تۆ بڵێی ئەم ماستە بێ موو بێت

‌عه‌دنان عوسمان

دەگێڕنەوە شەوێک لە بەردەرگای ماڵی مەلا نەسرەدین شەڕ و هەرا رودەدات، ژنەکەی هانی ئەدات بڕواتە دەرەوە بزانێت مەسەلە چیە، مەلا لەبەر سەرما بەتانیەک بە خۆیدا ئەپێچێت و ئەڕواتە کۆڵان، لەو نێوەدا بەتانیەکەی ئەدزرێت، ئەویش بە کزییەوە دێتەوە ماڵ، ژنەکەی ئەڵێ شەڕەکە لەسەر چی بوو، مەلا ئەڵێ لەسەر بەتانیەکەی من بوو چونکە هەر دوای ئەوەی بەتانیەکەیان دزیم ئیتر هیچ دەنگە دەنگێک نەما.
ئەو حاڵەتەی مەلا دەکرێت بۆ ئەم بارودۆخەی ئێستاش بگونجێت.

سەردەمانێک پەیوەندیەکانی نێوان گۆڕان و پارتی زۆر گەرم و گوڕ بوو، سەرکردەکانی هەردولا لە یەکبینینی بەردەوامدا بون، وا هەست دەکرا پەیوەندیەکانی ئەم دوو لایەنە لەئاستێکی زۆر باڵادایەو هەرێمەکەمان بەرەو ئارامی و خۆشگوزەرانی دەبات. گەرمی ئەو پەیوەندیانە وای کردبووهەندێک ناوەندی راگەیاندن باس لە رێکەوتنی شەرەفی نێوان هەردولا بکەن!!، ناوەندی تری حزبیی ئیرەییان بەو گەشەسەندنەی پەیوەندیەکان دەبرد و پێیان وابوو ئیتر سەردەمانی وەلا نانی ئەوان دەستی پێکردووە. لەم نێوەدا هەندێک لە بەرپرسانی یەکێتی، بە نیگەرانیەکی زۆرەوە سەیری ئەو پێشهادانەیان ئەکرد. پێیان وابوو بەشێکی روبەروی ئەوانەو ئاراستەی ئەوان دەکرێت، وایان وێنا دەکرد کە ئەمە سەرەتای رێککەوتنێکی ستراتیجی نوێیەو ئەوان تیدا فەرامۆش دەکرێن و بچوک دەبنەوەم لێرەو لەوێ قسەیان لەسەر هەوڵی پەراوێزخستنی یەکێتی دەکرا. لەم روەوە کێچ کەوتە کەوڵیان، پەیتا پەیتا لێدوانی ئاگرینیان دەدا، باسیان لە دۆخی ئابوری و سیاسی هرێم دەکرد، رەخنەیان بە چەپ و راستدا دەبەخشیەوە، دەیان کارەکتەریان: هەر لە ئەندامی پەرلەمانی ئێرەو بەغدا، تا بەرپرسە بالاکانی ئەو باڵانەیان، رەخنەی توندیان ئاراستەی کۆی سیستەمی حوکمڕانی و ئەو پەیوەندیانە دەگرت. بەجۆرێک هەست دەکرا کە یەکێتی و گۆڕان جێگۆڕکێیان کردوەو ئیتر یەکێتی خەریکە مەوقعی ئۆپۆزسیۆنی جارانی گۆڕان وەر ئەگرێتەوە.

ئەوسا و ئێستاش پێم وایە بەشی زۆری رەخنەی ئەو کارەکتەرانە دروست و واقعی بون. شایانی دەست خۆشی بوو. هەست دەکرا کۆمەڵێک کادری ئەو حزبە ئیتر سنورە داخراوەکانی هێڵە سورەکان دەبەزێنن و ئازایانە پەنجە دەخەنە سەر کێشەکان. ئەمە گەر مەنهەجێکی تازەو بەردەوامی ئەوان بوایە نەک جێگای رەخنە نیە بەڵکو جێگای ئافەرینیە. بەڵام هەرکە پەیوەندیەکانی گۆڕان و پارتی تێکچو و هیچ ئاسۆیەک بۆ لێکتێگەیشتنی ئەو دولایەنە نەمایەوە و جارێکی تر گەرانەوە بۆ خاڵی سەرەتا، بەڵکو زۆر زیاتریش بەرەو ئاڵۆزی رۆشت تا ئاستی موقاتەعەو بارگرژی مەترسیدار، ئا لەم ساتەوەختەدا، بینیمان و دەبینین بەشی زۆری ئەو کارەکتەرانە نوزەیەکیان لێوە نایەت، وشەیەک لەسەر ئەو وەزعە ناڵێن، هەڵوێستێکی رون و نارونیان نییە.

دەگوترێت گوایە مەکتەبی سیاسی ئەو دەرگایەی لێداخستون و دەمی کڵٶم کردون. ئەمە گەر راست بێت بە دوو باردا موسیبەتە. جارێ بۆدەبێ مەکتەبی سیاسی یەکێتی تەنها دوای ئەوەی پەیوەندی نێوان پارتی و گۆڕان تێک ئەچێت داوا لە ئەندامانی ئەکات بێدەنگ بن؟؟!! ئەی ئەو ئەندامانە بۆ پێشتر هیچ حسابێکیان بۆ مەکتەبی سیاسی نەدەکرد و ئێستا بۆ وا بۆ مەسەلەیەکی ناحەق گوێڕایەڵن؟!!

لە ئێوەی بەڕێزی ناشارمەوە ئەم بێدەنگیەی بەشی زۆری ناوەندی بڕیاردانی یەکێتی و کادرە قسەکەر و رەخنەگرە ئاگرینەکانیان لە لام جێگای تەعەجوب و لەسەر وەستانە. هەست ئەکەم ئەم ماستە بێ موو نییە.

 دەزانم پارتی رۆڵی سەرەکی و بەرپرسیارێتی یەکەم لە ئەستۆ دەگرێت لە ئاڵۆزکردنی کەشی سیاسی هەرێمدا، دەشزانم خەڵکانێکی زۆر لە یەکێتی ئەوکات و ئێستاش هاوبیر و هاوهەڵوێستن لەگەڵ گۆڕاندا. بە رای من یەکێتی ئازادە لە دیاریکردنی بەرژەوەندیەکانی خۆی و دانانی ستراتیجیەتی کاری خۆی. لەو بارەوە گلەییەکم نییە. تەنها قسەی من لەسەر ئەوەیە ئایا ئەمە نەخشە بوو؟ پلانێک بوو بەو ئاراستەیە؟ ئەگەر ئەوە بێت ئەوە بەراستی یاریکردنێکی قێزەون و رەشە.

بەهەر حاڵ هیوادارم هەڵە بم، بەلام ئەو دەمگەرمیەی جاران و بێدەنگیەی ئێستایان مرۆڤ دەخاتە گومانێکی قوڵەوە.


AM:11:59:11/01/2016

ئه‌م بابه‌ته 4587 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی