سەرۆک و گۆرانی لەیدی گاگا و جێنیفەر لۆپێس

‌ هاوڕێ تۆفیق

وڵات بەس سیاسییەکان دروستی ناکەن و نایبەن بەڕێوە، وڵات بەس لەسەرەوە لەلایەن کاربەدەستەباڵاکانەوە نابرێت بەڕێوە، بەڵکو زیاتر لە خوارەوە لەلایەن خەڵک و توێژە پێشەنگەکانەوە ئەبرێ بەرێوە.ھونەرو کولتور پایەیەکی سەرەکین، ھیچ دەوڵەت و گەلێک بە مانا شارستانییەکەی نابن بەگەل و دەوڵەت، ئەگەر خاوەنی ھونەرو کولتوری بەرز نەبن، گۆرانبێژ و ئەستێرەکانی سینەما و ڕۆماننووسەکان لەھەموو چرکەساتێکی ژیانی دەوڵەت و گەلدا ئامادەن، ھەر وەکو خوێن لە دەمارەکانی ژیانی کۆمەڵدا دێن و دەچن. 

لەڕێورەسمی ھەڵبژاردنی بایدن بۆ سەرۆکی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، لەو رێورەسمە مێژووییە جیھانییە گرنگەدا گۆرانی لەوێ بوو! ھەردوو گۆرانیبێژ  (لەیدی گاگاو جۆنیفەر لۆپێس)، ھەر یەکەیان بە گۆرانییەک بەشداربوون، ئەو گۆرانییە بە جیھانی ووت ؛ ئەمریکای  مەزن، تەنیا بە چەکی نەوەویی و پیشەسازی و دۆلار مەزن نیە، بەڵکو لە پاڵیدا ھونەری ھەیە، گۆرانیی ھەیە، ئەستێرەکانی ھۆلیودی ھەیە، لە پەراوێزی ئەو ڕێورەسمە پرۆتۆکۆڵیە گرنگەدا بۆ کورد و زۆر گەلی تر وانەو پەندو پەیامی گرنگی تیابوو، کە لێیانەوە فێرببین، ئەو ڕێوڕەسمە پێی وتین دەوڵەتداری بە تەنیا وەزارەت و داودەزگاو و سەرباز و دادگا نییە. بەڵکو خاڵی جیاکەرەوەی دەوڵەتێکی پۆلیسی و شارستانی، ھونەوکولتورو ئازادییەکانە. 

ئەگەر بە خەیاڵ  بیرمان بفرێنین! چەند جوان بوو لەڕێورەسمی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان  گۆرانی و موزیک و سەرۆک پێکەوە هەبوونایە، چەند جوان بوو ناسری رەزازی، یان خالقی ،نەریمان بابان،  عەدنان کەریم ،ئەیوب عەلی، دیاری قەرەداغی، پەیوەند جاف، چۆپی فەتاح ھەڵویست، ھەر کامێک لەوان گۆرانییان بگوتایە، دیارە  ناوھێنانی ئەو گۆرانیبێژانە تەنھا بۆ نمونەیە، ئەگەرنا زۆر ھونەرمەندی ئەستێرەی تریشمان ھەیە. من ڕۆژانە تامی ئەو تاڵیە نۆش ئەکەم کە وڵاتەکەمانی پیاتێئەپەڕێ ، ئەزانم موچە نییە، خزمەتگوزاری بەپێی پێویست نییە، سەروەری قانون نییە، بەڵام لەگەڵ ھەموو ناخۆشیانەدا، نابێ بەتەنھا دیوە ئابوریی و سیاسییەکانی کێشەکان ببینین و ڕووەکانی تری فەرامۆشبکەین، بڵێین مادام موچەو خزمەتگوزاری نییە، ئیتر نابێ جارێ باسی ھیچی تر بکەین.

کورد ھیچ ھەنگاوێکی شایستەی بەداخەوە بۆ دروستکردنی سیستەم نەناوە. کورد میللەتێکی دەربەدەرو داگیرکراوبووە، بۆیە ھیچ پەنچەمۆرێکی ژیاریی لەرووی ھونەرو تەلارسازیی بەجێ نەھێشتووە،خاوەن شکۆ، پاشا شێخ مەحمودی حەفید گلەیی لێ ناکەین کە بۆچی تەلارێکی شاھانەی بۆ بەجێنەھیشتین؟ ھەتاوەکو ئێستا بە مناڵەکانمان و گەشتیار و دنیا بڵێین، ئەوە کۆشکی پاشاکەمان بوە، یان ئەوە ماڵی ئۆپێرای موزیکەمانە. بەڵام لەسەردەمی حکومەتی کوردستاندا، کە چوارچێوەیەکی دەستووری دانپیانراوە، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ھەموو ساڵە، ئەگەر کێشەکانی کارەباو ڕێگاوبانت پێ چاک نەکراوە، بەڵام بەلایەنی کەمەوە ئەتوانرا سەرۆکایەتی ھەرێم، یان پەرلەمان قانونێکی پرۆتۆکۆڵی بۆ ڕێورەسمی دەستبەکاربونی سەرۆکی ھەرێم بە شێوەیەکی شارستانی و رێکخراو و جێگیر دەربکردایە. رەنگە کە ئەم نوسینە ئەخوێنیتەوەو موچەت وەرنەگرتوە! نیگەران بیت و بڵێیت، ئەوە باسی چی ئەکەی؟ منیش بە ئاسانی ئەڵێم ؛باسی سەرۆکی ھەرێم و سیاسیەکان ناکەم، باسی دروستکردنی سیستەم بۆ وڵاتەکەم ئەکەم، باسی دروستکردنی شارستانییەت و خەڵک ئەکەم. ئەمەوێت بڵێم ماکینەی مێژوو بەس سیاسییەکان نین، گۆرانیبێژەکانن، ئەستێرەکانی فیلم و شانۆن، موزیکزان و ئەدیبەکانن.

دەبوو کوردستان پێش ھەر گەل و نەتەوەیەکی تر ھونەر و ئەدەب و کولتوری بکردایە بە کاری یەکەم و سەرەکیی حکومەت. بەندە لەپەراوێزی ئەم نوسینەدا  لە داھاتویەکی نزیکدا ڕەشنوسی پرۆژە قانونی پرۆتۆکۆڵی دەستبەکاربوونی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئامادە ئەکەم و لەلای خۆمەوە بڵاوی ئەکەمەوە. بەشێوەیەک ئاوێتە ببێ لەگەڵ ھونەر و کولتور، جگە لەڕووە پرۆتۆکۆڵییەکانی تر .ئەمەش بۆ ئەوەیە کە ببێ بە قانون و بنچینەیەکی چەسپاو جێگیر بێ بۆ پایەکانی دەوڵەتداری، نەک لەبەر خاتری ھیچ سیاسییەک.


PM:11:39:20/01/2021

ئه‌م بابه‌ته 1840 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی