کێ دەوڵەتم بۆ دائەمەزرێنێت ئەفەندم

‌عه‌دنان عوسمان


بەرێزانم: کورد نەبۆتە دوو بەرەوە، بەرەیەک لەگەل دەوڵەت بێت و بەرەیەک دژی وەستابێتەوە. تکایە ئەم بوختانە گەورەیە لە پێناو دڵرازی کردنی ئەم و ئەودا دامەتاشن، ئەوە بۆ مێژوی خۆتان خراپە. بڕوا ناکەم کەسێک هەبێت خەون بەسەربەخۆیی نیشتمانەکەی و بەرزکردنەوەی ئاڵای پیرۆزی گەلەکەی لە نێو نەتەوەکانی تری دونیادا نەبینێت. ئاخر برادەرینە ئەو خەڵکانەی پەنجەی تۆمەتیان بۆ درێژ ئەکرێت هەموو گەنجیی و خۆشی ژیانیان کردە قوربانی ئەو خەونە. ئاخر ئەوان بون لە پێناو سەربەخۆیی نیشتمانەکەیاندا کونجی ئەشکەوتەکان و زیندانەکان و قەدی شاخ و ئاوارەییان هەڵبژارد. گوناحتان ئەگات بە کەسانێک دەیانەوێت بپرسن و تێبگەن، کەسانێک ئامادە نین لە ئاست ئەو خەرمانی کارەساتە چاو بنوقێنن و بڵێن بالروح بالدم، بڵێن بەڵی ئەزبەنی.

ئەوان دژ بە دەولەت نین. تەنها دەیانەوێت تێبگەن ئەو دەوڵەتە چۆن دروست دەبێت، کێ دروستی دەکات و میکانیزمەکانی چیە، ئاخر ئەفەندم ئەمە کۆنتراکتێکی نەوتی نییە تەنها خۆیان لێی ئاگادار بن، پرۆپۆزەڵی کۆمپانیایەک نییە تەنها برای وەزیر لێی بزانێت، برالە ئەمە چارەنوسی گەلێکە، ئەمە ئایندەمانە، هەمومان، تەنها ناوچەو بەشێک و حزبێک نییە.ئەمە لەوانەیە شەڕ و دەربەدەری بە دواوە بێت، لەوانەیە خۆبەستن و خۆ ئامادەکردنی بوێت، ئەی چۆن ئەبێت ئاوا بە شپرزەیی و لە ژوری تاریکدا قسەی لەسەر بکرێت؟؟؟
بەڵام راست دەکەیت دوو بەرە هەیە، شەری دوو بەرەکە لەسەر ئەوە نییە گوایە یەکێکیان شەو و رۆژ خەریکی خشت و قوڕ ئامادە کردنە بۆ دروست کردنی ژورێک بۆ ئەم میللەتە خیر لە خۆ نەدیوەو، ئەوی تریان دژی وەستاوەتەوەو شەوان خشتەکانی لێ تێکئەدات، نا برالە دوو بەرەکە لەسەر ئەوە نییە. دڵنیات ئەکەمەوە لەسەر خەون و هیواو ئاواتی بە دەوڵەت بون هەمومان، پێش هەمومان ئەوانەی گلەییان هەیەو رەخنەیان هەیەو ئەوانی تریش، هەموو یەک دەنگ و یەک رەنگ دەبین.
جا با پێت بلێم خیلافەکە لەسەر چیە .

ساڵی ١٩٧٠ تا ١٩٧٥ هەر هەموو کورد، پڕ بە دل یا نابەدڵ ، ریشی خۆیان تەسلیم بە بارزانی رەحمەتی کرد بۆ بەدیهێنانی خەونی دەیان ساڵەیان. بەشی زۆری ناکۆکیەکان وەلا نران لەو پێناوەدا. سەرکردایەتی ئەو کاتەی پارتی هەموو هێلکەکانیان (بەقەولی سیاسیەکان) خستبووە سەبەتەی شای ئێرانەوە. هەموو جوڵەیەکی پێشمەرگەو سەرکردایەتی شۆڕش لەلایەن شاو ساڤاکەوە دیاری دەکران. کە بیرەوەریەکانی کیسنجەر لەو بارەوە دەخوێنینەوە تێدەگەین ئەوان بە چ ستراتیجیەتێک و ئێمەش بە چ خۆشباوەریەک کارمان کردووە.

وەڵحاڵ زەمەن گۆڕاو چەرخی فەلەک بە ئاراستەی باش بونی بەختی حەمە رەزا شا جوڵا، بۆیە لە کون فە یەکونێکدا شۆڕش تاوێندرایەوەو کۆتایی بەو خەونە گەورەیە هێنراو لە چرکەیەکدا هەزاران شەهید و قوربانی، بون بە سوتەمەنی هێچێک. چونکە دواجار و دوای ساڵانێک لە شۆڕش هیچێکمان دەست کەوت و گەراینەوە بۆ خاڵی سفر.
زۆرێک لە دڵسۆزانی کورد لە دەرەوەو تێکۆشەرانی ناوەوە دەیانزانی ئەوە وەهمێکی گەورەیە پێت وابێت شایەک کەئامادە نەبێت رێگە بەیەک وشەی کوردی لە وڵاتەکەیدا بدات کەچی بیر لە دروست کردنی ئۆتۆنۆم و ولات بۆ ئەم بەشە گرنگەی کوردستان بکاتەوە. لای هەموو، جگە لە رابەرایەتی شٶڕش، مەعلوم بوو کە شا بۆ مەبەست و ویستی خۆی هاوکاری شٶڕش دەکات و هیچ کات لەخەمی کورددا نییە، بەهەمان شێوەش ئەمریکاو ئیسرائیل و ولاتانی تر.هەموی پەیوەست بوو بە دژایەتی کردنی حزبی بەعس و باشکردنەوەی تەرازوی هێز بە قازانجی خۆیان
ئەفەندم:

لە ئێستاشدا کە هەر وەک دوێنێیە( مێژوی کورد وەستاوە) حزبێک کە سەرتاپای پرۆسەی سیاسی ولاتەکەی تێک و پێک داوە، سەرجەم دامەزراوەکانی ئیفلیج کردووە، ئەوەندەی چاوی لە رەزامەند کردنی دڵی ئۆردۆگانە ئەوەندە لە خەمی دڵرازی کردنی هاوخەبات و تێکۆشەرانی گەلەکەیدا نییە، بیەوێت دەوڵەت دروست بکات؟؟ ئاخر ئەمە ئیتر نوکتەیە یا مەسخەرە؟؟

ئەزانی دوو بەرەکە کێن؟ بەرەیەک کە هەموو تەمەنی، هەموو ژیانی ، هەموو هیوایەکی ، دڵپاکانە، خەمخۆرانە خۆنەویستانە ناوەتە سەر ئەم خەونە گەورەییە، خەونی سەربەرزی و سەربەخۆیی. بیرت نەچێت سەربەرزیش بەشێکە لە سەربەخۆیی ئەزبەنی گیان. بەرەکەی تر ئەوانەن کە تەنها دەزانن بازرگانی بەو خەونەوە بکەن. دەوڵەت لای ئەوان تاکتیکێکە لە کات و ساتەوەختێکدا دەیرازێننەوە. جاران دێویزمەیەک بوو بۆ ترساندنی ناحەزان و داگیرکەرانمان، عەجەب ئێستا وا خەریکە بۆ ترساندنی رۆڵەکان گەل بەکاردەهێنرێت!!! سەیر و سەمرە ئەوەیە ئەفەندم تۆ بێیت بەشێک لە میللەتەکەت بە دروست کردنی دەولەتی کوردی بترسێنیت، پێت وابێت بەمە بەڕەکە لە ژێر قاچێان دەردێنیت، خەونی دەوڵەت لای تۆ بەشێک بێت لە پرۆسەی یەکلا کردنەوەی ململانێکان، باڵا دەستی و قپرخکاری، نابوت کردنی ئابوری ولات و دەست واڵا کردنی مافیایەک  سەرجەم بوارەکانی ژیانمان داگیر بکەن.

ئاخر برا کەس ناترسێت، ئەوانەی دەتانەوێت بیانترسێنن چەندین جار لە پێناو ئەو ئاواتەدا نزیک بونەوە لە پەتی سێدارە، دەیان رۆژیان لە ئەشکەوتە ساردەکان و زیندانە تاریکەکان  بردە سەر، ئەوانەن کە ساڵانێکە بەو هیوایەوە دەژین، پێخۆری و زادیان ئەو خەونەیە، تۆ چۆن بەوە دەیان ترسێنیت، بۆ مەقسەڵەیان بۆ دائەمەزرێنیت، بۆ پەتیان لە مل دەکەیت. وەرە پەت لە ملی ئەوانە بکە کە ئەو خەونە گەورەیە بە تیجارەت دەشوبهێنن، کە رۆژێک گەرمی دەکەن و سالانێک لەسەری ساردن. وەرە پەت لە ملی ئەوانە بکە هەر کات میللەت چەند هەنگاوێک دەڕواتە پێشەوە ئەوان دەیان هەنگاو بەرەو دواوەی دەبەن. پەت لە ملی ئەوان بکە.

ئاخر ئازیزم بە چ مەنتقێک ئەوانەی ساڵەهای ساڵە نەتوانن تەنها فەوجێکی یەکگرتومان بۆ دروست بکەن، تەنها ەڕاشێکی داماو بەبێ تەزکییەی حزبی دامەزرێنن، تەنها ئاسایشی کوێرە دێێەکمان بۆ یەکبخەن، هێڵەکانی دوو ئیدارەیی کاڵبکەنەوە،ئێستا بە قودرەتی قادر دەوڵەتم بۆ دروست بکەن و منی هاوڵاتیش بۆم نەبێت ئیستێک بکەم، بپرسم، بزانم. برا  واز بێنە لەو داماوانەی لە فەیس بووک لەبەر خەفەتی دڵیان، لەبەر بێکارەبایی و بێنانی و بێ گەرمی و هەزار بێی تر داوای کەرامەت و ژیانی سەربەرزانە دەکەن و پێیان وایە ئەوە لە خەونی دەوڵەت جیاناکرێتەوە. ئاخر برا من و تۆ و هەموو کورد دەزانین تەنهاو تەنها هۆکارێکی دەوڵەت بون سەربەخۆییە، سەربەرزییە، رزگاربونە لە کۆیلەیەتی ، لە پلە دوویی. ئەی نابینیت چۆن بەشی زۆری هاوڵاتیانی ولاتەکەت بە کۆیلە کراون، کۆیلەی موچەیەک کە وەک خێر و مەکرومەو سەدەقەی لێکراوە، نابینی چۆن سەختی ژیان خەریکە سەر بە شەهامەتی هەزاران کەسی ئەم ولاتە دادەنەوێنێت.

دوو بەرەیە برا: بەرەیەک کە لە زگی تێری خۆیەوە، دەوڵەتێکی بەسەردا دەکات و دواتر تەنها گوێمان لە قرقێنەکەی دەبێت. بەرەیەکیش داروخاوە، داڕزاوە، هەناسەی گەرمە، هیوای زۆرە. بە دل و گیان ، بە خوێن بە خۆشی خۆی و خانەوادەکەی کاری بۆ کردووە. بەرەی درۆیانە دامەتاشن، کەس کەس دژی کەرامەت نییە، دژی سەرفرازی نییە، دژی شەهامەت نییە، دژی خەونی باوو باپیر و منداڵەکانی نییە، کەس کەس. تەنها بازرگانەکان نەبێت کە ئەو خەونەش لایان وەک بەرمیلی نەوتەو نرخەکەی بە گوێرەی رۆژە.

برا ناکرێت، شورەییە پێتان وابێت کەسانێک هەن دژ بەو ویستە بن و کەسانی تریش هەبن شەوو رۆژ سەرقاڵی بنیات نانی ئەو هیوایەمان بن، سەیرە وا بیر بکەنەوە. ئەمە لە کوێی دونیادا هەیە.

بەلام تکایە تەنها ئەو مافە بەو خەباتگێرانە، بەو هاونیشتمانیانە، بەو خەونبینەرانە بدەن پێش ئەوەی پەتیان لە مل بکەن تەنها و تەنها پرسیارێک بکەن: ئەرێ گەلۆ دەوڵەت بە موبارەکەی ئۆردۆگانی کورد کوژ دەکرێت؟ ئەرێ دەولەت بەوە دەکرێت سەرتاپای ژیانی وڵاتەکە داروخێنیت، نوزەی تیا نەهێڵیت، ئاخر برا ئەو خەڵکانە ناهەقیان نییە تەنها پرسیارێک و گومانێکیان هەبێت: تۆ بڵێێ ئەوانەی قافڵەی ئاوادانیان بەم ئاقارە برد داخۆ کاروانی دەوڵەتمان بەرەو چ سەرگەردانیەک ببەن؟؟

تەنها پرسیارێکە، بەرە نییە. ئێمە بەرەکەمان وەک رۆژ رونە : بەرەی کار و خەباتە بۆ دەوڵەتی کوردستان کە سەربەخۆیی و سەربەرزیمان بۆ دابین بکات. بە کەرامەتەوە تێدا بژین. ئەمە بەرەی راستەقینەیە. ئەوی تر بەرەی دەوڵەت نییە ئەفەندم ئەوە بەرەی بە ئیمارە و بە سەڵتەنە کردنی بەشێکی بچوکی نیشتمانە. پلانەکەش هەر ئەوەیە. زۆریشی نەماوە رۆشنتر بێتەوە. بەرەی بارۆنەکانی نەوتە بەرەی گەل نییە.


PM:11:40:14/01/2016

ئه‌م بابه‌ته 4427 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی