په‌ره‌گرافێكی په‌ڕیو له‌بیره‌وه‌ریه‌كانی سه‌رۆككۆمار
زاگرۆس رێباز
دەگوترێ سەرۆككۆماری پێشووی عیراق بەنیازە بیرەوەریەكانی سەرۆكایەتی بنووسێتەوە، جا پێش ئەو، من بیرەوەریەكی خۆشم هەیە لەگەڵ جەنابیان دڵنیام په‌ڕیوه، بڵاویدەكەمەوە، بەڵكو بیخاتە ناو كتێبەكەیەوە.
با به‌شه خۆشه‌كه‌ی به‌سه‌رهاته‌كه به‌سه‌ره‌قه‌ڵه‌مێك هه‌ر زوو ئاشكراكه‌م. به‌دیاریكراویش نازانم هه‌ستێكی چۆنه، به‌ڵام بێ‌تامترین ئیهانه بەخۆم و مێژووی خانەوادەكەم كرابێ لەلایەن كۆشكی سەلامی سەرۆككۆماری عیراقەوە بووە. ئه‌مه‌یان دێنێ مرۆڤ پۆزی پێ لێ‌بدا.
دوای خوێندن كە لەئەمریكا گەڕامەوە، تازە دكتۆر فوئاد مەعسوم ببوە سەرۆككۆمار، هاوڕێیەكی ئازیزم پێشنیازی كرد بچم بۆ بەغداو لە كۆشكی سەلام پۆستێك وەرگرم. گەلێكی لێ مەمنوونم؛ زۆر دڵسۆزانە پەیوەندیەكانی خستەگەڕ و سیڤی و ژیاننامەو بەیانـــحاڵی منی لەگەڵ خۆی بردبوە لای جەنابی سەرۆككۆمار. دوای ماوەیەك لەئۆفیسی سەرۆككۆمارەوە كە لەلایەن دكتۆر جوان فوئاد مەعسوم بەڕێوەدەبرا پەیوەندیم پێوەكرا كە بچمە بەغدا بە مەبەستی ئەنجامدانی دیدارێك لەگەڵ سەرۆككۆمار وەك ئامادەسازیەك بۆ دامەزراندن. چووم. له ژووری سه‌رۆكی وڵات، من و ئه‌و بووین به‌ته‌نها، دیدارەكەش باش بوو، بۆ من مێژووییش بوو، چونكه ئه‌و سه‌رۆككۆماره یه‌كه‌م سه‌رۆككۆماری وڵاتێكه كه دانیشیم له‌گه‌ڵیدا قاوه بخۆمه‌وه. ره‌نگه دووباره نه‌بێته‌وه، لانیكه‌م دووبه‌دوویی و قاوه‌كه دووباره نابنه‌وه. جەنابی سەرۆككۆمار بیری كەوتەوە كە پێشتریش سوودی لەخزمەتەكانی من بینیوە، بەتایبەت لەكاتی نووسینی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی ناوەندی ی٠ن٠ك كە ئەوكات جەنابیان بە پەرلەمانی ناوخۆی یەكێتی ناوی دەهێنا. ئەو پەیڕەوە بەئامادەكردنی دكتۆر فوئاد مەعسوم و بە پەنجەكانی من له ئۆفیسی خۆی له‌به‌غدا نووسراوەیەوە. ماوەی نێوان ساڵی ٢٠٠٣ـــ٢٠٠٧ من هەم خوێندكاری زانكۆی بەغداو هەم بەرپرسی هونەریی رۆژنامەی ئیتیحاد و هاوكات بەرپرسی رێكخستنەكانی خوێندكارانی كوردبووم لەزانكۆی بەغدا و لەگەڵ دكتۆر فوئاد مەعسوم كە سەرۆكی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان بوو لەبەغدا لەگەرەكی یەرموك، كۆمەڵگای وەزیران، ماڵمان ماڵێك بوو دیوارمان بەین بوو.
لەو ماوەی نێوان ئەو چوار ساڵە، چەندین جار لەمەرگی حەتمی رزگارم بوو؛ زۆر نیوەشەو چاپی رۆژنامەی مامی سه‌رۆككۆمار و زمانحاڵی یەكێتیم ده‌بردە ناو چاپخانەكانی شارع سه‌عدون - ناوچەی بەتاوین بۆ چاپ. بەغدا ئەوكات نائارامترین و مەترسیدارترین شاری سەرگۆی زەوی بوو. له‌ماڵه‌وه فشاریان هێنا كە خوێندنەكەم بگوازمەوە بۆ زانكۆیەكی هەرێمی كوردستان، بەوپێیەی ئەوكاتیش تەنها زانكۆی سەڵاحەددین كۆلێژی یاسا‌و زانستەسیاسیەكانی هەبوو، ناچار، دەبوو لەبەرخاتری دڵی ئازیزانم هەوڵێك بدەم. له‌هه‌ولێر پێیانفەرمووم دەتوانن بمگوازنه‌وه بەتەنها مەرجی ئەوەی ببمە ئەندامی یەكێتیی قوتابیان و بۆیان ئیمزابكەم كە خزمەت بەوان دەكەم. وەڵامی من لەحزووری چه‌ند كه‌سێك كه ره‌نگه ئه‌م نووسینه‌ش بخوێننه‌وه و شایه‌د لایكیشی بكه‌ن ئه‌وه بوو كه نابم بەپارتی ئەگەر بمبەنە جێگای هۆشیار زێباریش كە وەزیری دەرەوەی عیراقەو بەرزترین پۆستێكە هەر دەرچوێكی زانستە سیاسیەكان ئارەزووی بكا.
وەلحاڵ، بێینه‌وه به‌غدا، لەمیانی دیدارەكەدا، سەرۆككۆمار پێی‌گوتم كە من لەئۆفیسی جەنابیان ئەركەكانم چی دەبن و چۆن دەژیم، ئەودەمیش فەرمووی كە لە نووسینەوەی بیرەوەریەكانی دەتوانم هاوكاریەكی باشی بكەم.
هەفتەیەك لەبەغدا مامەوەو دواتر ئۆفیسی سەرۆككۆمار كە هێشتا شوێنی حەوانەوەو كاری منی تەرتیب نەكردبوو بەو هاوڕێیەی منیان راگەیاندبوو كە تا دەرچوونی فەرمانی دەستبەكاربوونم دەتوانم بگەڕێمەوە كوردستان. گەڕامەوە كوردستان. فەرمانی دەستبەكار بوونم هەرگیز دەرنەچوو. تومەز خێرومەندێك شەوێك بەر لە رۆژی ئیمزاكردنی فەرمانەكە تەلەفونی بۆ سەرۆككۆماری عێراق كردووەو پێیڕاگەیاندووە كە ئاگاداربێ لە دامەزراندنی زاگرۆس، چونكە زاگرۆس پارتیە.
پێكه‌نینه‌كه هه‌ڵگرن بۆ دوایی.
لەسەر ئەم گۆی زەویە هەر تۆمەتێكی دیكەم درابایەپاڵ بەلامەوە ئاسایی تر بوو لەپارتی بوون. لەگەڵ رێزم بۆ پارتیەكان. پارتایەتی بۆ ئەوان رەنگە ئاسایی و بگرە مایەی شانازیش بێت، بەڵام بەلای منەوە، بۆ من و بازنەی نزیكی هاوڕێ و دۆستانم قەت وانیە.
دوای سێ مانگ لەو تەلەفوونە شوومە بوختاناویە، جەنابی سەرۆككۆمار داوای لێدەكرێ لەسەر ئیمزانەكردنی فەرمانی دامەزراندنم روونكردنەوەیەك بداتە ئەو هاوڕێ بەڕێزەم. جەنابی سەرۆككۆماریش پێیدەڵێت تەلەفونێكی بۆ هاتووەو ئاگاداركراوەتەوە كە زاگرۆس دانەمەزرێنێ چونكە %@#@&%$^&. ئەو هاوڕێ ئازیزەم دوای ٣ مانگ و منیش پێنج رۆژ بەر لەكۆتاییهاتنی خولی سەرۆكایەتیی فوئاد مەعسوم هۆكاری دانەمەزراندنی خۆمم زانی. تۆمەتەكە بێبنەمابوو.
گوایه له‌بێبه‌ختی من و تێكه‌ڵوپێكه‌ڵی ده‌فته‌ری سه‌رۆككۆمار، ناوی منیان له‌گه‌ڵ هی كه‌سێكی دی لێ تێكه‌ڵ ببوو. كه‌سێكی دی كه ئه‌ویش ناوی زاگرۆس بوو، ئه‌ویش له‌په‌رله‌مان بوو، زاگرۆس ئەحمەد كەمال، راوێژكاری سەرۆكایەتیی پەرلەمان، لەسەردەمی كەمال كەركوكی بە رەسمی جێگری بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان و بە حزبیش بەرپرسی راگەیاندنی كەمال كەركوكی بوو، ئەو زاگرۆس ئەحمەد كەمال بوو، من زاگرۆس رێبازم، دوو مرۆڤی جیاوازین. ئه‌و له من قه‌ڵه‌وتره، باڵام قولانجێك له‌و به‌رزتره، ئه‌و پۆستی هه‌یه، من نیمه، ئه‌و خه‌ڵكی پایته‌خته، من رواندزیم، عه‌ینه‌كیه، من نا، جیاوازیمان زۆرن، رێزێكی زۆرمان له‌به‌یندایه؛ له‌هه‌مووی گرنگتر ئه‌و پارتیه، من هه‌رگیز له‌ژێر هیچ فشارێك و به‌هیج نرخێك نابمه پارتی. هه‌رگیز، هه‌رگیز، هه‌رگیز. ئه‌م به‌ڵێنه‌م بۆ تۆمار بكه‌ن و له‌سه‌رم بكه‌نه ماڵ.
جا كە لەئۆفیسی سەرۆككۆمارەوە خەبەریان نەدامەوە، لە كوردستان سیڤیەكەم پێشكەشی شوێنی دیكه كرد‌و بوومە بەرپرسی پەیوەندیەكانی كۆنسوڵگەریەكی ئەوروپی. تا لەوێش دامەزرام پارتی دیقی پێ‌كردم. چیرۆكی به‌ربه‌سته‌كانی پارتی لەدامەزراندنم و مەینەتییەکانی پۆستەکەشم لەکونسڵگەرر با بمێنێ بۆ کاتێکی دیکە.
AM:11:36:25/11/2018
ئه‌م بابه‌ته 1690
جار خوێنراوه‌ته‌وه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی