موزیک و گۆرانی لە ستایشی سیاسییەکاندا

‌ساڤۆ سەردار

جۆرێک لە ھونەری گۆرانیگوتن ھەیە کە بە درێژایی مێژوو لە خزمەتی سیاسەت و بە تایبەتتر  سیاسیەکاندا بەکارھاتووە، ئەم جۆرە ھونەرە لە دنیای ئێمەدا لە وەزیفە ئەساسییەکەی خۆی کە تاڕادەیەک گوزارشتکردنە،  لە خەم و ساتەوەختە ئینسانییەکان دادەماڵرێت بەڵکو تەنھا دەخرێتە خزمەتی حیزب و ئایدۆلۆژیا سیاسیەکان، لە ھەوڵێک بۆ بە دۆکیومێنتکردنی مێژووی ساتەوەختی ئێستا دەبێتە ھەوڵێک بۆ بە دۆکیومێنتکردنی مێژووی تاکەکەس، لە زمانحاڵێکی گشتییەوە دەبێتە زمانحاڵێکی شەخسی، لە گواستنەوە و ھەبوونی پەیام و ئایدیای ئینسانیەوە دەبێتە پیاھەڵدان بەسەر سەرکردە سیاسیەکان، ئەگەرچی لە دنیای ئێمەدا ئەم جۆرە ھونەرە بە درێژایی مێژوو لە فۆڕمی جیاواز جیاوازدا بەکارھاتووە، بەڵام بەپێی مێژوو ھونەری پیاھەڵدان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاغا و دەرەبەگەکان کە لەلایەن گۆرانیبێژانی دەربار لە دیوەخانەکانی  سەردەمی خۆیان گۆرانیان بەسەردا گوتراوە.

بۆ تێگەیشتن لە ھەر حاڵەت و دیاردەیەک دەبێ بگەڕێینەوە بۆ ڕەھەندە مێژووییەکەی، ئەگەر چاوێکیش بە مێژووی سەدەی بیستەمدا بخشێنین پەیوەندیی نێوان ھونەر و سیاسەت بە شێوەیەکی گشتی لە چەند قۆناغێکدا خۆیان دەبیننەوە لێرەدا تیشک دەخەمە سەر ئەو جۆرانەی بە تایبەتتر لە  ستاییش و خزمەتی کەسانی ناو  کایەی سیاسەتدا بەکار ھاتوون:

١- لاوکی شێخ مەحموود ( کاوێس ئاغا لە لاوکی شێخ مەحمودا باس لە ھۆکاری شکانی مەملەکەتی شێخ دەکات و تەرازووی باسەکە بەلای شێخدا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەشکێنێتەوە).

ھەروەھا حەمەساڵح دیلان لە کۆچی دوایی شێخ مەحمووددا بەھەمان شێوە لاوانەوە بەسەر شێخدا دەچڕێت کە لە بەشێکیدا پیاھەڵدانە.

٢-  لە سەردەمی شۆڕش  و خەباتی گەلی کوردا، چەندین گۆرانی بۆ سەرکردەی حیزبە سیاسیەکان وتراون لەوانە:
(حەسەن زیرەک ، حەمە جەزا،... ھتد)، ھەروەھا لەسەردەمی شۆڕشی نوێدا تیپی موزیکی شەھید کارزان کە  سەربە (ی. ن. ک)، کە لە رووی ئایدۆلۆژیاوە، لە باڵی کۆمەڵەوە نزیک بوون.

٣-  سەردەمی شەڕی ناوخۆ،  ناکۆکیی حیزبە سیاسیەکان  ھەندێ لە  ھونەرمەندان بەسەر دوو بەرەدا دابەشببوون کە گۆرانیان بەسەر دوو حیزبە سیاسیەکەدا وتوە لەوانە: «ھاوتا ئەسعەد ، عەلی یارە، عەتا قەرەداغی، کەریم گوڵانی، .. ھتد».

٤- پروپاگەندەی ھەڵبژاردنەکان لەلایەن حیزبە سیاسیەکان  بە شێوەیەکی بەرچاوتریش لە لایەنی ئۆپۆزسیۆنەوە ،  لە ڕێگەی بەکارھێنانی ھونەری  گۆرانی میللی و شێوازەکانی دیکەوە دوبارە مۆدێلی بەکارھێنانی ھونەر بۆ خزمەتی سیاسەت و ستایشیکرنی سیاسیەکانیان زەقترکردەوە.
بۆ نمونە:  (گۆرانی ئینزیبات،  عەزیزی وەیسی، ئارام شەیدا، ماجد، شیروان عەبدوڵڵا، لەم دوایانەشدا  ئاوات بۆکانی ... ھتد. کە چەندین گۆرانیان لەم بوارەدا وتووە.

ئەگەرچی ئەم مۆدێلی پیاھەڵدانە لە سەردەمی سەددام حوسێندا لە لوتکەدا بووە وە چەندەھا سەرکردەی دیکەی جیھانی ھونەریان بۆ خزمەتی خۆیان  و پارتەکانیان بەکارھێناوە  لەوانە ستالین و ئەدۆڵف ھیتلەر و ڕەزا شای ئێران ...ھتد. توانای مانەوە و نەمریی ئەم جۆرە ھونەرە لە  چوارچێوەی کاتێکی دیاریکراو زیاتر نییە  چونکە جگە لە وەسفکردن و بە موقەدەسکردنی شەخس و لایەنێک ھیچ پەیام و ئایدیا و ئامانجێکی دیکەی نییە.

زۆرجار  مێژووش ڕەحم بەو ھونەرمەندانە ناکات کە بەرپرسیارێتی خۆیان لەبەرامبەر زمان و فەرھەنگی میللەتێک دەخەنە خزمەتی ئایدۆلۆژیایەکەوە.

 ھەندێک لەو سەرکردە سیاسییانەی لە پارچەکانی کوردستان گۆرانی وەسف و پیاھەڵدانیان بەسەردا گوتراوە وەک: «بنەماڵەی تاڵەبانی بە تایبەتتر جەلال تاڵەبانی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، نەوشیروان مستەفا، عەبدولڕەحمان قاسملو، بنەماڵەیی بارزانی و لەم دواییانەشدا نەوەکانی».

 ئەوەی شایەنی سەرنج و وەستانە ئەوەیە لە ئێستادا ھێدی ھێدی ئەم کلتورە بە فۆڕمێکی نوێ خۆی نمایش دەکاتەوە، بە شێوەیەکی بەرچاوتر لە زۆنی زەرددا، گۆرانی پیاھەڵدان خەریکە دەبێتە دیارەیەکی ھەنوکەیی لەوانە گۆرانی وتن: بەسەر بارزانی و نەوەکانیدا، لەلایەن گۆرانیبێژە زۆر دیارەکانی ناوچەی بادینان گۆرانیان بەسەردا دەوترێت کە تازەترینیان «عەبدولقەھار زاخۆی »یە، ئەوەی جێی سەرنجە زۆرجار بە زمانی عەرەبی و ھونەرمەندانی عەرەب ئەم گۆرانانە دەچڕن وەک «محەمەد عەبدولجەبار»، نوێترین گۆرانی لەم فۆڕمە نوێیەدا گۆرانیەکە بە ناوی کوردستان کە گۆرانی ئەو دوو گۆرانیبێژەن  لە سەرەوەدا ئاماژەمان پێدان کە ئەمەش درێژکراوەی ئەو مێژووەیە کە لە پێشدا تیشکمان  خستەسەر.

لە کۆتاییدا ئەگەرچی ھونەرمەند ئازادە لە شێوازی گۆرانی گوتنی خۆی و ئامانجی بەکارھێنانی گۆرانیەکانی لێ لە ھەمان کاتتدا گوێگر و بیسەریش ئازادە لە ھەبوونی ڕای خۆی و ھەتا ڕەتکردنەوەشی، چونکە پەیوەندی نێوان گۆرانبێژ و گوێگر پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی دوولایەنەی ناپاسیڤە، بۆیە نا مومکینە ھیچ ئیشێکی ھونەری بەبێ گوێگر وەزیفەی خۆی تەواو بکات.
 
ئەو  کتێبانەی وەک سەرچاوە بەکارھاتوون:
موزیک و سیاسەت،  توانا حەمە ، چاپی  یەکەم، ٢٠١٧.
مێژووی گۆرانی و مۆسیقای کوردی، فەرھاد پیرباڵ، چاپی یەکەم، ٢٠١٠.


PM:03:54:02/03/2021

ئه‌م بابه‌ته 1796 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی