دەوڵەتى کوردیی دادەمەزرێنن، ئەو...

‌د.چواس حسن

کاتێک سوڵتان محمدى دووەم، بەسوپایەکى دەیان هەزار سەربازییەوە گەمارۆى شوراکانى قوستەنتینیە (ئەستەمبوڵ)ى دابوو و دەیەوویست بیگرێت، سەرۆک وەزیرانەکەى دەیوویست پەشیمانى بکاتەوە، ئاخر قوستەنتینیە قایمترین شارى جیهانى ئەوسەردەمە بوو، خەندەقێکى بیست مەتر پان دەورى دابوو کە قوڵایی ئاوەکەى دە مەتر بوو، سێ شوراى پێنج مەتر پانى بیست مەتر بەرزى یەک لەدواى یەک دەوریان دابوو، ئەوە نزیکەى ١٢٠٠ ساڵ بوو پایتەختى ئیمپراتۆریەتى بێزەنتى بوو. 

هەر بەڕاستى ئەوە خەونێکى گەورە بوو بۆ سەرکردەیەک کە تەمەنى هێشتا ٢١ ساڵى تێنەپەڕاندبوو و تەنها ٣ ساڵ بوو ببووە سوڵتان، ئاخر کوێڕا فریاکەوت کە خەونێکى وا گەورە ببینێت و خۆیشى بۆ ئامادەبکات و بیەوێت بیشیهێنێتەدى، ئەوە قوستەنتینیە بوو قوستەنتینییە.

بەڵام موحەممەدى دووەم گوێى لەقسەى سەرەک وەزیرانەکەى نەبوو، بەڵکو لەبەر خۆیەوە حەدیسێکى پێغەمبەرى ئایینەکەى (ئیسلام)ى دەووتەوە (لتفتحن القسطنطینیة فلنعم الامیر امیرها ولنعم الجیش ذلک الجیش) بەواتاى (قوستەنتینیە دەگرن و ئەو ئەمیرەش باشترینە و ئەو سوپایەش باشترینە کە ئەوە ئەنجام دەدەن)، بەڵێ ئەو حەدیسەى کە تەنها دێڕێک بوو، بەس بوو بۆ ئەوەى لەسەردەمێکدا کە ئیسلام هێشتا لە شارێکى بچووکى وەک مەدینە واوەتر نەڕۆیشتبوو، بەڵام خەونى گرتنى پایتەختى گەورەترین ئیمپراتۆریەتى جیهانى ئەو سەردەم لە دڵى پەیڕەوانیدا بچێنێت، بەشێوەیەک کە لەماوەى ٨٠٠ ساڵدا، (١١)جار سوپاکانى ئیسلام بەگژ ئەو شورا قایمانەى قوستەنتینییەدا چوونەوە و لەبن دیوارەکانیدا گیانیان دەبەخشی، بەبێ ئەوەى وازبێنن یان پێیان وابێت ئەوە لەتواناى ئەواندا نیە.

 
سوڵتان ناحەقى نەبوو کە گوێبیستى سەرۆک وەزیرانەکەى نەبوو, چونکە کاتێک هێشتا منداڵ بوو، مامۆستاکانى (مەلا احمدى گورانى و شێخ آق شمس الدین) لەسەر هێنانەدى تەنها ئەو خەونە پەروەردەیان کردبوو، کە دەبێت ئەو پێشبینیەى پێغەمبەرى ئیسلام لەودا بێتەدى و کارى ئەو تەنها ئەوەیە کە ئەو خەونە بکاتە راستى. بۆیە کە بووە سوڵتان ئامادەبوو، خەونى تەواوى پێ بوو بۆ سەڵتەنەتەکەى، ئەویش گرتنى قوستەنتینییەو لەئەرزدانى ئیمپراتۆریەتى بێزەنتى  بوو.

کاتێکیش ٥٥ رۆژ (٥ نیسان تا ٢٩ ئایار ١٤٥٣) گەمارۆى قوستەنتینییەى دابوو، چەند جار مەرگى بەچاوى خۆى بینى، لەگەڵ هەر نووشست و بێ ئومێد بوونێکیشدا، ئەوە ووتە تاکە دێڕیەکەى پەیامبەرەکەى بوو، کە هێزى بەبەردا دەکردەوە و پتر یەقینى دەدایە کە دەبێت دیوارەکانى قوستەنتینییە ببڕێت و دەست لەقوڕگى ئیمپراتۆریەتەکەى گیربکات و بۆ هەتایە هەناسەى لێ ببڕێت.

بەڵێ ئەوە خەونى گەورەیە کە مێژوو دروست دەکات، بگرە مێژوو خۆى گێڕانەوەى بەدیهێنانى خەونە گەورەکانە، کۆڵنەدانە گەورەکانە، بڕیارە گەورەکانە، وەک خەونى دەوڵەتى کوردیی من کە ئەمیرەکانى نەتەوەی من (......و شێخ عبدالسلام بارزانى و شێخ مەحمود و قازى و بارزانى باوک و کوڕ) بەسوپاى گەلى کورد و پێشمەرگەکانیەوە پتر لەسەدەیەکە دەیانەوێت شورا پان و بەرین و قایمەکانى نەخشەى سایکس بیکۆ ببڕن و بیهێننەدى.
دەوڵەتى کوردیى دادەمەزرێنن، ئەو ئەمیرەش باشترینە و ئەو سوپایەش باشترینە کە ئەوە ئەنجام دەدەن.
یادى ریفراندۆم پیرۆز.


PM:09:08:25/09/2020

ئه‌م بابه‌ته 1880 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی