‌روداوەکانی پێش 16ـی ئۆكتۆبەر، ئەو رۆژە شومەیان هێنایە ئاراوە
PM:12:12:16/10/2020
بارزان شيخ عوسمان

بارودۆخ و روداوەكانی پێش شانزدەی ئۆكتۆبەر، ئەو رۆژە شومەیان هێنایە ئاراوە 

 بەر لەوەی ناوەڕۆكی بابەتەكە بخەمە رو ،ئەمەوێت ئەو راستییە   بە بیر بێنمەوە كە دەستوری عێراق بە هەمو جۆرێك پێشێل كراوە و هیچ كام لە دامەزراوەكانی عێراق پابەندی نین، نە حكومەت نە پەرلەمان  نە دادگای فیدراڵیی و چی و چی ، دیارە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هەر پابەندی نەبوە (كە هەندێك جار ناهەقیشی نەبوە ) . 

كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكانی تری چوارچێوەی مادەی 140 ی دەستور یەكێكە لەو گرێ كوێرانەی كە لە ساڵی 2013 بە دواوە هەنگاوی بەرەوپێش چونی  بە خۆوە نەبینیوە  بۆ یەكلایی كردنەوەیان بە پێی دەستور    ،بۆیە هەمو مەسەلەیكی پەیوەست بە خاوەندارێتی ئەو ناوچانە و مافی هەڵس وكەوتی قانونی، ئیداریی ،سەربازیی و ئەمنیی  بە هەڵ پەسێر اوی ماوەتەوە یاخود بە رێككەوتنی سیاسیی رێگە چارەیان بۆ دانراوە یان جێگیر بونی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانەدا بە تایبەتیی هێڵەكانی تەماس  بوەتە ئەمری واقیع (دیفاكتۆ) .مەسەلەی  جێگیر بونی هێزی پێشمەرگەی سەر بە هەرێمی كوردستان لەو ناوچانەدا لە دوای ساڵی 2003 ەوە بە ئێستاشەوە ،خاڵی ناكۆكیی سەرەكیی هەمو حكومەتەكانی عێراقی نوێ یە  لەگەڵ كوردی ئەو ناوچانە  لە لایەك و حكومەتی فیدراڵیی و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لایەكی تر.

 بەڵام تا سەرۆك مامجەلال لە چەقی بڕیاردان دا  بو، بە سیاسەتە حەكیمانە و ژیرانەی خۆی  ئەو كێشانە لە گەرمەی تەشەنەسەندنی گرژیدا  كپ ئەبونەوە  و لایەنە توند و هەڵچوەكانیش  سارد ئەبونەوە و قایل ئەبون .كەركوك و وەك لە دەستوردا هاتوە )، ناوچە كێشە لەسەرەكانی تر هەمیشە كارتی بەهێزی دەستی هێزە سونییەكان و(شیعە عروبییەكان) بوە بۆ گوشار خستنە سەر كورد  بە تایبەتیی لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا كە خوا هەڵناگرێت هێزە ئیقلیمییەكانیش رۆڵی سەرەكییان هەبوە لە دنەدانیان و دروستكردنی گرژیی و نائارامیی لەو ناوچانەدا بە تایبەتیی توركیا ، بۆیە سەرۆك ماجەلال هەمیشە تكای ئەكرد سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان و هێزە كوردستانییەكان  لەو ناوچانەدا پشو درێژ  بن  و سەبری شۆڕشگێڕانەیان هەبێت و بە ژیرانە مامەڵە بكەن  و  خۆیان  نەخەنە  داوی هەرزەیی سیاسیی و دروشمی بان ناسیونالیزمیی كۆنە پەرستانە لەو بارەیەشەوە هەمیشە فەرمویەتی مامەڵە كردن لەگەڵ كەركوك ئەو ناوچانەدا وەك نەشتەرگەریكردنی مێشك وایە  بچوكترین هەڵە یانی شكستی نەشتەرگەرییەكە و  لەدەستدان و وەستاندنی مێشكەكە. بەڵام بە داخەوە دوای نەخۆشییە كەی مامی گەورەمان رۆژ بەرۆژ كورد هەڵەی زیاتری ئەكرد ، رۆژ بەرۆژ هەرزەیی سیاسیی و دروشمی هەرزەیی ناسیۆنالیستیی ناواقیعی لە ئاست رەوایی گەڕانەوەی دەستوریی كەركوك و ئەو ناوچانە  تەنگی بە هەمو رێگە چارەیەكی تر هەڵچنی ،. هەر جارەی بەزمێك بەرۆكی كوردی ئەو ناوچانەی  ئەگرت، سەركردایەتیی كوردستانیش بە هەمان ئەقڵیەتی شۆڤێنی و كەم ئەزمونیی سیاسیی وەڵامی ئەدایەوە.شەڕی داعش دەرفەتێكی وای خوڵقاند  تا هێزی پێشمەرگە لە چەندین ناوچەی تری بازنەی 140 و ئەولاتریش جێگیر بێت كەپێشتر هێزەكانی حكومەتی فیدراڵیی تیا جێگیر بون ، سەرباری ئەوەی كە هەماهەنگیش نەكرابو لەگەڵ فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراقدا (كە بە هۆی شكستی موسڵ و ناوچەكانی تر ەوە ئەو قورساییەی نەمابو ).

من نامەوێت بچمە ناو  چەندین موناقەشە و بگرە و بەردەی پەیوەست بە گۆڕانی ئەركی پاراستن و بەرگرییكردنی بەشێكی ئەو هێزانە لەو ناوچانە و سنوری دەستوریی هەرێمی كوردستانەوە   بۆ  ئەجیندا و بەرژەوەندیی تر    كە بوە هۆی هێرشەكانی شانزدەی ئۆكتۆبەر ولایەنێكی سیاسیی  خۆیان كردە پاڵەوانی كوردایەتیی و سیمبولی ناسیونالیستیی ،ئەوانەیشیان كردە خاین كە  خەڵكیان پاراست و زیانەكانیان كەم كردەوە، تەنیا ئەمەوێت راستییەكانی پەیوەست بە هێرشەكانی سەر كەركوك  و گەیاندنی  بەم رۆژە  بە كورتی بخەمە رو . 

لە دەستوری عێراقدا دە سەڵاتەكانی حكومەتی فیدراڵیی و حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەو پارێزگایانە رونكراوەتەوە كە هێشتا نەبونەتە هەرێم  كە نابێت هەرێمەكان دەست وەربدەنە ئەو  كارانەی  و تایبەتمەند و  پەیوەستن  بە ئەركەكانی حكومەتی فیدراڵ كەواتە بەو پێ یە  جێگیر كردنی هێزی پێشمەرگە  لەو ناوچانەدا دەستوەردان بوە لە كاروبار و ئەركی حكومەتی فیدراڵ (بەلێ ئەزانم بە رێككەوتن وسازان  بوە ، یان بە هۆی لاوازیی و كەمتەرخەمیی حكومەتی فیدراڵ بوە  كە ئەو ناوچانەیان چۆڵ كردبو بۆ داعش )بۆیە هەم حكومەتی فیدراڵ هەم هاوپەیمانان چاویان پۆشی و خۆیان دا لە خەتی گێلیی ,تەنانەت پێشتریش  لە ساڵی 2011 لە سەرو بەندی خۆپیشاندانەكانی بەردەركی سەرای سلێمانی كاتێك لە نزیك حەویجە  هێزەكانی پێشمەرگە  گورزیان لە تێرۆریستانی ئەو كاتەی قاعیدە  سرەواند و سەركەوتنی مەزنیان بەدەستهێنا لەو ناوچانەدا و تێرۆریستانیان بەزاند ، فەرماندەی گشتیی ئەوكاتەی  هێزە چەكدارەكانی  عێراق، لەگەڵ پیرۆزبایی و خۆشحاڵیی بۆ ئەو سەركەوتنە گلەیشی كردبو كە بۆچی هەماهەنگیی نەكرابو لەگەڵ فەرماندەییەكەیاندا لە كاتێكدا ئەوان بەشێكن لە سیستمی بەرگریی عێراق، كەواتە بۆ شەڕێك كە پێشمەرگە  لەجیاتی  سوپای عێراقیش كردویەتی دەبوایە هەماهەنگیی بكرایە، ئیتر بۆ جێگیر بونی بێ پرس و هەماهەنگیی لە ناوچەیەك چۆن لێ پرسینەوە نابێت بكرێت، بەڵام هەلومەرجەكە وابو كەنەك هەر  چاوی لێ بخافڵێنرێت  بەڵكو مەمنونیش بن كە پێشمەرگە لەو ناوچانەدا جێگیرە.

 سەركردایەتیی كوردستان لە بری ئەوەی ئەو دەرفەتە زێڕینە بكاتە دەستكەوتی زیاتر  و بەكاری بهێنێت  بۆ قازانجی كۆمەڵانی خەڵك,  كەچی كردیە بازاڕی موزایەدە و مونافەسەكردنی تەسك و كورت بینیی حزبیی و ناوچەگەرێتی بەوەشەوە نەوەستا ،بەڵكو زیاتر پێی لێ راكێشا  هەر بە بێ هیچ راوێژ و هەماهەنگییەك ئەو ناوچانەیان بە كەڵەگایی بە قەڵمڕەوی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناوزەد كرد  ئەوەبو هەنگاوە هەڵەكەیان نا و رۆژی 28-3-2017 ئاڵاكەیان لەسەر بینای پارێزگای كەركوك هەڵكرد ،لە كاتێكدا هێشتا كەركوك وەك بەسرە و دیوانیە و عەمارە  سەر بە حكومەتی بەغدادبوە ،  ئەوەش مەرام و پیلانی سەندنەوەی دەسەڵاتی كوردی لە كەركوك و ناوچەكانی تر زیاتر توند كرد و بۆیان هەڵگرتین و خستیانە ناو نانێكەوە (لەو رۆژەدا قسەی خۆمم كردوە)، كاتێك بڕیاری هەڵەی  ریفراندۆمیش هاتە پێشەوە  كە هەمو حزبە سیاسییەكان تیایدا بەرپرسیارن  (تاكە دەنگ كاك ئاراسی شێخ جەنگی بو كە داوای لەبەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد نامەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا  بەهەند وەربگرێت ،كاك بافڵ تاڵەبانیش باڵۆنێكی ئیختیباری هەڵدا، چەند نوسەرێكیش بە هێمنانە قسەی خۆیان كرد )   ، لەجیاتی دەرس وەرگرتن لەو هەڵایەی كە كرا لەسەر هەڵكردنی ئاڵاكە لەسەر بینای پارێزگای كەركوك، كەچی لە كەركوك و ناوچەكانی تری 140یش ریفراندۆمەكەین كرد و قۆڕەكەیان زیاتر خەست كردەوە ، وەك ئەوەی لاساری بكەن بەرامبەر بە ئیرادەی ئەمریكاش  بۆیە ئیتر بەرنامەی هێرش بۆ سەر كەركوك گەڕانەوەی نەبو وەك چەكێك بۆ تەمبێ كردنی كورد. 

بەر لە شانزدەی ئۆكتۆبەر  كۆبونەوەیكی گرنگ لە هاوینە هەواری دوكان بەڕێوە چو كە تایبەت بو بە تاوتوێكردن پەیامەكی ئەمریكا و بەغدا بۆ پاشەكشێی هێزەكانی پێشمەرگە لە كێڵگە و بیرە نەوتەكان و ئەو شوێنانەی تری دوای 2014 پێشمەرگە لێی جێگیر بوە، دەبوایە دوای كۆبونەوەكە دەستبەجێ كۆنگرەیەكی رۆژنامەیی رێك بخرایە  و ناوەڕۆكی كۆبونەەكە بخرایەتە رو تا هەم كۆمەڵانی خەڵك ئاگادار بن كە چ روداوێك لەبەردەمماندایە و حكومەتی فیدراڵ بە نیازی چییە ، ئیتر ئەو كاتە شانزدە ئۆكتۆبەر نە ئەكرایە  بیانویەك بۆ داپۆشینی شكستەكانی تر ,دارەكەش بەو جۆرە لەسەری ی ن ك دا ئەشكێنرایەوە  .

ئەوەش یەكێك بو لە هەڵەكانی ی ن ك خۆی  هەم بە قایل بونی بۆ ریفرادۆم بە گشتیی, بە تایبەتیی لە كركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان  ، هەم بەوەی كە پێش وەخت پەیام و هەڕەشەكانی بەر لە 16 ی مانگی بۆ خەڵك ئاشكرا نەكرد  سەرەنجام بوە قۆچی قوربانیی  و بوە مادەیەكی ئیعلامیی باش بۆ لایەنەكانی تر لەوانیشەوە خەڵكی بێ ئاگا قسەكانی ئەو ماشێنە ئیعلامییە ئەجونەوە و ی ن ك ی پێ تاوانبار ئەكەن . كەواتە پێویستە  ی ن ك زۆر بە راشكاوی  بیانوەكانی سەندنەوەی دەسەڵاتی كورد لە كەركوك   كە پیلانێك بو بۆ نابود كردنی ی ن ك لەو ناوچانە سەندنەوەی هەژمونەكەی ، بۆیە دەستبەردار بون لە قسەی بریقەدار و هەرزەیی سیاسیی  و موزایەدە  و, گرتنە بەری رێوشوێنە دەستورییەكان تاكە رێگەیە بۆ گەڕانەوەی دۆخی ئەو ناوچانە بۆ پێش شانزدەی ئۆكتۆبەر.


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.