‌دەستەواژەى شەڕى ناوخۆ پاساوێکى لاوازە
PM:08:41:15/10/2020
دابان محەمەد

دەستەواژەى شەڕى ناوخۆ هى سەرۆکى حکومەتە و  پاساوێکى زۆر لاوازە.

ئاماژە کردن بە شەڕى ناوخۆ، دەستەواژەى سەرۆکى حکومەتە، لە کۆبونەوەى 5 ى مانگ لە پەرلەمانى کوردستان بەکاریهێنا، بۆ تەئکیدکردنەوە لەو دۆخەش ڕوى کردە جێگرەکەى قوباد تاڵەبانى کە دواتر بۆ پەرلەمانتارانى ڕون بکاتەوە! بەکارهێنانى شەڕى ناوخۆ بیانویەکى لاوازە، پاساوە بۆ شکستى ئەم کابینەیە لە کۆکردنەوەى پارە و داهات بە ڕێک و پێکى، شەرعیەتدانە بەو گەندەڵى و دزییەى بەڕۆژى ڕوناک دەکرێت، (( لە کۆبونەوەیەک لەگەڵ گۆڕان، بە ڕاشکاوى بە یەکێک لە هاوسەرۆکانیان وتبو، قاچاخى و گەندەڵى لە پەروێزخان و باشماخ زیادیکردوە، راِشکاوتر وتبوى جا چیە لە ئیبراهیم خەلیل و حاجى ئۆمەران زیاتر دەکرێت)).

هێشتا یاساى چاکسازى دەرنەچوبو، پارتى هەڵایەکى گەورەى ڕاگەیاندنى دروستکرد، بەوەى ڕێگری و بەربەست ھەیە لە بەردەم چاکسازى! یەکەم ڕێگرى چاکسازى لاى خودى پارتیەوە بو، کاتێک نوسراوى فەرمى کرا بۆ وەرگرتنەوەى قەرزەکانى حکومەت، خاوەنى کۆمپانیاى کۆڕەک کە هەم ئامۆزا و هەم خەزورى سەرۆکى حکومەتە و (( 200 ملیۆن دۆلار قەرزارە))، پابەند نەبو بە گێرانەوەى قەرزەکانى بەو شێوەیەى ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتى دارایى بۆیان دیارى کردوە، خابونەوە لە وەرگرتنەوەى قەرزى سەرمایەداران ڕویدا، کە موچەى یەک مانگى فەرمانبەرانە بە بێ لێبڕینەوە.

یەکێک لە سیفەتە هەرە خراپەکانى ئەم کابینەیە، شان خاڵیکردنەوەیە لە بەرپرسیارێتى، (( 27 ملیار دۆلار قەرزارە دەڵێن: هى کابینەى پێشوە. بە یەک بڕیار موچەى پێنج مانگ پاشەکەوت کرا، دەڵێن: 3 مانگى کابینەى ڕابردوە و 2 مانگى هەوڵدەدەن بیخەنە ئەستۆى حکومەتى عێراق، بڕیارەکەش لەسەر داواى عێراق بوە. چاکسازى ناکرێت دەڵێن: بەربەست و ڕێگرى هەیە. پارە و داهاتى ئەم کابینەیە کۆناکرێتەوە و بخرێتەوە خزمەتى موچە دەڵێن: شەڕى ناوخۆ دروست دەبێت)).


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.