بەرەو پێکهێنانی یەکەی (٩٠)

‌عه‌دنان عوسمان


ئەگەر کار بە یاسای حزبەکانی ژمارە ١٧ی ساڵی ١٩٩٣ بکرابایە، ئەوا بە گوێرەی ماددەکانی ٣ و ٥ و ٩و ١٢ و بە تایبەتتریش ١٥ کە رێگەنادات حزبەکان هێزی چەکدار و نیمە چەکداریان هەبێت، دەبوایە زۆرینەی حزبەکانی کوردستان یا قەدەغە بکرانایە یا سزابدرانایە. کەچی نەک هیچ هەنگاوێک بە ئاراستەی رێگەگرتن لە هێزی چەکداری حزبی نەنراوە، بەڵکو پڕچەکتر و بەهێزتر و شەرعیتر کراون
.
‌هێزەکانی یەکێتی و پارتی کە لەلایەن حزبەوە سەرپەرشتی و تەمویل دەکرێن و خاوەنی فەرماندەیی تایبەتی خۆیانن لەدەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە( هەرچەندە وەزارەتەکەش هەر رەنگدانەوەی ئەو بارودۆخەیە) لە ئێستادا بەشێکی گرنگن لە مانەوەی باڵادەستی ئەم حزبانە. کەسیش ناڵێت لەبەر ئەوەی ئەم حزبانە خاوەنی هێزی چەکدارن ، حزبی ناشەرعی و نا مەدەنین، وەیا وەک دەستەو تاقمی یاخی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.

گۆڕان باشی کرد وەک هێزێکی مەدەنی بێ چەک هاتە ئاراوە. گەر لەسەرەتای دروستبونیدا هێزی چەکداری دروستبکردایە، ئەگەرێکی زۆربوو ناوچەکە لە ٢٠٠٩ و ٢٠١١ دا روبەروی ئەگەری شەڕی نەخوازراوی براکان ببوایەتەوە.بەڵام ئایا مەرجە ئەمە بۆ هەتایە وا بمێنێتەوە بە تایبەتی ئەگەر ئەو ڕاستیە لەبەرچاو بگرین کە بەشێک لە سیاسەتی خۆپڕ چەککردنی زلهێزە جیهانیەکان لە پێناو شەڕکردندا نەبوە ئەوەندەی لە پێناو رێگەگرتن بووە لە هەڵگیرسانی شەڕ لە چوارچێوەی سیاسەتی خۆپارێزی و رێگەگرتندا" ردع".

گۆڕان وەک هێزێکی مەدەنی کە خەبات ئەکات لە پێناو دیموکراسی و کۆمەڵگای مەدەنی و سەروەری یاسادا، دەبێت بزانێت ئەم رێگایە دورودرێژ و دڕکاویە. هێزگەلێکی پڕ لە توانا لەسەر ئەو رێگەیە لە کەمیندان و بە هەموو شێوەیەک بەرەنگاری ئەو گۆڕانکاریانە دەبنەوە.

رێگەگرتن لە سەرۆکی پەرلەمان لە لایەن بازگەیەکی چەکداری حزبیەوە، ئیتر زەنگێکی مەترسی بەهێز بوو لە ئاراستەو نییەتی چەکبەدەستانی ئێستای هەرێم.

هەنگاونان بەرەو یەکخستنی هێزی پێشمەرگەو بە دامەزراوەی کردن و دورخستنەوەی دەستی حزب لە هێزە چەکدار و ئەمنیەکان سەرەتای بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی مۆدێرنی دیموکراسی و زەمانەتی سەقامگیری وڵاتە. مەرج نییە ئەم ویستە تەنها بەوە بێتە دی کە هێزێکی تر دروست بێت خاوەن چەک نەبێت یا بڕوای بە پێکهێنانی هێزی چەکدار نەبێت. بەڵکو لەوانەیە بە پێچەوانەوە لە رێگەی بەهێزکردنی ئەو لایەنانە بێتەدی کە سەرباری ئەوەی خاوەن چەک و هێزی چەکدارن بەلام بڕوای پتەویان بە دامەزراوەیی کردنی وڵاتیان هەیە و کاری بۆ دەکەن.

ئەو هێزە دەبێتە ئەوەی:
 هەنگاوەکان بەو ئاراستەیە خێراتر بکرێت و چیتر بیر لە موحاسەسەو نیوە بە نیوە نەکرێت وەک ئێستا.
پشتگیریەک بێت بۆ هێزە مەدەنی و ئازادیخوازەکان و بەربەستێک بێت لەبەردەم هەر هەنگاوێکی دژ بە دیموکراسی و کودەتاچی.

 پێم وانیە هەنگاونان بەو ئاراستەیە پێچەوانەی پەیام و بەرنامەو روئیای گۆڕان بێت، بەڵکو تەنها دەستبردنە بۆ شیوازی نوێ لە بردنە پێشەوەی ئەو داخوازیانەو رێگەگرتن لە خۆسەپاندن و پشێوی نێو کۆمەڵگا. ئەم هەنگاوە زیاتر نزیکمان ئەکاتەوە لە مەبەست.




PM:09:24:07/12/2015

ئه‌م بابه‌ته 5552 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی