێت بیانوو چی بێت لەگەڵ لایەنێکدا دانیشتن بکرێت کە ئامادەی ئاسایی کردنەوەی بارودۆخەکی نەبێت کە خۆی تێکی داوە، وەک نییەت باشیەک پێش دەست پێکردنی گفتوگۆکان.

سێیەم:سەیرە گفتوگۆ لەسەر ئاسایی کردنی دۆخەکە بێت. مەفروز وابوو گفتوگۆ لەسەر  ئەو بابەتانە بێت کە ئەم دۆخەی خولقاند. دیارە ئەمە گەمەی پارتیەو پی دچێت تێدا سەرکەوتوو بێت کە بیەوێت پیش ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە لەگەڵ گۆڕان دانیشتن بکرێت بۆ ئەوەی کۆمەڵێک تەنازولات بە گۆڕان بکات بە تایبەت لە پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکی پەرلەمان. واتە سەر بە سەر
چوارەم: وەفد کە تەشکیل دەبێت پێویستە سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکات. بەلام بۆ نیشان نەدانی گرنگی گۆڕان و پێگەی سیاسی گۆڕان، پارتی و تاقمە هاوبیرەکانی، دەیانەوێت کۆبونەوەکان لە بارەگای گۆڕان نەبێت. ئەمەش بەشێکە لە هەڵمەتی نابوتکردنی بەردەوامی گۆڕان.

بۆیە پێم وایە:
لە ئێستادا هیچ پێویست بەم وەفد و کۆبونەوەیە ناکات. با پارتی و تاقمی لایەنگری، دۆخەکە ئاسایی بکەنەوەو پەرلەمان دەست بە کارەکانی بکات، پاشان دەکرێت گفتوگۆکان لە هۆڵی پەرلەمانەوە دەست پێبکاتەوە.
وەیا گەر گۆڕان پێی باش بێت لەبەر ئەم قەیرانە سەختانەی روی لە هەرێم کردوە گفتوگۆ بکاتەوە ئەوا دەبێت لە چوارچێوەی دوو خاڵ دا بێت:

یەکەم: گفتوگۆکان لەگەڵ گۆڕاندا لە بارەگای سەرەکی گۆڕان بێت.
دووەم: لەسەر دوو خاڵ بێت: قسەکردن لەسەر چاکسازی لە بارودۆخی دارایی هەرێم و گوێگرتن لە پێشنیازەکان و دانانی میکانیزمی خێرا بۆ دەرباز بون لەم قەیرانە گەر حکومەت و دەسەلات بەرنامەو ویستی جدییان هەیە لەو بارەوە. خاڵی دووەمیش قسەکردن لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و هەموو پرۆسەی چاکسازی بێت.
جگە لەم دوو خاڵە مەفروز نییە هیچ باس و خواسێکی تر بکرێت.


PM:12:55:01/02/2016

ئه‌م بابه‌ته 4222 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی