چ جورئەتێکە؟

‌کاروان گەزنەیی

چ جورئەتێکە بەرامبەر بە نەخۆشی شێرپەنجە و دەرمانە ڕۆژییەکان بتوانی خیانەت بکەیت؟!

هەموو جۆرە دزی و تاڵانییەک لەم وڵاتە سەری هەڵداوە، بە ڵام قاچاخی و دزین و تاڵانی لە دەرمان و خۆراک، دەبێت هێڵی سوور بێت. ئەمانەی ئەو کارانە دەکەن زۆرینەیان بەرپرسی زۆر باڵا و بازرگانی گەورەی هاوبەش لەگەڵ هەندێک بەرپرس دەیکەن. 
بەشێک لە دەرمانەکان بە شێوەی نایاسایی دێنە هەرێمی کوردستان، لەوە کارەساتتر ئەوەیە کە وەزارەت بەفەرمی لە بازرگانە قاچاخچییەکانی دەکڕێتەوە. لە هەمووشیان هەستیارتر دەرمانە دەگمەنەکانی شێرپەنجە، و بەنجن، کە بەردەوام بەکار دەهێندرێن. 

شێوازی هەڵگرتن وگواستنەوەی ئەودەرمانانە، بۆ نمونە دەرزی بایۆلۆجی تەنها بە ڕاوەشاندنی زۆر دەرمانەکە خراپ دەبێت و سودەکەی نامێنێت، زۆری دەرمانەکان کە بە شێوازی دەرزی هەن دەبێت لە پلەی گەرمی (2-8 )ی سیلیزی هەڵبگیرێن تەنانەت لەکاتی گواستنەوەشدا دەبێت بە بەڕاد بیگوازنەوە ، بێگومان دەرمانی قاچاغیش نە بەبەڕاد دێت وە گواستنەوەی زۆریشیان بەڕێگای لاوەکی و ڕێگای خۆڵ دەبێت و هەندێکیان لەسەر گزۆزی ئۆتۆمۆبێل دادەندرێن، کە لەوکاتەدا ئەگەر دەرمانەکەش تەزویر نەبێت دەبێتە هۆی خراپ بوونی و دواتر نەخۆش سودی لێ نابینێت و دەبێتە هۆی بەهەدەردانی پارە وە هەروەها ژیانی نەخۆشەکەش دەکەوێتە مەترسیەوە لەبەر ئەوەی ئەگەر دەرمانەکە ئیشی نەکرد شێرپەنجەکە زیاتر تەشەنە دەسێنێت و بڵاو دەبێتەوە بۆ بەشەکانی تری لەشی نەخۆشەکە.

سەرباری دەرمانی شێرپەنجە، بەشێک لە دەرمانی بەنج و نیو بەنج بە شێوەی قاچاخ داخڵ دەکرێن و بە ماتۆڕ سکیل دەفرۆشرێن و تەنانەت وەسڵی کڕینیشیان لەگەڵ نیە و ناچنە کوالێتی کۆنتڕۆڵ، لە کاتێکدا ڕۆژانە لە زۆربەی زۆری نەخۆشخانەکانی هەرێم لە  حکومی و تایبەت بە کاردەهێندرێن. 

تێبینی: ناوی هەموو دەرزی و کۆمپانیا و وێنە و بەڵگەی بە قاچاخ داخڵکردنمان داوە بە دەستەی بەدواداچوون لە داواکاری گشتی بۆ ئەم مەلەفە هەستیارە و هەموڕێکارە پەرلەمانییەکانیشمان گرتووەتە بەر، و چاوەڕێی ئەنجامی کۆتای لیژنەی تەندروستی دەکەین!! ئیتر کاتی ئەوەی ڕای گشتی لەو مەترسییە لە ژیان و مردن ئاگادار بکەینەوە و کۆتای بە مافیا گەرێتی لە دەرمان بهێندرێت!

ناوی بەشێک لە دەرمانەکان:
Propofol ampul 
Adrenalin ampul 
Lidocaine bottl im 
Lidocaine ampul iv 
Cordaron ampul 
Ezmeron vial 
Atracrume ampul 
Heparen vial 
Marcine ampul 
Metoprolol ampul 
Anjesed ampul


AM:09:42:20/10/2020

ئه‌م بابه‌ته 2420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی