عێراق لەژێر رەحمەتی میلیشیادا!

‌شەنکار عەبدوڵا

دەوڵەتی عێراق؛ لەدروستبونیەوە؛ لە1921ەوە هەتا هەنوکە بەردەوام حکومی سەربازی هەبووە؛ یان ئەوەی دەسەڵاتی هەبووە و بڕیاری سەرەتا و کۆتایی داوە سەرباز بووە؛ نەک دەسەڵاتێکی مەدەنی و دیموکراسی و دامەزراوە؛ بەڵام هیچکات ئەو حوکمە سەربازییە بەقەد ئێستا کارەساتبار نەبووە.

عێراق کەلەساڵی 1914 بۆ 1918 لەلایەن. بەریتانیاوە داگیرکراوە ئەوەش پاش چوارسەد ساڵ داگیرکاری عوسمانی و دواتریش لە1920ەو بریاری دروستکردنی هەر لەلایەن بەریتانیاوە دراوە؛ لەساڵی1925ەوە بەبڕیاری کۆمەڵەی گەلان بەجۆینکردنی هەرسێ ویلایەتەکانی بەغدا و بەسرە و موسڵ(باشوری کوردستان) عێراق بەم شێوەیەی ئێستا دروستکرا و بەردەوامیش لەژێر فشار و دەستێوەردانی بەریتانیادا بووە؛ کاتێکیش کە دەوڵەت لەژێر دەستێوەردانی دەرەکیدابوو؛ هیچکات تەبا نابێ لەگەڵ میللەتەکەیدا؛ بەو هۆیەشەوە لەبری حوکمی مەدەنی و دامەزراوە؛ حوکمی سەربازی و میلیشیا جێگای دەگرێتەوە.

عێراقی نوێ؛ عێراقی فاشیستی شیعی و حوکمی میلیشیا و دەستێوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە.
هەربۆیە کاتێک کەسێکی وەک مستەفا کازمی کەدڵخوازی ئەمریکایە و دەیەوێ حکومڕانیەکی مەدەنی دروست بکا؛ ئاسان نییە؛ چونکە میلیشیا بەتەواوەتی پێگەی خۆی قایمکردووە؛ ئەم ئالنگارییە تاکە پێوەربوو بۆ تاقیکردنەوەی دەسەڵاتی کازمی؛ بەڵام سەرکەوتوو نەبوو تیایدا.

حەشدی شەعبی؛ کەمیلیشیاگەلێکی سەیروسەمەرەن لەعێراقدا؛ لەشەڕی داعشدا بەفتوایەکی ئایەتوڵا عەلی سیستانی دروستبوون بۆ بەرگری لە عێراق؛ بەڵام ئێستا بوون بەسەرەتانی عێراق و  دەوڵەتن لەناو دەوڵەتدا؛ بەشێوەیە لەشێوەکان حکومی عێراق دەکەن و بەردەوام هەڕەشە لەهەرێمی کوردستان و دەوڵەتانی ئیقلیمی و تەنانەت ئەمریکاش دەکەن؛ ئەم هێزانە ئەوەندە لەژێر فەرمانی ئێراندان؛ ئەوەندە ئامادەییان نییە بچنە ژێر فەرمانەکانی دەوڵەتی عێراق و دامەزراوەکانیەوە؛ لەبودجەی ساڵانەشدا؛ بەقەد چەند وەزارەتێکی خزمەتگوزاری بودجەیان بۆ دادەنرێ بەبێ ئەوەی هیچ کەس و لایەنێک بوێری ئەوەی هەبێ رەخنەی ئەو بڕەپارە زۆرەی حەشد بکا؛ لەترسی تیرۆرکردنی لەلایەن گروپەکانی حەشدەوە.

لەئێستادا کە نزیک دەبینەوە لە ساڵیادی کوشتنی؛ قاسم سولەیمانی؛ فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس؛ جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی؛ میلیشیاکانی حەشد؛ لەگروپە جۆربەجۆرەکانیان؛ هەر یەکەی بەشێوەیە هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لەئەمریکا دەکا؛ کازمی بەلەبەرکردنی جلی حەشدی شەعبی و ئازادکردنی دەستگیرکراوەکانیان بەتۆمەتی بۆردومانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا؛ ئەوەی پێوتین کەکازمیش لە عادل عەبدولمەهدی دەست و پێ سپیترە لەڕوبەڕبونەوەی هەژمونی حەشدی شەعبیدا.

دارۆن ئاسمۆگلو و جەیمس ڕۆبینسۆن لە؛ کتێبی ڕاڕەوە باریکەکەی سەربەستی: چارەنووسی سەربەستی لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگا دا؛ دەڵێن؛ سەربەستی لە سایەی دەوڵەتی بەھێزو کۆمەڵگای بەھێزدا گەشە دەکات و بەردەوام دەبێت؛ لاوازی دەوڵەتیش ئاژاوە و ئەنارکی و بەرەڵایی و توندوتیژی و لاوازی کۆمەڵگاش زۆرداری و دیکتاتۆری دەوڵەت و حکومەت دروست دەکا.

ئەو نوسەرانە دەشڵێن؛ دەوڵەت سێ ئەرکی سەرەکی ھەیە کە بریتین لە کۆنترۆڵکردنی توندوتیژی و جێبەجێکردنی یاساو دابینکردنی خزمەتگوزاریی گشتی.

ئەگەر دەوڵەت نەیتوانی یەکێک لەم سێ ئەرکە جێبەجێبکات، ئەوە ئەو دەوڵەتە بە دەوڵەتی شکستخواردوو دادەنرێت و لە داڕمانی تەواوە نزیک دەبێتەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە؛ کەسەرکردەیەکی حەشدی شەعبی؛ هەڕەشەی گوێبڕین لەکازمی دەکا؛ کازمیش دەستەوسانە و سەیری ئەوگروپانە دەکا؛ ئەم گروپانە حەشد نەک هەر چارەنوسی کازمی بەڵکو چارەنوسی عێراقیش بەرەومەترسی دەبەن؛ دیارنییە دوارۆژی ئەم وڵاتە بەچ قەدەرێک دەسپێردرێت؛ بەتایبەتی کەدۆخی ئابوری عێراقیش لەلێواری هەرەسهێناندایە.

بۆیە گرنگە هەرێمی کوردستان چیتر؛ هیچ ئومێدێکی بەم عێراقەدا هەڵوانەسێ و هەرچی زووترە خۆی یەکبخا و چاکسازی هەمەلایەنە و کۆنترۆڵی دەروازە سنورییەکان بکا و بەتەواوی گرێبەستەکاندا بچێتەوە؛ بەئاراستەی زیادکردنی داهات و بەهەدەردانی کەمتر؛ بەوەش هەرێمی کوردستان زیاتر پشت بەخۆی دەبەستێ و بەوشێوەش دەتوانین لەمەترسین کەوتن لەگەڵ عێراقدا رزگارمان بێ و خۆشمان وڵاتێ خۆمان بینا بکەین و پێشی بخەین.


AM:10:54:30/12/2020

ئه‌م بابه‌ته 2000 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی