کۆیە

‌به‌یار عومه‌ر عه‌بدوڵا

شاری کۆیە یەکێکە لە شارە هەرە زیندوەکانی کوردستان. شوێنی پێگەیاندنی چەندین سیاسی و ئەدیب و شاعیری گەورەی وەکو (حاجی قادر و مەلای گەورە و دڵدار) بووە. کۆیە ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا. هەروەها یەکێک بوە لەو شوێنانەی کە بزوێنەری شۆڕشەکانی کورد بووە. بەڵام لە جیاتی پاداشت، بایەخێکی ئەوتۆی پێنەدراوە.

ئێستا کۆیە پەراوێزخستنێکی زۆری پێوەدیارە؛ دەبوو زۆر لە ئێستا ئاوەدانتر بوایە. کۆیە لە دوای شەڕی ناوخۆ و جیابونەوەی زۆنی سەوز و زەرد، بووە قوربانی؛ لە ڕوی ئیداریەوە سەر بە پارێزگای هەولێرە، بەڵام لە ڕوی سەربازی وسیاسی و کەلتوریەوە سەر بە پارێزگای سلێمانیە. ئەمە وایکردوە کە کۆیە لە نێوان دوو بەرداشدا بهاڕدرێت و ببێت بە یەکێک لە شارە پشتگوێخراوەکان.

ئەگەر ئەم دەڤەرە ببێت بە هەرێمێک. یەکێک لە چارەسەرەکان بۆ کۆیە ئەوەیە کە ڕاپرسی تێدابکرێت و ببێت بە بەشێک لەم هەرێمە، هاوکات لە چوارچێوەی ئەم هەرێمەدا بکرێت بە پارێزگایەک کە (تەقتەق و ئاشتی و سکتان و سێگردکان و شۆڕش) و تەنانەت (دوکان و خەلەکان) و هەندێک ناوچەی چواردەوری بخرێتەسەر.

کۆیە چەندین فاکتەری هەیە بۆ ئەوەی ببێت بە یەکێک لە پارێزگا دەوڵەمەندەکان. 

١-کەرتەکانی نەوت، کشتوکاڵ، و پیشەسازی:
دەکرێت سود لە کێڵگە نەوتیەکانی شیواشۆک و تەقتەق وەربگیرێت، هەم لە شێوەی پەترۆدلاردا بۆ بوژاندنەوەی ئابوری کۆیە و تەقتەق و سنورەکە بە گشتی و پێشخستنی خزمەتگوزاری تێیدا، هەم سودی لێوەربگیرێت بۆ دروستکردنی پاڵاوگەی نەوت و کارگەی پەترۆکیمیایی، کە هەزارەها هەلی کار لە ناوچەکەدا دەڕەخسێنێت.

هەروەها پەترۆدۆلار بەکاربهێنرێتەوە بۆ دروستکردنی چەندین بەنداو و پرۆژەی ستراتیژی لە کۆیە و چواردەوری، کە دەتوانێت ئاو و کارەبای کۆیە دابین بکات و هاوکات لەو ڕێیەوە پەرە بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراک و گەشتوگوزار بدرێت.

٢-کەرتی گەشتوگوزار:
کۆیە سروشتێکی جوانی هەیە و بە شاخەکانی هەیبەت سوڵتان و باواجی دەورە دراوە. دەکرێت ئاوی حەمامۆک و چنارۆک و شاخی کۆسار و بەنداوی سماقوڵی بکرێن بە شوێنی گەشتیاری. 

کۆیە چەندین شوێنەواری دێرینی تێدایە وەکو قەڵای کۆیە (قشڵە) کە لە ساڵی  ١٨٧٠دا لە سەردەمی عوسمانیەکاندا دروستکراوە، وەکو قەڵایەکی سەربازی بۆ پارێزگاری لە کۆیە و چواردەوری.

دەبێت چوارتاقان و بازاری کۆیە و خانی مەحمود ئاغا و حەوشی گەورە و ماڵی مەلای گەورە (باوکی نوسەری گەورەی کورد، مەسعود محەمەد)، گوندی هەرمۆتە و مەزارگەی مەربێن قەدێشە، کە قەشەیەکی مەسیحیەکانی کۆیەیە لەگەڵ شوێنەوارانەکانی تری کۆیە نۆژەنبکرێنەوە لەسەر شێوازی کۆن. دوای پەرەدان بە شارەکە و چواردەوری، دەتوانرێت ڕیکلامی بۆ بکرێت و ساڵانە هەزارەها گەشتیار لە کوردستان و ناوچەکانی تری عێراقەوە ڕویتێبکەن.

بە کورتی، ئەگەر لە چوارچێوەی هەرێمی سلێمانیدا، کۆیە بکرێت بە پارێزگایەک و داهات و دەسەڵاتی پێبدرێت، دەتوانرێت بکرێت بە یەکێک لە پارێزگا دەوڵەمەند و نمونەییەکان.


PM:03:28:08/02/2021

ئه‌م بابه‌ته 1224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی