کێ رێکناکەوێ و کێ پابەندی رێککەوتن نابێ؟

‌شەنکار عەبدوڵا

لەعێراقی نوێدا لەساڵی 2005ەوە دوای نوسینەوەی دەستوور و دواتریش پەسەندکردنی؛ کەتیایدا مافەکانی هەرێمی کوردستانی دیاریکردووە و لەبەرامبەریشدا پابەندییەکانی دیاریکردووە؛ دوای ئەوەی لایەنە عێراقیەکان بەتایبەتی فاشیزمی شیعی هەستی بەوپێشکەوتنە بەرچاوەی هەرێم کرد؛ بە لەسەدا 15 کەمتری بودجەی عێراق؛ بەڵام ئەوان بەلەسەدا85ی  ئەو بودجە زۆرەی عێراق نەیانتوانیوە بەیەک لەسەر 10ی هەرێم پرۆژەی ستراتیژی و ئاوەدانی بگەیەننە شاروشارۆچکەکان و تەنانەت زۆرینەی ئەو بودجەیە بەهەدەردراوە و شتێکی وەهای لێسەوز نەبووە؛ ئەمە لەلایەک

لەلایەکی ترەوە؛ پەیوەندییەکانی هەرێم و وڵاتانی ئیقلمی و نێودەوڵەتی؛ قەرەباڵخی ترافیکی هەولێر؛ بەجۆرێک بوو؛ کەمالیکی لەچاوپێکەوتنێکی کەناڵی ئێن ئاڕ تی لەساڵی 2014دا وتی؛ ئێستا دەبێ بڵێین عێراق سەربە هەرێمە؛ لەسەردەمی مالیکیشدا پەنا بۆ فشاری بڕینی بەشە بودجەی هەرێم برا؛ هەتا سەری مالیکی خوارد؛ دوای مالیکیش عەبادی بەردەوام بوو لەسەر هەمان سیاسەتی  ملهوڕی و سزادانی هەرێم؛ ئەم سیاسەتە سەری ئەویشی خوارد؛ ئێستاش کەسەیری وێنە گشتییەکە دەکەی؛ بەئاسانی دەگەی بەو دەرئەنجامەی کەهەمان مەیلی عەبادی و مالیکی بەفۆڕمی تر خۆی دووبارە دەکاتەوە و ئەمجارەیان لەلایەن چەند لایەنێکەوە؛ کە ڕەوتی سەدر ڕابەرایەتی ئەم سزایە دەکا و ئەوەش بەشەقامی شیعی دەفرۆشێتەوە بۆ هەڵبژاردن؛ بەو هۆیەشەوە دەیەوێ قەوارەی هەرێم بخاتە مەترسیەوە یان لەقاڵبی بدا؛ چونکە پێشکەوتنی هەرێم لەچاو عێراقدا هەمیشە بووەتە ڕەخنەی جدی لەسەر ئەوان چ لەناوخۆ و چ لە دەرەوەش؛ بۆیە هەستدەکرێ فاشیزمی شیعی ئێستا هەم لەدەستووری هەمیشەیی عێراق پەشیمانە و هەمیش فیدراڵی بەهەرێم ڕەوا نابینێ؛ بەڵام هەموو ئەم فشارانە بۆ بڕینی ئەو بەشە بودجەوەیە کە مافی دەستووری و بێ چەندو چۆنی هەرێمی کوردستانە و دەیانەوێ بەم بڕین و سزادانی هەرێمە؛ لەشەقامی شیعیدا خۆیان بکڕنەوە؛ بەداخەوە توڕەبونی شەقامی شیعیش لەکورد بەشێکی بەهۆی لێدوان و چاوپێکەوتنەکانی بەشێک لەو پەرلەمانتارە کوردانەبووە کەهەمیشە هەرێمیان بەدز و تاڵانچی ناوزەدکردووە و چاویان نوقاندووە لەو هەمووە دزییەی بەغدا کە سەد قات زیاتر بووە.

هەرێمی کوردستان و عێراق لەماوەی دووساڵی ڕابردوودا دوو رێککەوتنیان کردووە؛ رێککەوتنی یەکەمیان لەگەڵ حکومەتەکەی عادل عەبدولمدهدی لەمانگی 12ی 2019دا بووە و ماوەی ساڵێک بەشەبودجەی هەرێم هات؛ هەتا دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان و دواتر عەبدولمەهدی لەکار لابرد؛ بەوهۆیەوە جارێکی تر بەشە بودجەی هەرێم بەقەد سپێدرایەوە؛ هەتا هاتنە سەرکاری کازمی و رێککەوتن لەگەڵ کازمی لە 15ی 8ی 2020 دا؛ لەو ماوەیەشدا بەشە بودجەی هەرێم هاتووە و چەندجارێ 453 ملیار دینار بووە و دواتریش بەهۆی کورتهێنانی زۆرەوە ئەم بڕە کەمکرایەوە بۆ 320 ملیار دینار؛ جگە لەو ماوەیە کەکێشەی دارایی هەبوو لە عێراقدا؛ رێککەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێکراوە و بڕیار بووە هەتا پەسەندکردنی بودجەی 2021 بەردەوامبێ؛ بەڵام بەهۆی پەسەندکردنی یاسای قەرز؛ بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان لەپەرلەمان جارێکی تر کێشە بۆ پشکی هەرێم دروستبوو؛ هەربۆیە ئێستا هەرێم؛ شەش بەشە بودجەی لەلای حکومەتی عێراقە و کازمیش لەترسی لایەنە شیعەکان ناوێرێ بینرێ.

هەرچەندە ماوەی 20 رۆژ شاندی هەرێم لەبەغدابوو؛ بەلایەنە سیاسیەکانیان وتووە کەئەوان هاتوون پابەندبن بەیاسای قەرزەوە؛ بەڵام هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتووە؛ تەنیا لەپرۆژە یاسای بودجەدا پشکی هەرێم دیاریکراوە و ئەمەش دراوەتە دەستی پەرلەمان؛ ئەو شوێنەی کەپاڵەوانبازیی جێگای بەکاری سەرەکی پەرلەمانتاران لەقکردووە؛ واتە ئەمەش کەوتووەتە گۆشەی سەرەکی ململانێکانەوە.

بەوتەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی؛ جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری هەرێم هیچ بیانویەکیان بۆ لایەنە عێراقیەکان نەهێشتووەتەوە؛ ئەمەش بۆ ئەوە بوو تاچیتر لایەنە عێراقیەکان و بەشێک لە پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا ئۆباڵی ئەو دۆخە نەخەنە ئەستۆی حکومەتی هەرێم.

وەڵامنەدانەوەی لایەنە عێراقیەکان جگە لە شۆکبونیان بەئامادەی هەرێم؛ بەڵگەی روون و ئاشکرایە بۆئەوەی کەلایەنە شیعییەکان بەهۆی ئەوەی کەهەڵبژاردنیان لەپێشە و لەلایەکی ترەوە دەیانەوێ ئەو بەشە بودجەی هەرێم؛ کەزۆر کەمترە لەماف و شایستە داراییەکانی هەرێم بکەنە کارتی فشار بۆ لاوازکردن و تێکشکاندنی ئیرادەی هەرێم؛ بەڵام زەحمەتە هەرێم بکەوێتە سەرچۆک و ئەو خەونەی ئەوانیش کەلەدوای 2005ەوە پێوە دەتلێنەوە ببێتە واقیع.


PM:01:15:25/12/2020

ئه‌م بابه‌ته 2176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی