لەستایشی قسەنەکردندا

‌شەنگار سابیر

1_رەنگە قسەنەکردن_لەنیگای یەکەمدا وادەربکەوێت ئاکتێکی دژە فەلسەفییە،ھەموو قسەنەکردنێک جۆرێک لە پاشەکشێی فەلسەفییە، ھەموو بێدەنگییەک پاسیڤیزمێکیشی لەخۆیدا شاردۆتەوە و[رەنگیشە بگوترێت سوبێکتی پاسیڤ ئەو سوبێکتەیە کە پەرشدەبێتەوە لەناو سوبێکتیڤیتەی کۆمەڵگەدا] واتا کۆمەڵگەیەکی وەکو کۆمەڵگەی شەرقی لێبەرھەم دێت،گەرچی ھێشتاکێ شەری زیاتر و ئاڵۆزی زیاتر، زیاد دەکات.

بەڵام کۆمەڵگەی شەرقی زیندووترە لەناو کۆنتێکستە جیۆپۆلۆتیکیەکەیدا.گەرچی قسەنەکردن وادەردەکەوێت دژ بە فەلسەفەبێت، دژ بە زیندوویەتی ناو جڤاکە جیاوازەکانبێت، بەڵام لە راستیدا قسەکردنیش بەھەمان جۆر لەدەرەوەی سیاق_دژ بە فەلسەفە و ئاکتە جیاوازەکانە.ئەگەر بێدەنگی ریشەیەکی قوڵی بە بیرکردنەوەوە ھەبێت، ئەوا قسەکردن بە ئاستەم تا ئاستی قسەکردن لەناو گوتارە فەلسەفیەکاندا بەرز دەبێتەوە.ئەگەر قسەنەکردن لەھەناویدا دونیابینیەک شاردرابێتەوە،ئەوا قسەکردن دژ بەو دونیابینیەیە کە وەکو تارمایی دەمێنێتەوە.ھەندێک جار دەبێت بە تارمایی سیاسی و ھەندێک جاریش لەناو تارمایی مێژوو خۆیدا وندەبێت.

2_ئیمرۆ لە ھەموو جیھاندا خەڵکی لەناو تۆرێک پەیوەندی و قسەکردنی ئاڵۆزدا ونبووە، خەڵکی قسەدەکات، قسەکردن دەبێتە میکانیزمێکی نوێی سوبێکت تا لەرێگەیەوە لە جیھان ونەبێت، تا لەرێگەی قسەکردنەوە ئامادەیی خۆی بھێڵێتەوە لەناو مێژوودا.

قسەیەک ھەیە کە نازانم کێ دەیکات و لەیادم نییە،دەڵێت:مرۆڤی مۆدێرن مرۆڤێکی تەنیایە"راستی ئەم قسەیە ئەوەیە کە مرۆڤی مۆدێرن مرۆڤێکی قەرەباڵغە بۆیە تەنیایە،مرۆڤێکە لەناو تۆرێکی گەورەی ئینتەرنێتیدا سەری لێشێواوە،تاکە ئامرازێکیش ببیبەستێتەوە بە دونیاوە تەنھا قسەکردنە.

ئێمە رۆژانە لێرەوە خەڵک دەبینین قسەدەکات،گرنگ نییە چی دەڵێت،نە بۆ ئێمەو نەبۆخۆشی گرنگ نییە چی دەڵێت،بەڵکو تەنھا گرنگ ئەوەیە قسەبکات تا نەبێت بە ئەنتی ماتەر،تا بەردەوام وجودێکی فیزیکاڵی بداتەوە بەخۆی.ئەم جۆرە لە قسەکردن گەرچی لێشاوێکی گەورەیی دونیاییە،بەڵام لە دونیایی ئێمەدا بەتەواوی سوریالی_دەبێتەوە.قسەکردنەکان قسەکردنی سوریالین،زمان تا دوا شوێنی خۆی ھەرزان_cheap_دەبێتەوە.

ھەمووکەس قسەدەکات بێ ئەوەی کەس ھیچی گوتبێت،ئاسۆی بینین ھەرزان و کورتخایەن دەبێت.با نمونەیەک کە تراژیدیایەکی ترسناکی لە ژێر پەردەی ئایدۆلۆژیای قسەکردندا شاردۆتەوە،نمونەی ئەو وێنانەیە کە وێنەی ھەندێک بیرمەندی و فەیلەسوفە و ھەندێک قسەی سەیر و سەمەرەیان لەسەر نوسراوە.[وێنەیەکی بەختیار عەلیم]بینی لەسەری نوسرابوو ؛قفڵی چەنە لالە؟!!
ئەمە تەنھا نمونەیەکە لە لێشاوی گەورەی قسەکردن،وەک ئەوەی مرۆڤ تەنھا قسەکردنی بەدەستەوەمابێت تا لەناویدا بژی.

3_بین ستیلەر_ Ben Stiller_لە فیلمی Night at the Museum_

دەچێتە بەردەم پەیکەری_بیرمەندی_رۆدان و لێی دەپرسێت چیدەکەیت؟ پەیکەرەکەش وڵام دەداتەوە کە دەڵێت بیردەکەمەوە،بین ستیلەر دووبارەت دەکاتەوە کە بیر لە چی دەکەیتەوە؟ ئەویش دەڵێت نازانم تەنھا بیردەکەمەوە..! ئەم دیوەی پەیکەری بیرمەند کە فیلمەکە نیشانمانی دەدات،ئەو پانتاییەشە لە قسەنەکردن کە سوبێکتێکی لاوازی و بودەڵەی دروستکردووە.

بیرکردنەوە بێ خودی بیرکردنەوە چییە جگە لە خۆفریودان،بیرکردنەوە تا ئەو جێگەیە بیرکردنەوەیە کە بەمیکانیزمێکی راستەقینەی بیرکردنەوەدا بروات_مەبەستم بیرکردنەوەی فەلسەفییە_ئەگەر خاڵی بێت لە خودی بیرکردنەوە و جۆرێک بێت لە کلیلی فریوێکی گەورەتر، لەھەمان سیاقی زۆر قسەکردن دانابرێت. ئەمەش بۆخۆی دەردێکی کوشندەی سوبێکتە مۆدێرنەکەیە.

ستایشی من بۆ قسەنەکردن لەو جێگەیەوە دێت کە ھەمیشە مەودایەک لەنێوان خۆت و گشتدا بھێڵیتەوە،مەودایەک لەنێوان خۆت و جڤاکە سیاسیاکاندا بھێڵیتەوە، لەنێوان و خۆت و زمانی ئەوانیتردا،ھەمیشە مەودایەک ھەبێت کە بیرکردنەوە نوێنەرایەتی ئەو مەودایە بکات.بێدەنگی لەم ساتەدا رەنگە ئاکتێکی تەواو رادیکاڵ بێت، بێدەنگ بوون لەم قۆناغانەدا ھیچی لە شۆرشێک کەمتر نییە کە دژ بە ژاوەژاوی ئەویدی دەیکەیت..!


PM:12:32:02/01/2021

ئه‌م بابه‌ته 1484 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی