بۆچی دەبێت یوسف مەحەمەد هێڵی سور بێت لای گۆڕان

‌عه‌دنان عوسمان

هەرچەندە نە لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و نە لە پەیڕەی ناوخۆی پەرلەماندا شێوازی متمانە سەندنەوە لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دیاری نەکراوە، بەڵام بەو حوکمەی ئەو دەستەیە بە دەنگدانی زۆرینەی ئەندامان ئەو پۆستە وردەگرن، بۆیە ئاساییە کە بە هەمان شێوازیش واتە بەدەنگدانی زۆرینەی ئەندامان متمانەیان لێبسەندرێتەوە.

پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمان لە کوردستاندا بە رەزامەندی فراکسیۆنە سەرەکیەکان دەبێت کە زۆرینەی پەرلەمان پێک دێنن. لە عورفی کاری دامەزراوەکانی کوردستاندا هەر لە ١٩٩٢ ەوە تا ئێستا، پۆستی دەستەی سەرۆکایەتی، بە گوێرەی تەوافوقی لایەنە بەشداربووەکانی حکومەتەو رەنگدانەوەی ئەو رێککەوتنەیە کە لەسەر پۆستە سەرەکیەکانی حکومەت دەکرێت. هەر گۆڕانکاریەک لە پۆستەکانی پەرلەمان دەبێت هاوکات بێت لەگەڵ گۆڕانکاری لە پۆستەکانی کابینەکە.

دەستەی سەرۆکایەتی، سەرباری ئەوەی ئەندامی پەرلەمانن و سەر بە لیستەکانیانن، بەڵام رۆڵێکی کارگێڕی بەرچاو دەگێڕن و چاوەڕێی ئەوەیان لێدەکرێت بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ، خۆیان دووربگرن لە لایەنگرێتی و لەهەوڵی ئەوەدا بن بێلایەنانەو دور لە حەساسیەتی حزبی و سیاسی کارە رۆژانەکانی پەرلەمان بەرێوە ببەن. واتە سەرۆکی هەموو پەرلەمانتاران و پەرلەمان بن نەک تەنها فراکسیۆنەکانی خۆیان. سەرۆکی پەرلەمان لە هۆڵی پەرلەمان و لە کارە کارگێڕیە رۆژانەکاندا و وەک وتەبێژی پەرلەمان و نوێنەری، پێویستە لە یەک ئاستدا بەدەر لە لایەنگرێتی فکری و سیاسی خۆی کار بکات.

بەڵام دواجار دەبێت بیرمان نەچێت کە دەستەی سەرۆکایەتیش لەهەمانکاتدا ئەندامی پەرلەمانن، ئەندامی فراکسیۆنی خۆیانن، هەڵگری هەمان دیدگاو تێڕوانینی سیاسی لایەنە سیاسیەکەی خۆیانن. ئەوان بە هۆی ئینتمای حزبی و سیاسیانەوە پۆستەکانیان وەرگرتووە. بۆیە ناشێ و ناکرێ لەو مەسەلانەی کە پەیوەستن بە بەرنامەو دروشم و بەڵێنەکانی هەڵبژاردنەوە، ئەوان خۆیان نادیدە بگرن و بەشدار نەبن لە قسەو باسەکان و گەلاڵەکانی ئەو پرسانە.

سەرۆکی ئێستای پەرلەمان، لە کارە کارگێڕیەکانی خۆیدا و لە ئیدارەدانی گفتوگۆکانی نێو هۆڵی پەرلەماندا سەرکەوتوانە کارەکانی ئەنجام داوە. ئەوەی کە تایبەتیشە بەو چەند دانیشتنەی لەسەر پرسی سەرۆکایەتی کە بۆتە هۆی توڕە بون و رقلێبونی پارتی، ئەوا سەرۆکی پەرلەمان هەم بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان کاری کردوەو هەمیش رێزی لە زۆرینەی فراکسیۆنەکان و داخوازی زۆرینەی پەرلەمانتاران گرتووە. بونی نیسابی یاسایی یا نە، پێشکەش کردنی پرۆژە یا نە، خوێندنەوەی پرۆژە یا نە، ئەوانە بەشێکن لە میکانزمێک کە لە پەیڕەودا دیاری کراون و ئەرکی سەرۆکە جێبەجێیان بکات. 

بەرپرسیارێتی و ئاکامەکانی ئەو پرۆسانە لە ئەستۆی فراکسیۆنەکان و پەرلەمانتارانە نەک سەرۆکی پەرلەمان. بۆ نمونە کاتێک فراکسیۆنەکان پرۆژەیەک پێشکەش دەکەن، ئەوا ئەرکی سەرۆکایەتیە بیخاتە بەرنامەی کارەوە. فراکسیۆنەکان خۆیان دەتوانن ئەو پرۆژەیان بکێشنەوە یا داوای دواخستنی بکەن و بە دەنگدان یەکلا بکرێتەوە. خۆ ئەگەر فراکسیۆنەکان ئەو داوایەیان هەبوبێت و سەرۆک نەیخستبێتەوە دەنگدانەوە ئەوا دەکرێت لەو کاتەدا رەخنە لە سەرۆک بگیرێت.

ئەوەی پەیوەستە بە تێگەیشتنی د. یوسف بۆ پرسی سەرۆکایەتی هەرێم، ئەوا سەرباری پابەند بونی بە ئیجرائاتە ئسوڵیەکانی پەیڕەو و یاساوە، لەهەمان کاتدا لەدەرەوەی سیاقاتی کاری نێو پەرلەمان، پێویستە بەرێزیان پابەندی بەرنامەو سیاسەتی بزوتنەوەکەی بێت. واتە ئەگەر گریمان د. یوسف سەرۆکی پەرلەمان نەبوو وە بەرێزێکی تری گۆڕان ئەو ئەرکەی هەبوو، لەو حاڵەتەدا دەبوایە بەهەمان شێوازی کارکردنی گۆڕان ئەرکەکەی ئەنجامبدایە.

کورتەی مەبەستی من ئەوەیە کە د. یوسف هەم بەرنامەی حزبەکەی و هەمیش شێوازی کارکردنی پەرلەمانی بە جوانی و وردی پەیڕەو کردووە. کێشە لە کاک یوسف نییە، کێشە لەو عەقڵیەتەیە کە ئامادەی گۆڕانکاری لە پۆستەکان و رێزگرتن لە یاسا بەرقەرارەکانی نییە.

بۆیە نابێ، لە ژێر هیچ بیانویەکدا، بیر لەسەرکارلابردنی سەرۆکی شەرعی ئێستای پەرلەمان بکرێتەوە . هەق وایە ئەوە هێڵی سور بێت بۆ گۆڕان و نەچێتە ژێر باری کارێکی نا سیاسی و نائسوڵی لەم چەشنەوە. خۆ گەر پارتی یا هەر لایەنێکی تر لە کارنامەی سەرۆکی پەرلەمان ناڕازین یا رەخنەو تێبینیان هەیە، ئەوا دەکرێت لە رێی گفتوگۆ یا میکانزمە یاساییەکان، وەیا دەستکاری پەیڕەوی ناوخۆ چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە. ناکرێ لە پااشتی پابەند بونی بە یاساو پەیڕەوەوە بیر لە سزادانی بکرێتەوە.

پێم وایە کارنامەی ئەم ماوەیەی کاک یوسف لە روی ئیدارەدانی پەرلەمان و پەیڕەوکردنی یاساو لانەدان لە پەیامە ئەسڵییەکانی بزوتنەوەکەی، جێگای شانازییە بۆ ئێمەی گۆڕانخوازان و نەوەی نوێ.


PM:09:42:22/11/2015

ئه‌م بابه‌ته 4969 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی