کوردو خەیاڵی پشتگیری ئەمریکا

‌هیوا مەحمود عوسمان

هاوڕێیه‌ك پرسیاری كرد تره‌مپ و بایدن له‌سه‌ر پرسی كورد جیاوازییان چییه‌؟ منیش به‌مجۆره‌ وه‌ڵامم دایه‌وه‌:
هیچ جیاوازییه‌كیان نییه‌، چونكه‌ كاتێك به‌رپرسێكی كورد له‌گه‌ڵ هه‌ر به‌رپرسێكی ئه‌مریكی قسه‌ ده‌كات به‌رپرسه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ هانی به‌رپرسه‌ كورده‌كه‌ ده‌دات كێشه‌كانیان له‌گه‌ڵ پایتەختی وڵاتەکەی چاره‌سه‌ر بكات.

سه‌رباری ئه‌وه‌ی كورد چی له‌ به‌رژوه‌ندیی ئه‌مریكا ده‌ڵێت و چیی بۆ ده‌كات، سیاسه‌تی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ریان جێگیره‌ و ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كورد هاوڵاتیی ئه‌و چوار وڵاتەن كه‌ تیایدا ده‌ژین و له‌وه‌ زیاتر نییه‌.

ئه‌مریكا ریفراندۆمه‌كه‌ی كوردستانی ره‌تكرده‌وه‌، كوردی ئێرانی پشتگوێ خستووه‌ هه‌ڵوێستیان به‌رامبەر پارتی كرێكارانی كوردستان وه‌کوو تورکیایە کە به‌ رێكخراوێكی تیرۆرستیی ده‌ایدەنێت، بێباكن به‌رامبه‌ر كوردانی سوریا، هه‌موو ئه‌مانه‌ ئاماژه‌ی روونن بۆ ئه‌م سیاسه‌ته‌ی ئه‌مریكا.

به‌ كورتی و به‌ كوردی ئه‌مریكا وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی دابه‌شكراو له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا لە کورد ناڕوانێت، جا بایدن سه‌رۆك بێت یان تره‌مپ. ئه‌مریكا كورد له‌ عیراق و سوریا و توركیا و ئێران به‌ كه‌مینه‌ ده‌زانێت، هه‌ر شتێك له‌وه‌ زیاتر بیری لێ بكرێته‌وه‌ ئه‌وه‌ ته‌نها هیواخواستنی كورد خۆیه‌تی و لای ئه‌مریكا وا نییه‌.

راستییه‌ تاڵه‌كه‌ بۆ كورد ئه‌وه‌یه‌ كه‌ باشتركردنی دۆخی كورد له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ده‌بێت له‌رێگای به‌غدا و ئه‌نقه‌ره‌ و تاران و دیمه‌شقه‌وه‌ بێت، نه‌ك واشنتۆن.


PM:03:51:30/10/2020

ئه‌م بابه‌ته 3272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی